چەند وێستگەیەك لە ژیانی هونەریی مامۆستای مەقاماتی كوردی عەلی مەردان

٤٠ ساڵ دوای كۆچی دوایی عەلی مەردان، بەشێك لە هونەرمەندانی كورد و تورك و فارس ئاوازەكانی ئەو دەڵێنەوە.

٤٠ ساڵ تێپەڕدەبێ بەسەر كۆچی دوایی هونەرمەندی ناوداری كورد عەلی مەردان. ئەو كەڵە هونەرمەندەی لەناو جەرگەی بەغداوە بەگەرووی كوردانەوە گۆرانی گوت و بناغەی مەقاماتی كوردی دانا. كۆڵەكە و دامەزرێنەری ڕادیۆی كوردی بەغدا بوو، هاوكاری هونەرمەندان بو لەڕۆشنكردنەوەی ڕێگای هونەرییان، بەشێك لە ئاوازەكانی لەلایەن هونەرمەندانی كورد و تورك وفارسەوە گوتراوەتەوە. هەرئەمانەشە وای لە هونەرمەندێكی گەورەی وەك حەسەن زیرەك كردووە بڵێ: " عەلی مەردان بەرزە، زۆر بەرزە، كورد قەدری نازانێ".

چەند وێستگەیەكی لەژیانی هونەریی عەلی مەردان:

ئاوازدانەری پڕبەرهەم، مامۆستای مەقاماتی ڕەسەنی كوردی،  هونەرمەندی ناوداری كورد عەلی مەردان ساڵی 1904 لەگەڕەكی بەرتەكیەی شاری كەركوك لەدایك بووە. لەدیوەخانی شێخ حەسیبی تاڵەبانی دا هونەرمەندێكی مەقامبێژو ئاوازخوان هەبووە بەناوی (خدر بارام چاوەش) یەكەمجار لەوەوە فێری مەقامی ئەڵڵاوەیسی بووە.

هەر لەو چەند ساڵانەدا، عەلی مەردان تێكەڵاوی مەقامزانەكانیشاری كەركوك بووە، هەڵسوكەوتی لەگەڵدا كردوون و هەرچی بە سوودی دوا رۆژی هونەرەكەی بووە، لێی وەردەگرتن. ئەو هونەرمەندە خۆی لەگەڵ مەقام ماندوو كرد،  چ لەكاتی گەنجێتی كە ئەو گوند و ئەو دێی دەكرد تا مەقام فێربێ لەم و لەو، چ دوای فێربوونی و ئینجا وتنی و چڕینی و لەسەر قەوان تۆماركردنی هەر لەساڵی بیستەكانا و تا دامەزراندنی ئێزگەی رادیۆی كوردی بەغدا لەسەرەتای چلەكاندا.

خولیای گەڕان و شەوقی سۆراخكردن و عەشقی فێربوونی مەقامەكانی تر داویەتە كەللـەی. بۆیە هاوكات لەگەڵ ئەم ویستانەی، خواو راستان (نەعیم جوو)ی خاوەندی یەكێ لە كۆمپانیاكانی تۆماركردنی قەوان.خۆی بە شەخسی هاتووە بۆ كەركوك بۆ دەعوەتكردنی عەلی مەردان بۆ تۆماركردنی قەوانی گۆڕانی و مەقاماتی كوردی.

یەكەم هونەرمەندی كورد بووە لەرادیۆی بەغدا گۆرانی گوتووە

لە ساڵی ١٩٣٦ عەلی مەردان، یەكەم قەوانی خۆی لە كۆمپانیای بەیزافۆنی كەسی ناوبراو تۆماركردووە. ئەو هونەرمەندە لەساڵی 1939 چووە ئێستگەی كوردی بەغدا ، ڕادیۆی ئەو كاتە زۆر ساكار بوو، بەڵام تاكە رادیۆیەك بوو خەڵك بەتاسەوە گوێی لێ دەگرت. سەرەتا گۆرانیەكان تۆمار نەدەكران، بەڵكو هەر بەشێوەی راستەوخۆ لەرادیۆوە پەخش دەكرا.

یەكەم جار مەقامی (ئای ئای) كە لقێكە لەمقامی بەیات بەشێوەی باجەڵان وتووە لەئێستگەی ڕادیۆی بەغدا.

ئەو زەمەنە"عەلی مەردان و تاهیر تۆفیق و رەسوڵ گەردی و حەسەنی جزیری و باكوری و نەسرین شێروان و محمد عارف جزراوی " پێشەنگی هونەرمەندانی كورد بوون كە لەبەشە كوردییەكی ڕادیۆی بەغدا هەموویان وەك خێزانێك كاریان دەكرد، ئاواتیان بەرز بوونەوەی هونەر و مۆسیقای كوردی بوو. مامۆستا عەلی مەردان سەرقافڵەی هەموویان بوو. 

نازم غەزالی داوای لێكردووە چەند مەقامێكی فێربكات

بەهۆی شارەزایی لەمەقامات و قوڵبونی لەو هونەرەدا، ناوبانگی عەلی  مەردان گوێی هەموو كوردێكی پڕكردبوو، هەمووان پەنجەی مامۆستاییان بۆ درێژدەكرد، هەندێك هونەرمەندی عیراقیش لەسەرەتای كاری هونەرییان ڕوویان لێكردوە تا لێوەی فێری خوێندنی مەقام بن.  وەك هونەرمەند رەفیق چالاك لەبیرەوەرییەكانیدا دەڵێ: ئاگاداربووم چۆن نازم غەزالی لە مامۆستا عەلی مەردان دەپاڕایەوە فێری چەند مەقامێكی بكات.!   

عەلی مەردان لەكتێبی بیرەوەرییەكانی (گەڵای پایز) دەڵێت: (نازم غەزالی)  دەهاتە لام و لەمەقام و چۆنێتی وتن و پلەی مۆسیقی و ئاستەكانی دەپرسی.. زۆر كەڕەت شەو دەهاتە لام تا فێری مەقامەكانی بكەم).

مامۆستای مەقامبێژەكانی بەغدا بوو

لەبەشێكی دیكەی یادەوەرییەكانیدا عەلی مەردان دەڵێت" مەقامبێژی چاخانەكانی بەغدا بە منیان دەگوت تۆ هەقی خۆیان دەدەی بە مەقامەكان و بە دروستی دەیانڵێی. رەشید قۆندەرچی، لە مەقامبێژە ناسراوەكان بوو پێی دەگوتم" تۆ مامۆستامی لەتۆوە فێری مەقام بووم، مەحمود نەجاڕیش هەندێ‌ مەقام لە منەوە فێر بوو و لەدووكانەكەیدا فێری (حسینی و منصوری و ئورفە)م كرد و محەمەد قەبانچیش زۆر شتی لێم وەرگرت و سوودی لێ وەرگرتم و پیت بە پیتی مەقامەكەم فێری دەكرد".

لەسەر عەلی مەردان چییان وت:

هونەرمەند تاهیر تۆفیق دەڵێ: "مامۆستا عەلی مەردان مامۆستایەكی زۆر گەورەو هەتا بڵێی تێگەیشتووە بووە لە مقاماتی عیراقی و كوردی، لە فۆلكلۆرو هونەری كوردی خاستەن مقامات تائێستە بڕوا ناكەم كەس بیگاتێ، مەكتەبێكە، قوتابخانەیەكی تایبەتیە. زۆرجار دەچووە لای گوبانچی، بەگوبانچی دەگوت تۆ بۆ ئەوەت واگوتوەو ئەوەت واگوتوە، یەعنی هەڵەی لێدەگرت.

ئاوازی نوێی هێناوەتە ناو مۆسیقای كوردی

گوێی مۆسیقی هەبووە  و ئاوازدانەر بووە و  زۆربەی گۆرانیەكانی خۆی ئاوازی بۆ داناوە وەك ( كۆڵان بەكۆڵان و فاتیمە، شەوو رۆژ لەخەیاڵ لەبەر چاوی ، ئەو پەرچەم و ئەگریجەت ، باخچەی پاشا،

وە مامۆستا عەلی مەردان لەرووی هونەری و دانانی ئاوازەوە هاوكاری زۆر لەگۆرانیبێژ و هونەرمەندانی كورد كردووە وەك حوسەین عەلی و نەسرین شێروان و گوڵبەهار و وەندی  و  چەند كەس.

حەسەن زیرەك چۆن باسی عەلی مەردانی كردووە؟

هونەرمەند حەسەن زیرەك  لەتۆمارێكی دەنگیدا باسی ئاشنایەتی خۆی هونەرمەندان دەگێڕێتەوە و لەبەشێكیدا دەڵێ: " ساڵەهای ساڵ مامۆستا عەلی مەردان، كە سەورەبو (مەبەستی شۆرشی 14ی تەمموزی 1958)  دەهات سەری لێدەدام لەئێران، عەلی مەردان بەرزە، زۆر بەرزە، كورد قەدری نازانێ، ئەمن قۆندەرەكانی دەخەمە سەرچاوم".

مۆسیقاژەنانی رادیۆ تاران تێگەیشتن كە بەرامبەر بە كەڵە زانیارێكی مەقامات وەستاون

ئەو هونەرمەندە كوردە لە ساڵی ١٩٦٥ـدا  چووەتە ئێران و لە ئێستگەی ڕادیۆی تاران و كرماشاندا چەندین مەقام و گۆرانی تۆماركرد.

مۆسیقاژەنانی ئەو رۆژانەی رادیۆی كوردی تاران ، كە زۆربەیان لە ئۆركێسترای ئێرانیشا ژەنیار بوون، وەك هونەرمەند مەزهەری خالەقی وتویەتی كە :" لە دیداری یەكەم رۆژی ستۆدیۆی رادیۆدا، ئۆستادەكانی مۆسیقاژەن لە سەرەتادا رەفتارێكیان نواند، وەك بڵێی مامۆستا عەلی مەردان بە هەند وەرنەگرن، بەڵام تەنیا لە پاش یەك و دوو سەعاتێ تێگەیشتن كە بەرامبەر بە كەڵە زانیارێكی مەقامات وەستاون. بۆیە ئیتر لە سەرتاپای رۆژانی تۆماركردنەكاندا بە وشەی (ئوستاد) كەمتر لەگەڵ عەلی مەردان نەئەدوان".

فلتەرێك بوو بۆ هەڵبژاردنی دەنگی خۆش

یەكێ لە كارە باشەكانی رادیۆی كوردی لە بەغدای جاران دانانی ئەو لیژنەیە بوو بۆ هەڵسەنگاندنی شیعر و ئاواز و دەنگ كە رێگایان بە شێواندنی گۆرانی كوردی نەدەدا، كە عەلی مەردان  دەنگی ئەو كەسانەی تاقیدەكردەوە كە دەهاتنە ڕادیۆی بەغدا بۆ تۆماركردنی گۆرانی.

خۆ ئەگەر مامۆستا (عەلی مەردان) لە ژیانا بمایە و وەكو جاران لە لیژنەی هەڵسەنگاندنەكە بوایە مەحاڵبوو ئەم بەناو گۆرانیبێژانە تا گۆرانی كوردی بمانایە ناو و رەنگی خۆیان لەسەر شاشەی تێڤیەكان وەكو گۆرانیبێژ بدییایە، بەڵام خوا هەر ئەو چاكەی لەگەڵ كردوون گۆرانی و شیعرەكەیان ئەوەندە تەمەن كورتن لە چەند سەعاتێك زیاتر لە زاكیرەی گوێگر نامێنێتەوە.

كوردێك لەكۆنگرەی مۆسیقای عەرەبی لە قاهیرە

 سەبارەت بە كۆنگرەی مۆسیقای عەرەبی لە قاهیرە لە ساڵی 1932سازكراوە عەلی مەردان دەڵێت" مەسەلەی كوردبوونم و عەرەب نەبوونم كاری كردە سەر بەشداریكردنم لە كونگرەی یەكەمی عەرەبیدا، كە من وەك هونەرمەندێكی بواری گۆرانی و ئاواز لە ئەندامانی ئەو وەفدەی عیراق بووم و بەشداری كۆنگرەمان كرد. شانازیبوو بۆم كە لەو كۆنگرەیەدا بە زمانی كوردی ئاواز و مەقامی كورد جوان بە گوێی كەسانێكی هونەرمەند كە ئەسڵەن وشەی (كورد)یشیان نەبیستووە. من تەنیا كوردێك بووم لە ناو دەیان هونەرمەندی عەرەبیدا و كۆنگرەش بەقەدەر ئەوەی سیاسی بوو ئەوەندەش لە هونەرەوە دووربوو و سەرپەرشتیارانی كۆنگرەكە دەیانویست پەراوێزم خەن و زۆریشیان تەقەلادا مەقام و بەستەكانم بە عەرەبی بڵێم، بەڵام من رازی نەبووم و ئەوانیش ئەندام بوونی منیان بەتاڵ كردەوە".

ناوی بەشێك لە ئاواز و گۆرانیەكانی

فاتیمەن كراس كوردەری ئاوریشم، گیانە بەسیەتین خۆم و عودەكەم، ئەم پەرچەم و ئەگریجە, كۆڵان بە كۆڵان, شەوو ڕۆژ لەخەیاڵ و لەبەر چاوی, مامە گیانی مامە, ئەڵوەن, هەوری لەقەدی ئاڵاوە, با یادمكە فریادم كە, خاڵۆ خاڵۆ, بەدەنگی خۆش بمهێنە جۆش, ئاخ چیبكەم نیمە چارە, لەو كەلە دەنگی ساز دێ و دەیان گۆرانی دیكە..

ئاوازی هەندێك لەگۆرانیەكانیشی چەند زمانێكی تر وتراونەتەوە و سودیان لەئاوازەكەی وەرگرتووە.

لەوانە گۆرانی (مامە گیانی مامە) هونەرمەندی بەناوبانگی توركیا (ئیبراهیم تاتڵیساس) كردوویەتی بە توركی (قەرە زیندان). وە گۆرانی (ئەم پەرچەم و ئەگریجە) كە هونەمەندی بەناوبانگی ئێرانی (ئیرەج بەستامی) ئاوازی ئەم گۆرانیە بەناوبانگەی عەلی مەردانی وتۆتەوە بەشیعری فارسی.

هونەرمەندی بەناوبانگی ئێران "شەجەریان"یش گۆرانیەكەی "فاتیمە"ی عەلی مەردانی وتۆتەوە بە فارسی.  هەروەها گۆرانی (ڕاستەی خیابان) كە هونەرمەند و قۆریاتبێژ (هـــابـــە) كردوویەتی بە توركمانی.

مامۆستای مەقامە كوردی و ڕۆژهەڵاتیەكان بوو

 عەلی مەردان شارەزای زۆربەی مەقامە كوردی و ڕۆژهەڵاتیەكان (شەرقیەكان) بووە.   لەوانە (مەقامی ڕاست, مەقامی بەیات, مەقامی سێگا, مەقامی حیجاز, مەقامی حوسەینی, مەقامی ئورفە, مەقامی مەنصوری, مەقامی صەبا). ئەمە جگەلەوەی خۆی مەقامێ:یشی داناوە ئەویش مەقامی هیجرانە.

دەربارەی ڕەسەنایەتی مەقاماتی كوردی چی وتووە؟

هونەرمەند عەلی مەردان وە كەسێكی هۆشیار بە مێژووی هونەری مۆسیقای كوردی دەڵێ:  (هەرچەندە ئەم مەسەلەی وردبوونەوەیەكی قووڵ و زانستیانەی پێویستە بەڵام بەناو و نازناوی مەقام و بەشێوەی وتن، دەتوانم بڵێم زۆربەی مەقامە شەرقیەكان (ڕۆژهەڵاتیەكان) كوردین و ئەسڵی خاوەنەكانیان (واتە داهێنەری مەقامەكە) كوردە. ئەگەر لە یەك مەقامدا دوو مەقامبێژ بیخوێنن, یەكیان كوردو ئەوی دیكەیان تورك یان فارس یا عەرەب بێت, ئەو كاتە بەوردی ڕوون دەبێتەوە كامیان لەبارترو ڕەسەنترە, بەڵام چی بكەین كە زۆر ئاواز و گۆرانی و مەقاممان تاڵان كراون و گەلانی دیكە بەهی خۆیانی دەزانن".  

شارەزای  بەستەو قۆریاتی توركمانی بوو

عەلی مەردان خۆشی دوو گۆرانی بە زمانی توركمانی تۆمار كردووە ئەوانیش (ئەمان عەشە) و (گوێزم لەیلان قیزی) وە شارەزاییەكی باشی هەبووە لەبەستەو قۆریاتی توركمانی.

شارەزایەكی باشی هەبو لە ئەدەبی كوردی و بۆ خوێندنی مەقامەكانی شیعری كلاسیكی شاعیرانی كوردی هەڵبژاردووە.

هونەرمەند و مامۆستای مەقاماتی كوردی عەلی مەردان, ساڵی 1981 گۆڕستانی بەرتەكیەی شاری كەركوك بوە دوا ئارامگای ژیانیی و كۆچی دوایی كرد.

سەرچاوە:

1-       چاوپێكەوتن لەگەڵ: مامۆستا میقداد ، مەقامبێژ و هاوڕێی عەلی مەردان

2-     گەلای پایز..بیرەوەرییەكانی عەلی مەردان: كۆكردنەوەی عەبدولقادر عەلی مەردان

3-     كتێبی گۆرانیبێژە نەمرەكان: باكوری

ف.ق