دەوڵەتی تورک زیاتر لە ٣٠٠ ناوچەی پارێزگای بەدلیسی قەدەغە کرد

دەوڵەتی تورک ٣٠٨ ناوچەی لە پارێزگای بەدلیس لە باکوری کوردستان بۆ تەواوی ساڵی ٢٠٢٢ قەدەغە کرد. لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا هەمان بڕیاری قەدەغەکاری بۆ ٣ شاری تری باکووری کوردستان دەرکرا.

پارێزگاری دەوڵەتی تورک لە بەدلیس ڕایگەیاندووە، ٣٠٨ ناوچە لە ناوەندی بەدلیس و ناوچەکانی تاتوان، مۆتکی و خیزان-یان کردووە بە "ناوچەی ئەمنیی تایبەتی کاتی" و هەموو جۆرە هاتوچۆکیان لەو ناوچانەدا قەدەغە کردووە.

بەپێی بڕیاری پارێزگاری دەوڵەتی تورک لە بەدلیس، لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ەوە تاوەکو ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، واتە بە درێژایی هەر ١٢ مانگەکەى ساڵی ٢٠٢٢، ئەو ٣٠٨ ناوچەیە لە پارێزگای بەدلیس قەدەغە دەکرێن.

دەوڵەتی تورک لە بەردەوامیی قەدەغەکارییەکانیدا لە لە ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا، ١٤ ناوچەی لە شرنەخ بۆ ماوەی ساڵێک قەدەغە کرد.

 هەروەها ڕۆژی ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، لە جۆلەمێرگ ١١ ناوچەی بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ قەدەغە کرد.

لەباکوری کوردستان ساڵانە لە چەندین شار و شارۆچکە قەدەغەکردنی ژیان و هاتوچۆی هاووڵاتییان بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و سیستماتیک و بەپێی میزاج و ئارەزووی بەرپرسانی دەوڵەتی تورک دەسەپێرنێت.

ژ.ت