داوا دەکرێت چیتر حکومەت تاوانبارانی جینۆساید و ئەنفال داڵدە نەدات

لە ٣٤هەمین ساڵیادی کارەساتی بەناو ئەنفال، ڕێکخراو و چالاکوانی بواری جینۆساید دەڵێن: "بەداخەوە حكومەتی هەرێمی کوردستان و عیراق بوونە حكومەتی داڵدەدانی تاوانبارانی جینۆساید و مووچە و ئیمتیاز بۆ تاوانباران بڕاوەتەوە و هەندێكیشیان پلە و پۆستیانیش پێدراوە."

٣٤ساڵ بەر لەئێستا، رژێمی بەعس یەكێك لە گەورەترین تاوانەكانی سەدەی بیستەمی بەرامبەر بە گەلی كورد ئەنجامدا بەناوی ئەنفال.. بە جۆرێك رژێمی بەعس لە ماوەی (٨) ساڵدا، چوار تاوانی جینۆسایدی بەرامبەر بە گەلی كورد پیادە كرد، كە بریتی بوون لە "كۆمەڵكوژی كوردانی فەیلی، جینۆسایدی بارزانیەكان، كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال"، كە تاوانی ئەنفال، گەورەترین و بەرفراوانترین پرۆسەی جینۆسایدكردنی كورد بوو.

ئەمرۆ چوار شەممەش لە ٣٤هەمین ساڵیادی کارەساتی بەناو ئەنفال، لەژێر دروشمی "دورستکردنی مۆنۆمێنتی تۆپزاوە و دادگایکردنی تاوانباران ..داواکاری هەمیشەمانە"، لە کتێبخانەی گشتیی کەرکوک، ژمارەیەک لە ڕێکخراو و چالاکوانانی مەدەنی و ماف پارێز لەشاری کەرکوک گردبوونەوەیەکیان سازکرد بۆ یادی قوربانیانی تاوانی ئەنفال، چالاکوانان لە گردبوونەوەکەدا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا، ئەو ڕێکخراوانەی کە بەشداری کۆنگرە رۆژنامەوانیەکە بوون بریتیبوون لە (١١)ڕێکخراوی بواری جینۆساید.

سەرەتای گردبوونەوەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی جینۆساید و ئەنفال دەستیپێکرد، پاشان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیەکەدا بەیاننامەیەک خوێندرایەوە کە ٨ داواکاری لەخۆ گرتبوو کە  وەکو هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر تاوانبارانی شاڵاوی بەناو ئەنفال لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبە دەسەڵاتدارەکان و قەرەبوو کردنەوەی کەسوکاری شەهیدان، جێبەجێ کردنی بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و دروستکردنی مۆنۆمێنتی تۆپزاوە .....هتد.

هێمن حەسیب چالاکوان و نووسەری بواری ئەنفال و جینۆساید، لە گردبوونەوەکەدا بەناوی ئامادەبووان و تەواوی ڕێکخراوەکانی گردبوونەوەکە بەیاننامەیەکی ئاڕاستەی ڕایگشتی کرد ووتی: "بە داخەوە ساڵ لە دوای ساڵ، داواكارییەكانمان دووبارە دەبنەوە، چونكە پەیمان و بەڵێنەكان ئەنجامیان نییە، ئەمەش لە كاتێكدایە، حكومەتی ئێستای عێراق و هەرێمی كوردستان، بە خۆێنی قوربانیانی جینۆساید هاتۆتە بەرهەم، بەڵام بەداخەوە هەر دوو حكومەت، بوونە حكومەتی داڵدەدانی تاوانبارانی جینۆساید، چونكە دەیان تاوانباری تاوانەكانی جینۆسایدی بەعس، لە سایەی ئەم دوو حكومەتە، ئازادانە دەژیین و موچە و ئیمتیازییان بۆ بڕاوەتەوە و هەندێكیشیان پلە و پۆستیان پێی بەخشراوە".

هەروەها لە درێژەی بەیاننامەکەیدا هێمن حەسیب چەند داواکارییەکی ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندی دارەکان کرد و ووتی: "هەر بۆیە لە یادی (٣٤) ساڵەی تاوانی ئەنفال، ویڕای بەرزگراتنی یادی (١٨٢) هەزار قوربانی ئەو تاوانە، داوا دەكەین:

١ـ دادگاییكردنی تۆمەتبارانی ئەنفال، بە تایبەت ئەو (٤٢٣) تۆمەتبارەی لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق، لە رێكەوتی (٢٠/٥/٢٠٠٧)ـەوە بڕیاری دەستگیركردن و دادگاییكردنی بۆ دەرچووە و تائێستا دامەزراوە ئەمینەكانی عێراق و هەرێم، ئامادەنین دەستگیرییان بكەن.

٢ـ داوا دەكەین، ناوی تۆمەتباران بدرێتە پۆلیستی ئەنتەرپول و حكومەتی وڵاتان، تا رەگەزنامە و مافی پەنابەرێتیان لێی وەربگیرێتەوە.

٣ـ پەلە بكرێت لە هەڵدانەوەی تەواوی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و هێنانەوەی روفاتی قوربانیان و ئەنجامدانی پرۆسەكانی شیكاری (دی ئێن ئەی)، بۆ ررفاتەکان و كەسوكاری قوربانیان، بە مەبەستی ناسینەوەیان.

٤ـ سەرۆك كۆماری عێراق بە ناوی دەوڵەتی عێراقەوە داوای لێبوردن لە قوربانیانی جینۆساید بكات، چونكە بەپێی پرنسیپی نێودەوڵەتی، داوای لێبوردن، ئەركی سەرۆك كۆمارە، كە بۆ خۆی كوردە و لە میلەتێكی قوربانی جینۆسایدە.

٥ـ هەموو لیستەكانی موچەی "شەهیدان، جینۆساید، بریندارانی چەكی كیمیاوی، زیندانیانی سیاسی، پێشمەرگەی دێرین" بڵاوبكرێنەوە و لە بوونی گەندەڵی و ناوی تاوانباران پاك بكرێنەوە.

٦ـ سەربازگەی تۆپزاوا لە فەوتان و لە ناوچوون رزگاربكرێت و بە بەپەلە بكرێت بە مۆنۆمێنتێكی شایستە بە قوربانیانی ئەنفال، چونكە سەربازگەی تۆپزاوە بە هاوشێوەی سەربازگەی ئۆشفیتزی هۆڵۆكۆست، هەڵگری دەیان پەیام و چیرۆكی قوربانیانی ئەنفال.

٧ـ داواكاری كەسوكاری قوربانیان جێبەجێ بكرێت و ژیانی شایستە بۆ تاقانەكانی جینۆساید و رزگاربووانی گۆڕی بە كۆمەڵ، بریندارەكان دابین بكرێت.

٨ـ پەرلەمانی كوردستان، هەموو جۆرە دانیشتن و سەردان و وێنەگرتنی بەرپرسانی حكومی و حیزبی لەگەڵ تاوانباران قەدەغە بكات.

هـ . ب