دەنیز فرات؛چیرۆکی حەقیقەت و بەرخۆدانە

دەنیز فرات کە ژیانی خۆی بە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد بەخشی، چ لە شاخ و چ لە کەمپەکان وەک ڕۆژنامەنووسێکی شۆڕشگێڕ بە فیداکاری و بوێرییەوە تێکۆشانی کرد. دەنیز لە هەموو ساتەکانی ژیانیدا هەوڵی دەدا ڕاستییەکان بگوازێتەوە.

لەیلا یڵدزتان لە ساڵی ١٩٨٤لە گوندی خەجێ خاتوون سەر بە ناحیەی چالدرانی وان لەدایک بووە و لە ڕیزەکانی پەکەکەدا بە دەنیز فرات ناسراوە. گوندەکەیان لەسەر سنووری نێوان تورکیا و ئێرانە، بۆیە زۆرجار هێرش دەکرایە سەر بنەماڵەکەی. هەر بەو هۆیەشەوە لە ساڵی ١٩٩٠ ڕوویان لە شاری ماکوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و دواتر چوونەتە شاری ورمێ. ماوەیەکیش لە خواکورک نیشتەجێ بووە.

دەنیز لە ساڵانی ١٩٩١و ١٩٩٢لە خواکورک ماوەتەوە. لەوێ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی بە هاوکاری پەدەکە بۆ سەر باشووری کوردستانی بە چاوی خۆی بینیوە. دەکەوێتە بن کاریگەری شەهیدبوونی بێریتان (گوڵناز کاراتاش) کە لەو کاتەدا هێڵی خیانەت و تەسلیمیەتی پەدەکەی ڕەتکردەوە و بەرخۆدانی هەڵبژارد. دەنیز و سارای خوشکی (ساکینە یڵدزتان) بڕیار دەدەن بچنە ڕیزەکانی پەکەکەوە. خوشکی بنەوش (ئایفەر یڵدزتان) کە پێش دەنیز بەشداری پەکەکە بووە، لە ساڵی ١٩٩٧ لە شەڕێکدا لە زاپ شەهید بوو. لە ٨ی ئابی ١٩٩٩دا دوای ٢ ساڵ لە شەهیدبوونی سارای خوشکی کە لەگەڵیدا بەشداری ڕیزەکانی تێکۆشان بووە دەبیستێت. دەنیز لە زۆر بواردا بەشدارییەکی چالاکانەی لە ڕیزەکانی گەریلادا کردووە و لە ساڵی ٢٠٠٧دا بەشداری کارو چالاکی میدیایی دەبێت.

دەنیز ماوەیەک لە گۆڤاری 'خوداوەند زیلان' دەستی بە کاری ڕاگەیاندن کردووە و لە ڕادیۆی 'دەنگی وەڵات' دا خەباتی کردووە. دوای ئەوە بۆ ڕۆژنامەی "ڕۆژەڤی وەڵات" کە لە کەمپی مەخموور بڵاودەکرێتەوە، هەواڵی بۆ کەناڵ و دەزگا جیاوازەکان ئامادە دەکرد و هەروەها وتاری بۆ گۆڤاری 'خوداوەند زیلان' ئامادە دەکرد. وەک ڕۆژنامەنووسێکی شۆڕشگێڕ دوای هێرشەکانی داعش بۆ سەر مەخموور لە ٦ی ئاب، لە کاتی هێرشەکاندا لە ٨ی ئابی ٢٠١٤ شەهید بوو.

هاوڕێی تێکۆشانی، جیهان موراد باسی دەنیز فراتی کرد

جیهان موراد ئاماژەی بەوەدا، بۆ یەکەمجار لە فاراشین لە ساڵی ١٩٩٩دەنیز فراتی بینیوە و وتی: "لەو ساڵەدا ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بەدیل گیرا و ئۆپەراسیۆنەکان لەسەرمان زیاتر بوون، لەو کاتەدا هەڤاڵ دەنیز هێشتا تەمەنی ١٥-١٦ ساڵ بوو، لە هەلومەرج و بارودۆخی سەختی باشووری کوردستاندا ئەرکەگەریلاییەکانی بەڕێوەدەبرد."

'ئەو گەریلای ڕۆژە سەختەکان بوو'

جیهان موراد باسی لەوەکرد، کە دەنیز بۆ ماوەیەکی کەم لە کەلاڕەش مایەوە، دواتر پرۆسەی کشانەوە دەستیپێکرد، بۆیە ڕوویان لە قەندیل کرد و باسی یادەوەرییەکەیانی کرد: "لە سەردەمێکدا کە هێرش بۆ سەر باشووری کوردستان چڕبووەوە، ئێمە لە یەک گروپدا بووین. پێکەوە لە گەڵ هەڤاڵ دەنیز لە تێکۆشاندا بووین، دەنیز نموونەیەکی زیندوو بوو لە هەڤاڵیەتی و فیداکاریی و بەشداریکردن لە ئەرکە سەختەکان و فەداکاری لە پێناو هەڤاڵەکانی.

هەڤاڵ دەنیز کەسایەتی خۆی لەم بزووتنەوە و شۆڕشەدا بنیاتنا. کاتێک بەشداری خوێندن و نووسینەوە بوو، حەزێکی بەهێزی لەم بەشەدا نیشان دا و دواتر فێری خوێندنەوە و نووسین بوو. هەرچەندە نەچووبووە قوتابخانە، بەڵام لەو شوێنەی کە لێی بوو بەهێزترین قەڵەمی هەبوو و گرنگییەکی زۆری بە نووسین دەدا. هەڤاڵ دەنیز بەردەوام یادەوەرییەکانی دەنووسی لە پێناو کارەکانیدا خاوەن ئیرادەیەکی بەرز بوو.

'لەگەڵ خەڵکدا پەیوەندییەکی بەهێزی بوو'

جیهان موراد لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ماوەیەک لە کەمپی مەخموور پێکەوە ماونەتەوە، هەڤاڵ دەنیز لەلایەن دانیشتوانی کەمپی شەهید ڕۆستەم جودی مەخموورەوە زۆر خۆشەویست بوو و وەک ئەندامی کەمپەکە دەبینرا. بەڵام بەو پێیەی بنەماڵەکەی کۆچبەری باکووری کوردستان بوون و لە مەخموور نیشتەجێ بوون، بە شێوازی ژیان و دانیشتوانی کەمپەکە نامۆ نەبوو. هەرچەندە ساڵانێک بەهۆی ژیان و هەلومەرجی شاخ لە خەڵک دوور بوو، بەڵام بەهۆی پەیوەندییە بەهێزەکانییەوە لەناو خەڵکدا جێگای خۆی دەکردەوە. لەگەڵ منداڵان گەورە و بەساڵاچوواندا هاوڕیەتی دروست دەکرد، بەم شێوەیە بە خێرایی لەناو گەلدا پەیوەندییەکانی دروست دەکرد.

چالاکانە لە کاری ڕۆژنامە، تەلەفزیۆن و خەباتی ڕاگەیاندندا لە کەمپەکە بەشدار بوو و بەردەوام لە لەگەڵ خەڵکدا لە پەیوەندیدا بووە. لە ساڵی ٢٠٠٧ بە دەرچوونی گۆڤاری خوداوەند زیلان، بەشداری خەباتی ڕۆژنامەوانی بوو. لە ڕادیۆی دەنگی وڵاتدا ڕووماڵی بەرنامەکانی ژنانی دەکرد و دوای هاتنی بۆ مەخموور بەردەوام بووە، لە کارکردن بۆ ڕۆژنامە، تەلەفزیۆن و ئاژانسەکانی هەواڵ تا دوا سات بەردەوام بوو بەردەوام بەشێوەیەکی فەدایی لە کارەکاندا بەشداری دەکرد و هەموو ئەرکە بچووک و گەورەکانی بە سەرکەوتوویی جێبەجێ دەکرد.

'تەنانەت بۆ ساتێکیش لە ئەرکەکانی خۆی بەدوور نەدەگرت'

جیهان موراد سەرنجی بۆ بوێری و بەرخۆدانی دەنیز فرات ڕاکێشا و وتی: "سەرەڕای سەختی برینەکەی، بەڵام هێشتا لە هەوڵی تۆمار کردنی شەڕەکە بوو بە کامێراکەیەوە، کاتێک داعش لە ٦ی ئابی ٢٠١٤ هێرشی کردە سەر کەمپی مەخموور، ژن و منداڵ لە کەمپەکە دوور خرانەوە، لەو کاتەدا ٢ خوشکی دەنیز لە شەڕەکەدا شەهید بوون. بەو بۆنەوە هەڤاڵان دەیانویست دەنیز کەمپەکە بەجێبهێڵێت، بەڵام دەنیز بە توندی ڕەتیکردەوە و لە کەمپەکەدا مایەوە و بەرخۆدانی کرد، دەکرێت ئەم کردەوەیە وەک هەڵوێستێکی شۆڕشگێڕانەی و ڕۆژنامەگەری ناو لێبکەین.

'ئەو ڕاستیەکانی تاکۆ ١٠ خولەک پێش شەهید بوونی ڕاگەیاند'

لە ٨ی ئابدا شەڕێکی قورس ڕوویدا. هەڤاڵ دەنیز سەرەڕای ئەوەی بە سەختی بریندار بوو، بە کامێراکەی شەڕەکەی تۆمار کرد و تا ١٠خولەک پێش شەهیدبوونی، پەیوەندی بە تەلەفزیۆنەکەوە کرد و دوایین زانیارییەکانی شەڕەکەی ڕاگەیاند. بەم ڕێبازەی پێشەنگ بوو لە بواری ڕۆژنامەگەری ژنان. بەهۆی سەختی برینەکەیەوە، گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر، بەڵام سەرەڕای هەموو هەوڵێک، نەتوانرا ڕزگار بکرێت و ژیانی لەدەستدا و شەهید بوو.

ژیانی هەڤاڵ دەنیز وەک زۆربەی ژنە شۆڕشگێر و پێشەنگەکان بە بەرخۆدان و تێکۆشان لێوانلێو بوو. هەرگیز لەسەر ژیانی ئازادی خۆی سازشی نەکرد و هەمیشە هەڵوێستێکی بەهێزی بوو. هەڤاڵ دەنیز لە بۆتان، خنێرە، خواکورک، قەندیل و زاگرۆس شەڕی کردووە و لە زەڵێەوە تا بۆتان و مەخموور لە هەموو شوێنێک بە شێوەیەکی فیدایی تێکۆشانی کردووە. لە ژیاندا دەیگوت ' ئەگەر دە جار لە دایک ببمەوە، هەر ڕێبازی شۆڕشگێڕی هەڵدەبژێرم' هەڤاڵ دەنیز بەردەوام ژیانی شۆڕشگێڕی بە تێکۆشان و بوێری و فیداکارییەوە بەسەر برد و لەسەر ڕێگای حەقێقەت پاشەکشەی نەکرد و درێژەی بە بەرخۆدان داوە.