لەشکرکێشی و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان بە هاوکاری پەدەکە بەردەوامە، ئەمەش بووە هۆکاری نیگەرانی گەل. سەبارەت بە هێرش و داگیرکارییەکان هەر یەک لە مامۆستایان؛ کامەران محەمەد و عەلی نادر بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ANF)) قسەیان کرد.
'حکومەتی دڕەندەی تورکیا لە داگیرکردنی کوردستان بەردەوامە'
مامۆستا کامەران محەمەد ئاماژەی بەوە کرد داگیرکەران لە مێژە داگیرکاری و هێرش دەکەنە سەر کوردستان بە ئێستاشەوە کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێرش دەکاتە سەر خاکەمان و گوتی: "حکومەتی دڕەندەی تورکیا دەیەوێت لە داگیرکردن و هێرش کردنە سەر خاکی کوردستان بەردەوام بێت. ئەمە زۆر ناڕەوایە پێویستە چالاکوانانی مەدەنی، حیزبە سیاسیەکان و حکومەتی عێراق لە بەرامبەر ئەم داگیرکارییانە بێدەنگ نەبن چونکە لە پێناو ئەم خاکەدا هەزاران شەهیدمان داوە و خاکی کوردستان پیرۆزە."
لە کۆتاییدا کامەران محەمەد ئاماژەی بەوەکرد کە بێدەنگی و نەبوونی هەڵوێست وادەکات داگیرکاری لەسەر خاکەکەمان بەردەوام بێت و گوتی: "چەند گرنگە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بێدەنگ نەبن و ڕێگری بکەن لەم داگیرکارییانەی تورکیا ئەوندەش گرنگە کە چالاکوانانی مەدەنی، ڕۆشنبیران و ژنان و مامۆستایان هەڵوێستیان هەبێت و بێدەنگ نەبن لە بەرامبەر داگیرکارییەکانی تورکیا کە ئەرکێکی نیشتیمانی و نەتەوەییە."
'تورکیا هاوکاری دەکرێت بۆ هاتنە ناو خاکی کوردستان'
لای خۆیەوە مامۆستا عەلی نادر ئاماژەی بەوە کرد لایەنی سیاسی هەیە بووە بە چاوساغی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و هاوکاری دەکات و گوتی: "هاتنە ناوەی دەوڵەتی تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان تاوانە، بەداخەوە دەستێکی ناوخۆیی و ناپەسند هاوکاری تورکیای کردووە بۆ هاتنە ناو خاکی هەرێمی کوردستان. هاوکاری تورکیا و داگیرکارییەکانی قبوڵکراو نین و ئیدانەی دەکەم."
لە کۆتایشدا عەلی نادر باسی لەوە کرد پێویستە ڕۆشنبیران و گەل هۆشیاری ئەوەیان هەبێت کە داگیرکەر تەنها بە داگیرکردنی خاکەوە ناوەستێت بەڵکو کلتوور و ژینگەمان تێکدەدات و گوتی: "پێویستە لە هەموو ڕێگەیەکەوە دژی تورکیا بین و ئەم داگیرکارییە قبوڵ نەکەین. دەبێت هۆشیاری مەترسییەکانی داگیرکەر و داگیرکاری بڵاو بکرێتەوە، دەوڵەتی تورکیا کە دار دەبڕیتەوە و خاکمان تێکدەدات و ئەوەشی هاوکارییەتی پێویستە دەستی هاوکارییەکەی ببڕین و دژی داگیرکاری بین بۆ ئەوەی جارێکی تر خاکمان داگیرنەکرێت."