دەوڵەتی تورک لە ١٤ ناوچەی بەستای شرنەخ داری دارستانەکان دەبڕێتەوە
جەردەوانانی دەوڵەتی تورک لە ١٤ ناوچەی جیاجیای بەستا لە پارێزگای شرنەخ دەستیان بە بڕینەوەی داری دارستانەکان کردووە.
جەردەوانانی دەوڵەتی تورک لە ١٤ ناوچەی جیاجیای بەستا لە پارێزگای شرنەخ دەستیان بە بڕینەوەی داری دارستانەکان کردووە.
دەوڵەتی تورک لەم ساڵانەی دواییدا بە شێوەیەکی زۆر بەر چاو داری دارستانەکانی کوردستان دەبڕێتەوە و تاڵانیان دەکات.
دەوڵەتی تورک لە ناوچە داگیرکراوەکان لە ڕۆژئاوا و باشووری کوردستانیش بووەتە هۆی دروستبوونی کارەساتێکی ژینگەیی و بە بەردەوامی ژینگەى ئەو ناوچانە تێکدەدات و تاڵانیان دەکات و دارەکانیان دەبڕێتەوە.
لە باکوری کوردستانیش دارستانەکان لەچەندین ناوچەدا دەبڕدرێنەوە. بڕینەوەی دارەکان ساڵی ڕابردوو لە چیای بەستا و جودی و گابار-ی شرناخ دەستیپێکردبوو و ئێستاش لە مانگی تەموزدا بڕینەوەى داری ئەو ناوچانە بەردەوامە.
ئەو ناوچانەى دارەکانی تێدا دەبڕدرێنەوە لە ژێر چاودێریی سەربازیدایە و ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو ناوچانە بەرفراوانتر دەبن.
ئێستاش بەتایبەتی لە ناوچەی بەستا لە نێوان شرنەخ و سێرت دا بڕینی دارەکان زیادیکردووە.
ئەو دارانەی لە ناوچە شاخاوییەکان دەبڕدرێنەوە بە تراکتۆر لە ناوچە تەختەکان دا کۆدەکرێنەوە و دواتر بە بارهەڵگر باریان دەکەن و بۆ فرۆشتن دەیانگوێزنەوە بۆ شارەکانی ڕۆژئاوای تورکیا.
لە چوارچێوەی ئەو تاڵانکارییەی دەوڵەتی تورک و جەردەوانەکانیدا تا ئێستا لە هەرێمی بەستا هەزاران تۆن دار بڕاونەتەوە.
ئەو ناوچانە، کە دارەکانیان لێ دەبڕدرێنەوە بریتین لە: کەنیامیر، بیرا تەتۆ، بیرا پەشۆ، دیندارۆک، جنیوەر، بەلوزەر، ڕیسۆر، سەرێڕو، تکەرا، قورتکی پێشیا، گرێدەینجە، شەڕڤان، خرتکبەستێ و ناڤیان.
ئەو دارانەی لەو ١٤ ناوچەیەدا دەبڕێنەوە لە ناوچەی ناڤیان لە چیای جودی کۆدەکرێنەوە و لەوێوە بە بارهەڵگر دەبرێن بۆ شارە جیاوازەکان و دەفرۆشرێن.
ژ.ت