دەوڵەتی فاشیستی تورکی داگیرکەر لە هێرش و داگیرکاری بۆ سەر باشووری کوردستان بەردەوامە. لەم بارەیەوە یاساناس و مامۆستای زانکۆ؛ دکتۆر ڕێبوار محەمەد بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.
'هێرش و داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ باشووری کوردستان نایاسایی و ناڕەوایە'
دکتۆر ڕێبوار محەمەد ئاماژەی بەوە کرد هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر نایاسایی و ناڕەوان، وتی: "تورکیا مافی ئەوەی هەیە سنوری خۆی بپارێزێت، بەڵام مافی ئەوەی نیە سنوری وڵاتێکی تر ببەزێنێت و داگیرکاری بکات، ئەمە پێشێلکردنی قەوارەی دەوڵەتانە کە لە پەیمانی نەتەوەیەکگرتووەکان هاتووە؛ کە هەموو دەوڵەتان لە ڕووی قەوارەوە یەکسانن، هیچ دەوڵەتێک بۆی نیە قەوارەی دەوڵەتێکی تر پێشێل بکات.
بەداخەوە ئەمە ئەرکی دەوڵەتی عێراقە کە دەبێت ئەم لەشکرکێشیانە ڕاگرێت، چونکە باشووری کوردستان بەشێکە لە دەوڵەتی عێراق لە چوارچێوەی قەوارەی عێراق و دەسەڵاتی گشتی عێراقدایە، بۆیە دەبێت وەڵامی تورکیا بداتەوە بە ڕێگای دیپلۆماسی و یاسایی. ئامانجی تورکیا هەرشتێک بێت ناڕەوایە، لە ڕووی یاسایی نێودەوڵەتییەوە قبوڵکراو نیە. ناکرێت تورکیا سنووری وڵاتان و نەتەوەکان ببەزێنێ بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی."
'تاوانێکی تری تورکیا تێکدان و لە ناوبردنی ژینگەی کوردستانە'
لە درێژەیی قسەکانییدا دکتۆر ڕێبوار محەمەد باسی لەوە کرد دەوڵەتی داگیرکەری تورک، تەنیا بە داگیرکردنەوە نەوەستاوە بەڵکوو ژینگە و گوندەکان تێکدەدات بەمجۆرە بەردەوام بوو: "یەکێکی تر لە تاوانەکانی ئەم لەشکرکێشیی و داگیرکارییانەی تورکیا، تێکدانی ژینگە و لە ناوبردنی گوندەکان و زیان گەیاندنە بە ئاژەڵ و باخ و بێستانەکان، هەمووئەمانە تاوانن، لە قانوونی نێودەوڵەتی نوسراوە.
ئەرکی دەوڵەتی عێراقە کە ئەو هاوڵاتیانە بپارێزێت کە هەڵگری ڕەگەزنامەی عێراقیین یان بە شێوەیەکی یاسایی لە عێراقدا نیشتەجێن، ئەگەر دەوڵەتی عێراق ئەم ئەرکانەی بەجێنەهێنا ئەوکات هاوڵاتیان مافی ئەوەیان هەیە داوای قەرەبوو بکەن و پاشان عێراقیش دەتوانێت لە نەتەوەیەکگرتووەکان سکاڵا لە تورکیا بکات. دەوڵەتی تورکیا تەنیا ئامانجی لە ناوبردنی مرۆڤ نیە بەڵکوو ئامانجی تێکدان و لە ناوبردنی سروشت و ژینگە و گوندەکانی کوردستانە، چونکە ئەمانە سامان و سەروەتێکی گەورەی ئەم هەرێمەن."
'پێویستە بایکۆتی کاڵای تورکی بکرێت'
دکتۆر ڕێبوار محەمەد باسی لەوەش کرد هەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە خۆراک و کەرتی تەندروستی گونجاوی هەبێت نەک شیاوی مرۆڤ نەبن، وتی: "یەکێک لە مافە دەستووری و یاساییەکانی مرۆڤ، مافی تەندروستییە لە کاتی سەردانیکردنی نەخۆشخانەکان چارەسەر گونجاویان بۆ بکرێت. سیستەمێکی خۆراکی گونجاویان هەبێت، نەک خۆراک و دەرمانی ماوە بەسەرچوویان پێبدرێت. ئەرکی دەسەڵاتە کە چاودێری لەسەر کۆمپانیاکانی دەرمان و خۆراک بکات.
پێویستە دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوەکان، هاوڵاتیان لە بەرانبەر هێرش و داگیرکارییەکانی تورکیا هەڵوێستیان هەبێت و کاڵای تورکی بەکارنەهێنن. ئەمە یەکێکە لە چەکە مەدەنییەکان کە دەتوانرێت دژ بە هەر تاوانێک کە ئەنجام بدرێت. لەسەروبەندی لەشکرکێشییەکانی تورکیا ئەم قسەیەم کرد کۆمەڵێک ئامرازمان بەدەستەوە لە دژی تورکیا بەکاری بهێنین، کە هەموو ئامرازی یاسایی و مەدەنین ئەویش بایکۆتکردنی کاڵای تورکی و ناردنەوەی باڵیۆزی تورکیایە لە عێراق و هێنانەوەی باڵیۆزی عێراقە لە تورکیا. بەداخەوە لەم ڕووەوە چاودێری جدی نیە و هیوادارین هەم حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق چیتر ڕێگە بەمانە نەدەن."
'سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وشەیکیش داگیرکارییەکانی ئیدانە نەکردووە'
دکتۆر ڕێبوار محەمەد ئەوەشی خستەڕوو کە دەبێت گەلی کورد هەڵوێستیان هەبێت لە بەرانبەر هەموو هێرش و داگیرکارییەک کە بۆ سەر خاکەکەی ئەنجام دەدرێت، وتی: "ئەرکی تاک و حیزب و لایەنەکانە، هەڵوێستێکی ئاشکرا و یاساییان هەبێت بەرانبەر ئەم لەشکرکێشیی و داگیرکارییانە، بەداخەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نوێنەرایەتی گەلی هەرێمی کوردستان دەکات نەمانبینی بە وشەیەکیش داگیرکارییەکان ئیدانە بکات، سەرەڕای ئەوەش پاساوی ناڕەوای بۆ دەهێنێتەوە.
ئەمە تاوانە بەرانبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و گەلی کوردستان بەداخەوە هەموو ئەمانەش لە فەراغێکدایە کە فەراغی پەرلەمانە، ئەگەر ئێستا لە هەرێمی کوردستان پەرلەمانێکی خاوەن شکۆ و ئیرادەمان هەبوایە دەمانتوانی لە پەرلەمانەوە ئیدانەی لەشکرکێشییەکانی تورکیا بکەین، بە بڕیاریش دەمانتوانی حکومەتی هەرێمیش ئەرکداربکەین بەرانبەر ئەم داگیرکارییانە."
لە کۆتایی قسەکانیدا دکتۆر ڕێبوار محەمەد، بانگەوازی لەگەل کرد بێدەنگ نەبن لە بەرانبەر ئەم هێرش و داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، وتی: "هەرکەس لە چوارچێوە و پێگەی خۆیدا دەتوانێت هەڵوێست پیشانبدات. من کە مامۆستای زانکۆم، هەڵوێستی خۆم بە ڕوونکردنەوەی لایەنی یاسایی تاوانی تورکیا دەخەمەڕوو. ڕێکخراوەکان دەتوانن بە گردبوونەوە هەڵوێستیی خۆیان پیشانبدەن و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بە بەیاننامەی فەرمی هەڵوێست پیشانبدات."