ئەنفال ناوی پڕۆسەیەکی پلانداڕێژراوی رژێمی بەعس بوو لە عێراق بۆ لەناوبردنی گەلی کورد، پڕۆسەکە لەساڵی ١٩٨٨ لە پاش كۆتایهاتنی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران رژێمی بەعس بە هەموو هێز و توانای سەربازی خۆیەوە هەڵیان كوتایە سەر كوردستان، لە هەشت قوناغ دا كەوتنە وێرانكردن و كاولكردنی كوردستان، لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوو بە دوو ئەنفالی بەربڵاو و گەورەی کوردی فەیلی و بارزانییەکان دەستی پێکرد، دواتر بە هەشت قۆناغ و بە گشتی لە میانی هەشت ساڵدا ئەنجامدرا، بۆیە لەناو کوردەکاندا بە "شاڵاوەکانی ئەنفال" ناسراوە، لە ئەنجامی شاڵاوی بەناو ئەنفال زیاتر لە ١٨٢ هەزار کورد جینۆساید و زیندەبەچاڵکران.
بۆ ناسینی وشەی ئەنفال پێویستە بزانین، سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین كە ئەنفال وشەیەكی عەرەبیە .لە ئەدەبیاتی ئیسلامەوە هاتوەتە ناو زمان و زەینی گەلی كورد و ڕاستەوخۆ لە دەقەكانی قورئانەوە وەرگیراوە.
ئەنفال ناوی هەشتەمین سورەتی قورئانە و ژمارەی ئایەتەكانی ٧٥ ئایەتە، لە مەدینە هاتووەتە خوارەوە، ئەنفال لەمانادا واتە زیادە و بەخشین، سوڕەتی ئەنفال باس لە چۆنێتی دابەشکردنی دەستکەوتەکانی دوای شەڕ دەکات لە لایەن موسوڵمانانەوە.
هەروەها سەبارەت بەزیاترناسینی وشەی ئەنفال لەڕووی ئاینیەوە، بەحوکمی ئەوەی ئەم وشەیە ناوی سوڕەتێکی قورئانی پیرۆزە، ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) چاوپێکەوتنێکی تایبەتی ئەنجامدا لەگەڵ مامۆستا ساماڵ ئەحمەد جەبار بازیانی کە ناسراوە بە دکتۆر(ساماڵ بازیانی)، کە خاوەن بڕوانامەی دکتۆرایە لە و بانگەواز لە شەریعەتی ئیسلامدا.
سوڕەتی ئەنفال هیچ پەیوەندیەکی نیە لەگەڵ ئەو جینۆسایدەی رژێمی بەعس دژی کورد ئەنجامیدا
سەبارەت بە ناساندنی سوڕەتی (الانفال) و ناوەرۆکی ئەو سوڕەتەی قورئانی پیرۆز دکتۆر ساماڵ بازیانی مامۆستایی ئاینی وتی: "سەرەتا داواکارین لە خوای گەورە ئەو قوربانیانەی لەو کارەساتە جینۆسایدکران بەشەهید هەژمار بکرێن و داواکارین خودا تۆلە لە ستەمکاران بکاتەوە و سزایان بدات، سوڕەتی ئەلئەنفال (الانفال) کە لەقورئانی پیرۆزدا دابەزیوە بۆ وەسف کردنی ئەو کەرەستە و پاشماوانەیە کە لایەنی بێ باوەڕ و ستەمکارەکانەوە بەجی دەهێڵرێت لەکاتی شەرکردنیان بەرامبەر موسڵمانان و ناوەڕۆکی سوڕەتی ئەنفال باس لە چۆنیەتی دابەشکردنی دەستکەوتی جەنگ و پاشماوەکانی ستەمکاران دەکات، دابەزینی سورەتی ئەنفال پەیوەندی بەو بابەتەوە بوو و هیچ پەیوەندی بە کوردەوە نیە، بۆیە پێویستە هەموو کوردێک بزانێت سورەتی ئەنفال هیچ پەیوەندیەکی نیە لەگەڵ ئەو دڕندەیی و جینۆسایدەی رژێمی سەدام حوسێن دژی کورد ئەنجامیدا".
بۆ ڕەوایەتیدان بەکارە قیزەونەکانیان چەمکی ئاینیان بەکارهێناوە
سەبارەت بە بەکارهێنانی بابەتی ئاینی لە پرۆسەکانی لەناوبردنی کورد و ڕاگەیاندنی شەر دژی شۆرشەکانی کورد، ئەو مامۆستا ئاینیە وتی: "بەکارهێنانی چەمکی ئاینی بۆ لەناوبردنی گەلی کورد لەلایەن وڵاتانی ستەمکار، یەکێک لە مەبەستەکانیان بۆ ئەوەیە کە ڕەوایی بەکارە قیزەونەکانی خۆیان بدەن و سۆزی خەڵکی بۆخۆیان ڕابکێشن، مەبەستێکی دیکەیان ئەوەیە کە دیانەوێت شێوەی جوانی ئاینی ئیسلام ناشرین بکەن بۆ نمونە بینیمان کە رژێمی بەعس تەواوی کارە سەربازی و ستەمکارییەکانی بەناوی سەحابەکان و ناوە پیرۆزەکانی نێو قورئانی پیرۆز ناودەنا، بەڵام کارە خزمەتگوزارییەکان بەناو سەرکردەکانی رژێمەکەوە دەکات".
ئەوەی دوژمنان دژی کورد دەیکەن پێچەوانەی ئیسلامە
سەبارەت بە بەکارهێنانی ناو و چەمکی ئاینی لەلایەن رژێمەکانی دوژمنی گەلی کورد لەپێناو لەناوبردنی کورد، دکتۆر ساماڵ ئاماژەی بەمافی نەتەوەکان کرد لەئاینی ئیسلامدا و وتی: "ئاینی ئیسلام دژی هەموو ستەمکارییەکە دژی تەواوی ماف خواردنەکانە و هەر پێکهاتەیەک مافی ئەوەی هەیە کە خاوەن قەوارە و مافی خۆی بێت، ئەو ستەمکارییەی کە دوژمنانی کورد بەناوی ئاینی ئیسلامەوە دەیکەن دژ بەکورد پێچەوانەی ئاینی ئیسلامە، چونکە ئاینی ئیسلام دژی هەموو ستەمکارییەکە".
لەشاڵاوی بەناو ئەنفال، رژێمی بەعش پێنج هەزار مزگەوتی سووتاند
سەبارەت بە ئەرکی مامۆستایانی ئاینی لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لەو چەمکە ئاینیانەی کە بەکاردێت بۆ دژایەتی و لەناوبردنی پێکهاتە و نەتەوەکانەوە، دکتۆر ساماڵ بازیانی دەڵێت: " سەبارەت بە ئەرکی مامۆستایانی ئاینی، ئەرکی سەرشانی مامۆسیتایانی ئاینیە کە بۆ خەڵکی ڕاستیەکان ڕوون بکەنەوە کە ئیسلام هیچ کاتێک ڕێگری نەکردوە لە مافی هیچ نەتەوەیەک، تەنانەت نەتەوەکان مافیان هەیە خاوەن قەوارە و وڵاتی خۆیان بن، تەنانەت لەسەردەمی پێغەمبەری ئیسلامدا مافی خۆبەڕێوبەری هەبووە، کە جوولەکەکانی ناو شاری مەدینە خۆیان بەڕێوەبردووە، هەروەها ئەرکی مامۆستایانی ئاینیە کە مێژووی کورد بە جیهان بناسێنن کە کورد نەوەی سەڵاحەدینی ئەیوبی و جابانی کوردییە و گەلی کورد هیچ کات دژی ئیسلام نەبووە. لە شاڵای بەناو ئەنفالدا پێنج هەزار مزگەوتی کورد سووتاوە، بەسووتاندنی قورئان و مزگەوتی ناوچە کوردییەکان ئەو درۆ شاخاوییەی رژێمی بەعس دەردەکەوێت کاتێک کە سورەتێکی قورئانی پیرۆز بۆ لەناوبردنی کورد بەکاردەهێنێت، لەدونیا تۆڕی کۆمەڵایەتی پێویستە هەر کەس ڕاستیەکان بەڕوونی ببینێت".
بەداخەوە ئەنفالچییەکان لە هەرێمی کوردستان بە ئازادی دەژێن
لە کۆتاییدا دکتۆر ساماڵ بازیانی، پەیام و داوایەکی ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و دادگاکان کرد و وتی: " بەداخەوە ئەو کەسانەی کە دوێنێ دەستیان لە پرۆسەی بەناو ئەنفال هەبوو و کەسوکارەکانمانیان جینۆساید و زیندەبەچاڵ دەکرد، ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوونە و خاوەن ئیمتیازن و لەپێش کەسوکاری قوربانیانی پرۆسەی بەناو ئەنفال و جینۆساید مووچە وەردەگرن، داواکارم ئەو تاوانبارانە دادگا بکرێن و بەسزای خۆیان بگەن، پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت لە کەیسی جینۆسایدکردنی گەلی کورد تا تەواوی تاوانبارانی رژیمی بەعس و ئەو کوردانەی کە هاوکاربوون لە پرۆسەی بەناو ئەنفال بۆ لەناوبردنی گەلی کورد، بە سزای خۆیان بگەن".
ف.ق