داگیرکەران ڕێگەیان نەدا هاوسەرۆکانی شارەوانی ئێلح بچنە نێو شارەوانییەکە
هاوسەرۆکانی شارەوانی ئێلح و ئەندامانی مەجلیسی شارەوانی هەوڵیاندا بچنە نێو بینای شارەوانی بەڵام پۆلیس ڕێگەی نەدان.
هاوسەرۆکانی شارەوانی ئێلح و ئەندامانی مەجلیسی شارەوانی هەوڵیاندا بچنە نێو بینای شارەوانی بەڵام پۆلیس ڕێگەی نەدان.
هاوسەرۆکانی شارەوانی ئێلح گوڵستان سۆنور و یەشیل ئیشک کە قەیوم لە شوێنیان دانراوە و ئەندامانی مەجلیسی شارەوانی ویستیان بچنە نێو بینای شارەوانی، بەڵام پۆلیس ڕێگەی پێ نەدان، لە چواڕییانی باسین لەسەر شەقامی دیاربەکر ڕێگەیان لێ گیرا. پۆلیسەکان بینای شارەوانیان گەمارۆدا، بە پاساوی "فەرمانی پارێزگار هەیە" ڕێگەیان نەدا بچنە نێو شارەوانییەکەوە. بەم هۆیەوە جەماوەر ناڕەزایەتییان نیشاندا.
هاوسەرۆکانی شارەوانی ئێلح و ئەندامانی مەجلیسی شارەوانی لەبەردەم مۆنۆمێنتی مافەکانی مرۆڤ لەسەر شەقامی گوڵستان ڕاگەیاندراویان خوێندەوە، هاوسەرۆکی دەم پارتی ئێلح سۆنگول کۆرکماز ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە، ڕایگەیاند ئەوانەی فەرمانیان بە پۆلیسەکان کردووە تاوانیان ئەنجام داوە.
هاوسەرۆکی شارەوانی یەشیل ئیشک ڕایگەیاند تا کشانەوەی قەیوم تێکۆشان بەردەوام دەبێت، ڕێگەگرتن لە ئەندامانی مەجلیسی شارەوانی تاوانە، گوتی: "ئیتر دەسەڵات شەرعیەتی نەماوە. یاسا و مافی دەنگدان و هەڵبژاردن پشتگوێ دەخات. لەمەودواش ناڕەزایەتی خۆمان دەردەبڕین".
ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "بژی بەرخۆدانی باتمان" و "قەیوم تاڵانە، بەرخۆدان ژیانە" و "بە بەرخۆدان سەردەکەوین" کۆتایی هات.