ئەمڕۆ بڕیاربوو خانەوادەی وەدات حوسێن و ئازادیخوازانی بادینان، بەبۆنەی ساڵیادی شەهیدکردنی وەدات حوسێنەوە لەسەر گۆڕەکەی مەراسیمێکی یادکردنەوە ئەنجام بدەن، چەکدارانی پەدەکە بە زەبری هێز ڕێگریان لە بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە کرد و هێرشی کردە سەر بەشداربووان.
لەم بارەیەوە برای شەهید وەدات حوسێن، سەمەد حوسێن بە ڕۆژنیوزی گوت: "یەکێک لە پلە باڵاکانی ئاسایش چەندین وتەی ناخۆشی ئاڕاستە کردین، بە قۆناغە کڵاشینکۆف لە خوشکەکەمی دا، هەروەها ڕۆژنامەنووس و چالاکوان ئومێد بەرۆشکیان بە برینداریی و خوێنەوە خستە پشتەوەی ئۆتۆمبێلێک و بۆ شوێنێکی نادیار ڕفاندنیان".
چالاکوان و نوێنەری گیراوانی بادینان ئەیهان سەعید، گوتی: "پەلاماردانی دایک و خوشکی شەهیدانی قەڵەم پێشێلکردنی هەموو یاسا و بەها و پرەنسیپێکی ئەخلاقییە، کە دوای تیرۆرکردنی هاوپیشەکانمان پەلاماری گوڕەکانیشیان دەدرێت، پێویستە مەسرور بارزانی واز بێنیت لەم ئەقلییەتە پۆلیسییە".
هەروەها گوتی: "ئەگەر مەسرور بارزانی سەرۆکی پێشووی دەزگای پاراستن و سەرۆکی حکومەتە ماوەبەسەرچووەکەی ئێستا، بکەری تیرۆرکردنی شەھید وەدات نیە، بۆچی تا ئێستا هیچ تاوانبارێک دەستگیرنەکراوە و بکوژ ئازادن و ڕێگرن لەوەی خەڵک و ھاوڕێکانی بچنە سەر گۆڕەکەی و دوای تیرۆرکردنمان گۆڕیشمان لێ قەدەغە دەکرێت؟!".