بەرەی گەل: دەبێت ئەو تیرۆرە سنووری بۆ دابنرێت نەک هاوئاوازی لەگەڵدا بکرێت

بەرەی گەل بە توندی هێرشەکەی ئەمڕۆ سەیدسادقی شەرمەزار کرد و دەڵێت: " ئەجێندا دەرەکییەکان، کلکایەتی و دابەشبونە حزبی و شەخسیەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم هەموو سنورێکی بەزاندووە".

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە نزیک سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمبیلێکی کردە ئامانج، بەهۆیەوە دوو ڕۆژنامەنووسی ژنی کۆمپانیای چەتر (گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین) شەهیدبوون. بەرەی گەل لە ڕاگەیاندراوێکی نووسراودا هێرشەکەی شەرمەزار کرد.

بەرەی گەل دەڵێت: "بەرپرسیارێتی پاراستنی ژیان و سەلامەتی و سەروەری خاکی عێراق و هاوڵاتییەکانی لە ئەستۆی دەوڵەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی هەريمی کوردستانە، بەداخەوە هەردوولایان لەلوتکەی بێباکی و بێخەمی دان بەرامبەر ژیان و سەلامەتی و خوێنی هاوڵاتیانی کوردستان".

هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ئەوەی ڕوودەدات و هەر ڕۆژە و درۆنێک مرۆڤێکی سڤیل و بێ گوناهی ئێمە دەکاتە ئامانج بە هاوکاری دەستی ناوخۆییە و ئەجێندای سیاسییە، دووبارەبوونەوەی بەردەوامی ئەو خەرق و پێشێلکارییە ئەمنییانە شکستیی حکومڕانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە و وای کردووە هیچ تاکێک هەست بە سەلامەتی و ئاسایشی ژیانی خۆی نەکات.

ئەجێندا دەرەکییەکان، کلکایەتی و دابەشبونە حزبی و شەخسیەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم هەموو سنورێکی بەزاندوە و دەبێت ئەو بێ باکیی و ئەجێندا مەترسیدارانە بەرامبەر ژیانی هاوڵاتیانمان کۆتایی پێبهێنرێت".

بەرەی گەل سەرەخۆشی لە کەسوکاری ڕۆژنامەنووسە شەهیدەکان دەکات و دەڵێت: "ژیان و سەلامەتی هاوڵاتیان هێڵی سورە و دەبێ ئەو بە ئامانجگرتن و تیرۆر و تۆقاندنە سنوری بۆ دابنرێ نەک هاوئاوازی لەگەڵدا بکرێت".