چالاکی گەنجانی شۆڕشگێر لە جوانڕۆ لەدژی پیلانگێڕی ١٥ی شوبات

گەنجانی شۆڕشگێر و ژنانی گەنجی شۆڕشگێر – جوانڕۆ، لەگەڵ نزیک بوونەوەی ساڵیادی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ١٥ی شوبات لەدژی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، چالاکی نووسینی دروشمیان لەسەر دیوارەکان ئەنجامدا.

لە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بە پیلانگێڕیەکی نێونەتەوەیی لە نایرۆبی پایتەختی کینیا دەستگیرکرا و رادەستی دەوڵەتی فاشیستی تورک کرایەوە. رێبەر ئۆجالان ٢٤ ساڵە لە زیندانی ئیمڕالی لەژێر گۆشەگیریەکی تونددا راگیراوە. ١٥ی شوبات وەک رۆژێکی رەش لە مێژووی گەلی کورد و گەلانی ئازادیخوازدا جێی خۆی گرت و ژمارەیەکی زۆر لە کادر، لایەنگر، وڵاتپارێز و ئازادیخوازان لەژێر دروشمی ' هیچ کەسێک ناتوانێت خۆری ئێمە تاریک بکات' بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕیەکە ئاگریان لە جەستەیان بەردا و بازنەیەکیان لە ئاگر بە دەوری رێبەری گەلی کورددا دروست کرد.

لەو کاتەوە، هەموو ساڵێک بە مەبەستی شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ١٥ی شوبات، گەلی کورد و دۆستەکانیان چالاکی جۆراوجۆری وەک خۆیپشاندان، گردبوونەوە، ڕێپێوان، چالاکی نووسینی دروشم لەسەر دیوار، سمینار و کۆبونەوەی جەماوەری ئەنجام دەدن.

لە شاری جوانرۆی رۆژهەڵاتی کوردستانیش، بە مەبەستی شەرمەزارکردنی رۆژی رەش (١٥ی شوبات)، گەنجانی شۆڕشگێر و ژنانی گەنجی شۆڕشگێر، لە سەر دیوارەکانی شارەکە دروشمیان بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕیەکە نووسی.

ف.ق