بەردان ئۆزتورک: ئەوەی لە رۆژئاوا دەپارێزرێت شکۆی هەمووانە
بەردان ئۆزتورک هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر رۆژئاوا هەڵسەنگاند و وتی، "ئەوەی لە رۆژئاوا دەپارێزرێت شکۆی هەمووانە. بەبێ یەکڕیزی ناتوانین شکۆی خۆمان بپارێزین".
بەردان ئۆزتورک هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بۆ سەر رۆژئاوا هەڵسەنگاند و وتی، "ئەوەی لە رۆژئاوا دەپارێزرێت شکۆی هەمووانە. بەبێ یەکڕیزی ناتوانین شکۆی خۆمان بپارێزین".
پەرلەمانتاری پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) بەردان ئۆزتورک هێرشەکانی تورکیا و چەتەکانی سوپای نەتەوەیی سوریا (سمۆ)ی بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هەڵسەنگاند. ئۆزتورک ئەوەی خستەڕوو، کە دەسەڵاتداری ئێستای تورکیا لە ناوخۆ و لەدەرەوەش لە سەر بنەمای دوژمنایەتی کورد سیاسەت دەکات و رایگەیاند، ئەو دەوڵەتە لە سیاسەتی دەرەوەدا وزەی خۆی بۆ پاکتاوکردنی شۆڕشی رۆژئاوا بەکاردەهێنێت. بۆ ئەوەش سود لە ناکۆکی هێزە هەژمونگەراکان و دەوڵەتانی ناوچەکە وەردەگرێت".
ئۆزتورک بەبیری هێنایەوە کە تورکیا چەندین ساڵە چەتەکانی بەخێو کردووە، دوای روخانی رژێمی ئەسەد راستەوخۆ ئەو چەتانەی ئاراستەی تل رەفعەت و منبج کردووە و ئەوەشی دەری دەخات دەردی حکومەتی تورکیا نە رژێمی ئەسەد و نە داعشە، بەڵکوو دەردی ئەو دەوڵەتە تەنیا و تەنیا کوردە و ئەوەی بە جیهان نیشانداوە.
ئۆزتورک بە ئاماژەدان بە هەڕەشە و هێرشەکان بەرامبەر بە کۆبانێ باسی لەوەکرد، "لەمڕۆدا بە تایبەتی هێرش دەکرێتە سەر کۆبانێ، گردی مشتەنور، لەبەر ئەوەی کۆبانێ و گردی مشتەنور بۆ کوردان هێما و یادگارین. بەرخودانی کۆبانێ گەل، ژنان و گەنجانی کوردی کوردی بە هەستێکی هاوبەشەوە کۆکردەوە، ئەو هەستە ئەو سنورە جوگرافیایانەی تێپەڕاند کە کوردانیان دابراندبوو، گەنجانی کورد بەو هەستە هاوبەشەوە گەیشتنە یەک و لە دژی پەلامارەکانی داعش خۆڕاگرییان کرد.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا بەردان ئۆزتورک ئاماژەی بەوەکرد کە شۆڕشی رۆژئاوا بە پێشەنگایەتی ژنان و بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە جیهان دەنگی داوەتەوە و تێکۆشانی ژنانی گۆڕیوە بۆ هیوای ئازادی. ئەو دەستکەوتانەی بە بەرخودان بەدەستهێنراون، دەخوازرێت بە هێرش و پەلامار لەناو ببرێن. کۆبانێ کە پێشتر نەیانتوانی لە رێگەی داعشەوە بیخەن، ئەمڕۆ دەیانەوێت لە رێگەی چەتەکانی سمۆوە بیخەن. دەیانەووێت ئەمڕۆ تۆڵەی داعش بکەنەوە.
'پشتیوانی نێونەتەوەیی دەبێت بەهێز بکرێت'
بەردان ئۆزتورک رەخنەی لە مامەڵەی راڕایانە و دوودڵانەی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە بەرامبەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا گرت و رایگەیاند، کە "لەلایەکەوە پەسنی کەشی ئازاد و دیموکراتیک لە هەرێمەکە دەدەن، لەلایەکی دیکەشەوە لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بێدەنگن و بەو بێدەنگیەیان ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەکەن. بەتایبەتی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا پێشێلکردنی یاسای نێونەتەوەییە، بەڵام سەرباری ئەوەش بە هۆی بەرژەوەندییەکانیانەوە چاو بە رووی ئەو پێشێلکارییە دەنوقێنن.
ئۆزتورک داوای بە فەرمی ناسینی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی کرد و بۆ دارشتنی ئایندەی سوریا، هیوای خواست سود لە ئەزمونی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا وەربگیرێت. هەروەک داواشی کرد رای گشتیی نێونەتەوەیی لە بەرامبەر هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک هەڵوێستێکی روون و بەرچاو بگرنەبەر.
'هێرشەکە بۆ سەر بەهاکانی مرۆڤایەتیە'
بەردان ئۆزتورک هێمای بۆ ئەوەشکرد، کە هێرشەکان بۆ سەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی تەنیا هێرش بۆ سەر گەلی کورد نییە، بەڵکوو هێرشە بۆ سەر عەرەب، سوریانی، ئەرمەنییەکان و ئەوەشی خستەڕوو، "باکور و رۆژهەڵاتی سوریا نەک هەر جوگرافیایەک، بەڵکوو سیستمێکە کە ژیانی یەکسان و ئازادی گەلان دەسەلمێنێت. هێرش بۆ سەر ئەو سیستمە هێرشە بۆ سەر بەهاکانی مرۆڤایەتی".
'بەبێ یەکڕیزی ناتوانین شکۆمان بپارێزین"
بەردان ئۆزتورک پەرلەمانتاری دەم پارتی لە کۆتاییدا وتی، "ئەوەی لە رۆژئاوا دەپارێزرێت شکۆی هەموومانە. بە بێ یەکێتی و یەکڕیزی ناتوانین شکۆمان بپارێزین. ئەگەر ئەمڕۆ دەنگ هەڵنەبرین، سبەینێ بەستێن و بوارێک نامێنێتەوە کە ئێمە بتوانین ئایندەی خۆمان بپارێزین. گەورەترین بەرپرسیارێتیمان ئەوەیە کە پشتیوانیەکی گەورە بکەین، ئەوەش لەپێناو ئایندەی هاوبەشی سەرجەم گەلانماندایە.
داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکەم: بێدەنگی بەرامبەر هێرشەکان هاوبەشییە لە تاوان لە دژی مرۆڤایەتی. رۆژئاوا بۆ گەلانی جیهان بووەتە سەرچاوەی سودوەرگرتن، پارێزگاری لەو مۆدێلە نەک هەر ئەرکی کوردان بەڵکوو ئەرمی مرۆڤایەتیە. گەلی کورد نە ئەمڕۆ و نە سبەینێش دەستبەرداری تێکۆشانی خۆی لە پێناو ئازادی، دادپەروەری و پێکەوەژیان نابێت. بەرخودانی رۆژئاوا جارێکی تر ئەوەی سەلماند. ئێستاش کاتی ئەوەیە کە لە بەرامبەر ئەو هێرشانە جارێکی دیکە بڵێن "بژی بەرخودانی رۆژئاوا".