'دانانی قەیوم کێشەکانی قووڵتر دەکاتەوە'
هاوسەرۆکی رێکخستنی دەم پارتی لە وان وەیسی دیلەکچی رایگەیاند، کە دەسەڵاتداری لە بری چارەسەری کێشەکان پەنا بۆ سیاسەتی ئاڵۆزکردن دەبات و وتی، دانانی قەیوم کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە.
هاوسەرۆکی رێکخستنی دەم پارتی لە وان وەیسی دیلەکچی رایگەیاند، کە دەسەڵاتداری لە بری چارەسەری کێشەکان پەنا بۆ سیاسەتی ئاڵۆزکردن دەبات و وتی، دانانی قەیوم کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە.
هاوسەرۆکی رێکخستنی دەم پارتی لە وان وەیسی دیلەکچی ئاماژەی بە قەیرانی ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتی و وتی، دەبێت کۆتایی بە رەفتاری نادیموکراتیک بهێندرێت.
دادگای باڵا بریاری پەیوەست بە گەڕاندنەوەی مافەکانی بۆ هاوسەرۆکی شارەوانی گەورە شاری وان عەبدوڵا زەیدانی هەڵوەشاندەوە و دۆسیەکەی سەرلەنوێ بۆ لقی پێنجی دادگای سزا قورسەکانی ئامەد گەڕاندەوە.
هاوسەرۆکی رێکخستنی دەم پارتی وان وەیسی دیلەکچی سەبارەت بە بابەتەکە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و ئەوەی خستەڕوو، کە بەر لە هەڵبژاردنی خۆجێیی ٣١ی ئادار عەبدوڵا زەیدانیش وەک کاندیدەکانی دیکە ناوی خۆی تۆمار کرد و بڕیاردرا کە هیچ شتێک رێگر نییە لەبەردەم کاندیدبوونی زەیدان.
دیلەکچی ئەوەشی خستەڕوو، "بە رۆژێک بەر لە هەڵبژاردن کاندیدی ئاکەپە و بەڕێوەبەرانی ئەو حزبە وتیان کە گەڕانەوەی مافەکان بۆ زەیدان کاری پێناکرێت و لە دادگای سزا قورسەکانی ئامەد سکاڵایان تۆمار کرد. دەستەی باڵای هەڵبژاردنیش مەرسومی دەستبەکاربوونی بۆ کاندیدی ئاکەپە دەرکرد کە لە پلەی دووەمدابوو. بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە لەسەرتاسەری تورکیا سەرلەنوێ مەرسومی دەستبەکاربوونیان بە عەبدوڵا زەیدان دا. هەڵبەت لەو چوارچێوەدا وەزارەتی داد لە دادگای باڵا تانەی پێشکەش کرد و دادگاش بڕیارێکی دا. بڕیارەکەی دادگای باڵا هەڵوەشاندنەوەی گەڕاندنەوەی ماف و هەڵوەشاندنەوەی دۆخی هەڵبژاردنی ئەو نییە".
سیاسەتی گرژی سازکردن بەردەوامە
دیلەکچی لە بەردەوامی وتەکانیدا ئەوەی خستەڕوو کە سەرۆککۆمار ئەردۆغان دوای هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ٣١ی ئادار باسی ئاساییبوونەوەی کردبوو و لەناو رای گشتیشدا چاوەڕوانیەکی بەو جۆرە هاتە ئاراوە و وتی، کە لە بری گەڕان بە دوای چارەسەری پرسی سیاسەتی ئاڵۆزکردن و نانەوەی گرژی درێژەی پێدرا.
دیلەکچی سەرنجی بۆ سەر قەیرانی ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتی راکێشا و ئەوەی خستەڕوو، "لەلایەکەوە لە پرسی چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورددا بۆ دیدار لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان بانگەواز دەکرێت و لەلایەکیشەوە پەنا بۆ سیاسەتی قەیوم دەبن کە کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە. داواکاری ئێمە روونە. بۆ چارەسەری کێشەکان دیدار لەگەڵ بەردەنگەکان و لە بابەتی بونیاندنانی کەشی دیموکراتیکدا دەبێت هەموو پارتە سیاسیەکان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن. دەبێت لە تورکیا کۆتایی بە رەفتار و مامەڵەی نادیموکراتیک بێت و هەر کەس هەستیاری دیموکراتیک نیشان بدات. قەیران و گێژاوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تادێت قووڵتر دەبێتەوە و لە بەرامبەر ئەوەدا راستترین رێباز ئاشتی، دیموکراسی و چارەسەری کێشەکانە. ئێمە دەتوانین بڵێین کە ئاکەپە-مەهەپە زۆر لەوەوە دوورن".