چالاکوانانی مانگرتوو لە مەخمور: بەرخودانی هەمەلایەنە بۆ ئازادی

چالاکیی مانگرتن بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ەوە لە دەزگای بنەماڵەى شەهیدانی مەخمور بە پێشەنگایەتیی ئەنجوومەنی عەشتار دەستیپێکردووە و بە دەستەى ٥٩هەمینەوە لە ١١٧هەمین رۆژدایە.

چالاکیی مانگرتن لە کامپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) بە پێشەنگایەتیی ژنان بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بە پێداگرییەوە بەردەوامیی هەیە.

لەو چوارچێوەیەدا چالاکییەکە هەر دوو رۆژ جارێک لەلایەن دەستەیەکی نوێی بەرێودەچێت و ئەمڕۆ دەستەى چاپەمەنیی ئازاد لە مەخمور چالاکییەکان وەرگرت و درێژەى پێدەدەن.

وەرگرتنی چالاکییەکە لەلایەن دەستەى چاپەمەنیی ئازاد لە خمور بە خولەکێک رێزگرتن دەستیپێکرد. لە چالاییەکەدا سەرکەوتن بۆ دەستەى ٥٩هەمین خواسترا و راگەیاندرا، دەچینە مانگی رەمەزان و ئومێد دەکەین ببێتە هۆکاری ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و ئازادیی گەلی کورد.

"گەریلا و گەل پلانەکانی دوژمنیان تێکشکاند"

دواتر فرات بۆزان بە ناوی دەستەکەوە وتەیەکی پێشکەشکرد و سەرنجی خستەسەر سیاسەتی نکۆڵی و سڕینەوەى دەوڵەتی تورک و هەڵمەتەکانی کەجەکە / کەژەکە بە ناوی "کات کاتی ئازادییە"، کە لە دژی ئەو پلان و پاکتاوکارییانە راگەیاندراوە.

 بۆزان وتی، "لەو  چوارچێوەیەدا هەم گەریلا و هەم گەل بەشێوەی هەمەلایەنە بەشداری ئەو هەڵمەت و بەرخودانە بوون. گەریلا لە حەفتانین و گارە داگیرکەرییان تێکشکاند. لەلایەکی ترەوە گەل لە چالاکییەکانی ٨ی ئادار و نەورۆزدا بە جۆش و خورۆش و جەماوەریانە رژانە گۆڕەپانەکان و هەموو سیاسەتەکانی دوژمنانیان پووچ کردەوە. لە زیندانەکانیشدا بە رۆحی مەزڵومەکان و کەمالەکان چۆکی سەرەک و شێفی فاشیستەکان، ئەردۆغانیان تێکشکاند".

"بۆ ئازادیی هەمەلایەنە راپەڕن و تێکۆشان بە هێز بکەن"

  بۆزان داوایکرد، بۆ ئەوەی ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد مسۆگەر بکرێت دەبێت لە هەموو گۆڕەپانەکاندا بە شێوەی جەماوەری و هەمەلایەنە بڕژێینە سەر شەقام و گۆڕەپانەکان و هەموو پیلان و سیاسەتەکانی داگیرکەران تێک و پێک بدەین. بۆزان  وتیشی، "تاوەکو ئێمە رێبەرەکەمان ئازاد نەکەین دەست لە تێکۆشان هەڵناگرین. ئێمە ژیانێکی بێ سەرۆک ئاپۆ قبوڵ ناکەین".

لە دوای پێشکەشکردنی وتەکان، مەراسیمەکە بە وتنەوەی دروشمەکانی "بێ سەرۆک ژیان نابێت" ، "بژی سەرۆک ئاپۆ" ، "بژی بەرخودانی زیندانیان" کۆتایی پێهات.

ژ.ت