دەم پارتی هەزاران کەسی بۆ پاراستنی سندووقەکانی دەنگدان ئەرکدار کردووە

دەم پارتی بۆ هەڵبژاردنی خۆجێی لە کوردستان و تورکیادا، بە هەزاران کەسی بۆ پاراستنی سندووقەکانی دەنگدان ئەرکدار کردووە.

بڕیارە سبەینێ یەکشەممە ٣١ی ئادار لە تورکیا و باکووری کوردستان ملیۆنان کەس بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و ئیدارەی خۆجێی ناوچەکانیان واتە شارەوانیەکان هەڵبژێرن.

پرۆسەی دەنگدان لە کاتژمێر ٧ی بەیانیەوە دەستپێدەکات و تا کاتژمێر ١٦:٠٠ بەردەوام دەبێت. لە کاتژمێر ١٧:٠٠ ئەمرۆە بانگەشەی هەڵبژاردن رادەگیرێت.

هێندەی بانگەشەی هەڵبژاردن پاراستنی سندووقەکانی دەنگدانیش بابەتێکی گرنگە. دەسەڵاتی ئاکەپە هەزاران سەرباز و پۆلیسی بۆ شارەکانی باکووری کوردستان گواستووەتەوە.

لە هەڵبژاردنی رابردوودا پسوڵەی بێ مۆر، دەنگی هەڵە هەژمار کران، فرت و فێڵ و ساختەکاری لە تۆماری دەنگداران و ئاسایشی هەڵبژاردن بابەتی سەرەکی بوون و لەم هەڵبژاردنەشدا جارێکی دیکە ئەو بابەتانە لە ئارادان.

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە شارەکانی باکووری کوردستاندا ئامادەکارییەکانی بۆ دابینکردنی ئاسایشی هەڵبژاردن و پاراستنی سندووقەکان تەواو کردووە. دەم پارتی لە ئامەد و شارەکانی دەوروبەری ١٥ هەزار کەسی بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان وەک کارمەندی سندووق، چاودێر، بەرپرسانی وێستگە، تیمی گەڕۆک، کەسانی رێپێدراو بۆ تۆمارکردنی تانە و سکاڵا، بەڕێووەبەران و خۆبەخشانی پارتەکە بۆ پاراستنی سندووقەکانی دەنگدان دەستنیشان کردووە.

لە ئامەد ٣ هەزار و ٩٦٨ سندوق دادەنرێن و لەو شارە ملیۆنێک و ١٦٤ هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی گەورە شاری ئامەد و ١٨ شارەوانی ناوچەکان و شارۆچکەکان و ئەنجومەنی گەڕەکەکان.

دەم پارتی بۆ هەر سندوقێک کارمەندێک و چاودێرێکی داناوە، هەروەها هەزار و ٦٧ بەپرسی وێستگە و ١٥٠ پارێزەریش سندووقەکان دەپاڕێزن.

بە هەمان شێوە لە شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان و تورکیاش دەم پارتی لە رێگەی هەزاران کەسەوە کە ئەرکداری کردوون چاودێری پرۆسەکە دەکات و سندووقەکانی دەنگدان دەپاڕێزێت.

هـ . ب