چالاکوانانی ژنان: "کوشتن و خۆکوشتنی ژنان بۆتە دیاردەیەکی رۆژانە"
چالاکوانانی کاروباری ژنان دەڵێن: "بۆ رزگاربوون لە توندوتیژی، ژنان ناچاردەکرێن پەنا بەرنە بەر خۆکوشتن".
چالاکوانانی کاروباری ژنان دەڵێن: "بۆ رزگاربوون لە توندوتیژی، ژنان ناچاردەکرێن پەنا بەرنە بەر خۆکوشتن".
بهگوێرهی داتاكانی ڕێکخراوەکانی بەرنگاری لەمافی ژنان و بهڕێوهبهرایهتییهكانی بهرهنگاربوونهوهی توندوتیژی دژ به ژنان، حاڵهت و رێژهكانی توندوتیژی بهرانبهر به ژنان له كوشتن و خۆکوشتن و تەواوی جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان رۆژ لەدوای رۆژ بەشێوەیەکی مەترسیدار لە هەڵکشاندایە.
سەبارەت بە زیادبوونی توندوتیژی و کوشتنی ژنان و ناچاکردنی ژنان بەخۆکوشتن، ژمارەیەک لە ڕێکخراو و چالاکوانی بواری ژنان بۆ ئاژانسی هەواڵ فورات (ANF) دوان.
ژنان بەرگەی ئەو توندوتیژیانە ناگرن و پەنا دەبەنە بەر خۆکوشتن
ژیان حەمید لێپرسراوی یەکێتی ژنان لقی کەرکوک، سەبارەت بە رێژەی توندوتیژی بەگشتی و کوشتن و خۆکوشتن بەتایبەتی، هەروەها دەربارەی هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژییەکان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) وتی: "توندوتیژییەکان ڕوو لەزیادبوونە، بەتایبەتی رێژەی کوشتن و ناچارکردنی ژنان بەخۆکوشتن بۆتە دیاردەیەکی رۆژانە، هۆکاریش بۆ زیادبوونی توندوتیژییەکان زۆرن، لەوانەش خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خراپی گوزەرانی ئابوری سەرەکترین هۆکارن، بەداخەوە لە کۆمەڵگای پیاوسالای کاتێک پیاوان دەکەونە ژێر فشار توڕەیی و کەم و کوڕەییەکانی خۆیان وەکو بەتاڵکردنەوەیەک بەهاوژینەکانیان دەری دەبڕن، کە ئەنجامەکەشی رۆژانە دەبینین کە ژنان بەرگەی ئەو توندوتیژیانە ناگرن و پەنا دەبەنە بەرخۆکوشتن" .
ئاستی هۆشیاری ژنان زیادیکردووە
هەروەها ژیان حەمید وتیشی: "سەڕەرای زیادبوونی توندوتیژییەکان ژنانیش هۆشاربوونەتەوە و ئەو بارودۆخە قبووڵ ناکەن، پێشتر ژنان شەرمیان دەکرد کە سەردانی هیچ دامودەزگا و ڕێکخراوێکی ژنان بکەن بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئەو توندوتیژیانەی کە بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت، بەڵام لەئیستادا بەهۆی زیادبوونی هۆشیاری ژنان، ژنان داوای هاوکاری دەکەن لەلایەنە پەیوەندیدارەکانی پاراستنی ژنان".
پەناگەیەک نیە کە ژنان پەنای بۆ بەرن
سەبارەت بەنەبوونی پەناگە(شەڵتەر) بۆ داڵدەدانی ژنان، ئەو بەرپرسەی یەکێتی ژنان دەشڵێت: "بەداخەوە نەبوونی پەناگەیەکی ئارام بۆ ژنان کێشەیەکی گەورەیە، زۆرجار کە پەیوەندیمان پێوەدەکرێت لەلایەن ئەو ژنانەی کە توندوتیژی بەرامبەریان دەکرێت یان کچ هەبووە تەمەنی ١٤ساڵ بووە داوای کردووە کە بۆ ماوەی چەند رۆژێک لەلای خۆمان بیپارێزین تا بەزۆر هاوسەرگیری پێ نەکەن، بەڵام بەداخەوە شوێنێکی وەکو پەناگە(شەڵتەر) نەبووە تا بیگرمە خۆم، هەندێک جار دوای هەفتەیەک دەبیستم کە ئەو کەسەی توندوتیژی بەرامبەر کراوە خۆی کوشتووە، منیش خۆم بەهۆکار دەزانم چونکە نەمتوانیوە بیپارێزم بەهۆی نەبوونی پەناگە(شەڵتەر)" .
یاساکان پشتگیری مافەکانی ژنان نین
هەروەها سەبارەت بە کاریگەری یاسا لەداکۆکی کردن لە مافەکانی ژنان، ژیان حەمید باسی ئەوەی کرد: "لەگەڵ ئەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەردەوام لەهەڵکشانە، جیابوونەوەی خێزانیش زۆربووە، ئەمەش بۆ ئەو هۆکارە دەگەڕێنمەوە، کە هیچ یاسایەک نیە داکۆکی لەمافی ژنان بکات کاتێک بیانەوێت جیابنەوە لە هاوژینەکانیان، ئێمە ژنان هان نادەین جیاببنەوە لە خێزانەکانیان بەڵام جیابوونەوە باشترە لەوەی ژنان پەنا بەرنە بەرخۆکوشتن، کاتێک ژنان داوای جیابوونەوە بکەن یاسا هیچ مافێکیان ناداتێ تەنها ئەگەر برە پارەیەکی (ڕەمزیان) بۆ دیاری بکات".
عەقڵییەتی پیاوسالار زاڵە بەسەر دادگاکان
لەکۆتایدا ژیان حەمید لێپرسراوی لقی کەرکوکی یەکێتی ژنان، سەبارەت بە زاڵبوونی عەقڵییەتی پیاوسالاری لە دادگاکانی کۆمەڵگای عێراق و بەتایبەتی دادگاکانی کەرکوکدا، وتی: "کاتێک کەیسێک دەچێتە دادگاکان ئەوەندەی داکۆکی لەمافی پیاوەکە دەکرێت داکۆکی لەمافی ژن ناکرێت، کاریگەری عەقڵیەتی پیاوسالاری و زاڵبوونی بەسەر دادگاکان زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت".
بۆ رزگاربوونی لە توندوتیژی رۆژانە پەنا دەبەنەبەر خۆکوشتن
کوردستان خالید، لێپرسراوی بەشی کۆمەڵایەتی لە یەکێتی ژنان لە کەرکوک، سەبارەت بەزیادبوونی رێژەی توندوتیژی دژی ژنان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) وتی: "سەڕەرای هەوڵەکانمان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بەڵام زۆر بەداخەوە رێژەی توندوتیژی دژی ژنان و کوشتن و خۆکوشتنی ژنان بەشێوەیەکی بەرچاو ڕووی لەزیادبوون کردووە، هیچ ژنێک نایەوێت خۆی بکوژێت بەڵام بەهۆی زۆری توندوتیژی دژی ناچاردەکرێت پەنا بەرێتەبەر خۆکوشتن بۆ رزگاربوون لە ئازار و توندوتیژی رۆژانە" .
لە یاساکاندا مافی ژنان پشتگوێ خراوە
هەروەها کوردستان خالید دەربارەی زاڵبوونی عەقڵیەتی پیاوسالاری بەسەر دامودەزگا و دادگاکاندا دەڵیت: "کاتێک ژنان پەنا دەبەنە بەر یاسا و سکاڵا تۆمار دەکەن لەدژی ئەو توندوتیژی بەرامبەریان دەکرێت یان لەدژی ناپاکی خێزانی، سکاڵای ژنان بەهەند وەرناگرن، هەندێک مادەی یاسایی هەیە کە لە کۆنەوە تا ئیستا وەکو خۆیەتی هیچ گۆڕانکاریەک نەکراوە بۆ داکۆکی کردن لەمافی ژنان، بۆیە ئەو یاسایەی ئیستا هەیە هیچ خاڵێکی لەبەرژەوەندی ژنان نیە، بەڵکو لەیاساکاندا پاڵپشتی پیاوان دەکرێت زیاتر، نەبوونی یاسایەک بۆ پاراستنی مافی ژنان وا دەکات ژنان بەهۆی نەبوونی پالپشتی پەنا بۆ خۆکوشتن بەرن" .
ئەگەر شوێنێکی ئارام هەبێت رێژەی خۆکوشتن کەم دەبێتەوە
لەکۆتاییدا سەبارەت بەنەبوونی پەناگە، کوردستان خالید لێپرسراوی بەشی کۆمەڵایەتی لقی کەرکوکی یەکێتی ژنانی کوردستان، وتی: "نەبوونی پەناگە کێشەیەکی گەورەیە بۆ ڕێکخراوەکانی ژنان چونکە وایکردووە ژنان شوێنێکیان نەبێت کە پارێزراوبێن تێیدا، وە بەهۆی بیرکردنەوەی کۆمەڵگا ژنان ناتوانن لە بنکەکانی پۆلیس بمێننەوە، بەڵام بوونی پەناگە وادەکات رێژەی توندوتیژی و کوشتن کەم بێتەوە کاتێک ژنان شوێنێکی ئارامیان هەبێت پەنای بۆ بەرن ناچارنابن پەنا بەرنەبەر خۆکوشتن".
هۆکارەکان زۆرن بۆ زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان
دلڤان ئەكڕەم مەحمود بەرپرسی کەرکوکی ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان(ڕەژاک)، سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان و هۆکارەکانی بە ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) ڕاگەیاند: "لەئیستادا رێژەی توندوتیژی دژی ژنان و کوشتن و خۆکوشتنی ژنان بەشیوەیەکی مەترسیدار لە کۆمەڵگادا زیادیکردووە بەشێوەیەک کە لە ڕووداوەوە بۆتە دیاردەی ژیانی رۆژانە، هۆکاری ئەم توندوتیژیەش دەگەڕیتەوە بۆ زاڵبوونی عەقڵیەتی پیاوسالاری لە کۆمەڵگادا، هەروەها نەبوونی هۆشیاری تاک لە کۆمەڵگادا رۆڵی هەیە لەسەر زیادبوونی رێژەی توندوتیژی دژی ژنان، هەروەها نەبوونی چاودێری خێزانی لەسەر منداڵان کاتێک کە تۆڕی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنن، بڵاوبوونەوەی چەک بەشیوەیەکی بێ کۆنترۆڵ لەناو کۆمەڵگادا هۆکارێکی دیکەی کاریگەرە لە زیادبوونی رێژەی توندوتیژییەکان".
پیاوان سزایەکی سووک وەردەگرن
سەبارەت بە کەمتەرخەمی دادگا و یاساکان لە پاراستنی گیانی ژنان، دلڤان ئەکڕەم ئەوەی خستەڕوو: "یاسا لە بەرژەوەندی ژنان نیە کاتێک ژنان دەکوژرێن یان توندوتیژی بەرامبەریان دەکرێت، کە پیاوان سزایەکی سووک وەردەگرن بەرامبەر تاوانی کوشتنی ژنان یا لەڕێگەی ڕێککەوتنی عەشایەری کێشەکان چارەسەر دەکەن و پیاوان لە سزای یاسایی و دادگا رزگاریان دەبێت".
پێویستە ژنان هۆشیار بکرێنەوە
هەروەها سەبارەت بەچۆنیەتی کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ئەو بەرپرسەری ڕێکخراوی ژنانی ئازایخوازی کوردستان، وتی: "ئێمە وەکو ڕێکخراوەکانی ژنان، لەپێناو چارەسەکردن و کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان هەوڵمانداوە خولی هۆشیارکردنەوە بکەینەوە و کەسایەتی و رۆڵی ژنان بناسێنین تا ژنان بتوانن لە تەواوی کایەکانی ژیان کاربکەن، چونکە پێویستە ژنان ئەرکی خۆیان تەنها لەچوارچێوەی خزمەتکردنی ماڵ نەبینن" .
پەیامێک ئاراستەی ژنان دەکەم
لەکۆتایدا دلڤان ئەکڕەم بەرپرسی کەرکوکی ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان، پەیامیکی ئاڕاستەی ژنان کرد و وتی:" پەیامی من بۆ ژنان ئەوەیە کە پەروەردەیەکی تەندروستی منداڵەکانیان بکەن، و ئاگاداری منداڵەکانیان بن لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هۆشیاریان بکەنەوە، هەروەها زنجیرە دراما تورکییەکان کە دوبلاژی زمانی خۆمان کراوە، زۆرێک لەو دراما تورکیانە باس لە ناپاکی خێزانی دەکەن و توندوتیژی تێدا ئەنجام دەدرێت، زۆر لە هەرزەکاران لاسایی ئەو درامانە دەکەنەوە، چونکە پیان وایە ئەوان ڕاستن و پێشکەوتوون و کۆمەڵگای ئێمەش دواکەووتووە" .
ف.ق