دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر تەرمی هاووڵاتییانی کورد و تەرمەکان رادەستی بنەماڵەکانیان ناکات و ئەوەش وەک سیاسەتێک لە دژی بنەماڵەکان و کۆمەڵگەى کوردستان بەڕێوەدەبات.
محەمەد نوری ئاسلان ساڵی ٢٠١٧ لە گەڤەر کۆچی دوایی کرد. بنەماڵەی ئاسلان ماوەی ٤ ساڵە ناتوانن تەرمی رۆڵەکەیان وەربگرنەوە.
دەزگا پەیوەندیدارەکان زانیارییان پێنادەن، کە ئاخۆ ئاسلان لە ژیاندا ماوە یان نا.
لەگەڵ ئەوەشدا مزەفەر ئاسلان دەڵێت، براکەی گیانی لەدەستداوە و ئەوەیان لە هەژماری میدیای دیجیتاڵی جەندرمە و پۆلیس لە مانگی ئازاری ٢٠١٧دا بۆ روون بووەتەوە.
مزەفەر ئاسلان ڕایگەیاند، لە ماوەی ٤ ساڵ دا سەردانی هەموو دام و دەزگاکانی دەوڵەتیان کردووە، بەڵام هیچ ئەنجامێکیان بەدەستنەهێناوە و سوورن لەسەر کۆتاییهێنان بەو دۆخە نادیارە. ئاسلان ڕاشیگەیاند، هەواڵی شەهیدبوونی براکەی لە میدیاکانی تورکیاش بڵاو کراوەتەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان ئەمە قبوڵ ناکەن و بە شێوەیەکی خراپ مامەڵە لەگەڵ بنەماڵەکەماندا دەکەن.
"پشکنین بە ڕووتی"
مزەفەر ئاسلان ئەوەشی ڕایگەیاند، لە کاتی بیستنی شەهیدبوونی براکەیان دا زانیاریی تەواو روون و دڵنیاکەرەوەیان بەدەست نەگەیشتووە و وتی، "کاتێک هەواڵی ئەو بابەتەمان بیست دەستبەجێ سەردانی داواکاری گشتیمان لە گەڤەر کرد. بێگومان نزیکبوونەوە و مامەڵەیان لەگەڵ ئێمە زۆر خراپ بوو و یارمەتییان نەداین. تا ئێمە خۆمان گەیاندە ئەوێ (لای داواکاری گشتی)، ئەوان لە زۆر شوێندا ئێمەیان رووتکردەوە و بە رووتی دەیانپشکنین. دوای ئەوە، کە ئێمە سکاڵای خۆمان تۆمار کرد، پێیان وتین، ئاگادارتان دەکەینەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان پێنەداوین و ئاگاداریان نەکردوێنەتەوە".
'با چارەنووسی براکەم ئاشکرا بکرێت'
ئاسلان باسی ئەوەشیکرد، پێشتر داواکاری گشتی گەڤەر ناردونی بۆ وان و مەلەتییە، بەڵام لەو شوێنانەش هیچ ئەنجامێکیان دەست نەکەوتووە و وتی: "براکەمیان کوشتوە، یان نا، ئێمە هیچ زانیارییەکمان نییە. ئەگەر کوژراوە دەبێت پێمان بوترێت تەرمەکەی لە کوێیە، چونکە ئێمە دەمانەوێت بزانین و ئەوەمان دەوێت، کە تەرمەکەى لە کوێیە. تا ئێستا ئێمە چارەنووسی براکەمان نازانین. ئەگەر گۆڕێکی هەبێت دەمانەوێت بزانین، ئەگەر لە دەستی دەوڵەتدایە دەمانەوێت ئەوەش روون بێتەوە و بیزانین. ئێمە بۆ هەموو شتێک ئامادەین".
ژ.ت