لە فەرماندەکانی یەژاستار دەلیلە دەڤریم بەبۆنەی ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ ی ئاب، قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
دەلیلە دەڤریم ڕایگەیاند هەڵمەتی ١٥ ی ئاب بوو بە لەدایکبوونێکی نوێ بۆ مرۆڤایەتی، گوتی:
"سەرەتا هەڵمەتی ١٥ ی ئاب لە ڕێبەر ئاپۆ و هاوڕێیانی شەهیدی شۆڕش و گەلی وڵاتپارێزمان پیرۆز دەکەم. هۆکاری زۆر هەبوون بۆ سەرهەڵدانی هەڵمەتی ١٥ی ئاب. چونکە لەو سەردەمەدا گەلی کورد کەوتە بەر هێرشی قڕکردن و کۆمەڵکوژی چاندی. بۆیە یەکەم فیشەک کە هاوڕێ عەگید لە ١٥ی ئابدا تەقاندی، مانای هیوا بوو بۆ گەلی کورد. سیاسەتی قڕکردنی چاندیی کە لەلایەن داگیرکەرانەوە پلانی بۆ داڕێژرابوو، بێ ئەنجام مایەوە. دوژمن ئیتر لە ڕاستی کورد تێگەیشتووە، کورد خاوەنی چاندێکی سەرهەڵدەرە و کۆیلایەتی بە شایستەی خۆی نازانێت. کاتێک سەیری مێژوو دەکەین، دەبینین کورد هەمیشە دژی سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردن سەرهەڵدانی کردووە. لەم سەرهەڵدانانە کوردێکی زۆر کوژران. ڕوونترین نموونەش کۆمەڵکوژی دێرسیم و دۆڵی زیلانە. ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەمەیە، داگیرکەران هەردەم دژی کورد سیاسەتی شەڕی قێزەونیان پیادە کردووە. بەڵام کورد هەرگیز دەستبەردای چاندی سەرهەڵدانی خۆی نەبووە. بە هاتنی پەکەکە چاندی بەرخۆدان هێندەی تر چالاکتر بوو. ئەمە لەسایەی ڕێبەر ئاپۆ هاتەدی. ڕێبەر ئاپۆ داری وشکهەڵاتووی سەرلەنوێ سەوز کردەوە".
"لەڕێگەی یەکەمین فیشەکەوە، دیواری ترس ڕووخا!"
دەلیلە دەڤریم ڕایگەیاند گوێگرتن لە گۆرانی کوردی قەدەغە دەکرێت و گوتی: "پێشتر لە ماڵەکانیشدا گوێگرتن لە مۆسیقای کوردی قەدەغە بوو. لەسایەی ڕەنجی ڕێبەر ئاپۆ و پێشەنگایەتی هاوڕێ عەگید لە بۆتان یەکەمین فیشەک نرا بە دڵی دوژمنەوە و دیواری ترس ڕووخا. ئەمە بووە هۆی هەناسەهەڵمژینی گەلی کورد. ئیتر گەلی کورد متمانەی بەخۆی زیاتر بوو و بۆ یەکەمجار بە سوپایەکی بەهێزەوە دەستیان بە پرۆسەی شۆڕشگێڕانە کرد. گەلی بۆتان لەم هەڵمەتەوە هێزیان وەرگرت و لە شەقامەکاندا بەرخۆدانیان کرد. دەوڵەتی ستەمکاری تورک بەم بەرخۆدانە سەری سوڕما و هەوڵی چەوساندنەوەی گەلی دا. بەڵام گەلی کورد سازشی لەسەر بەرخۆدانەکەی نەکرد. دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە هێزەکەی بەشی ئەوە نەبوو بەرامبەر بە بەرخۆدانی گەل بوەستێتەوە، دەستی کرد بە بەکارهێنانی ڕێ و ڕێبازی قێزەون. هەوڵیدا کورد لە دژی یەکتر شەڕ بکات، بۆ ئەمەش سیستەمێکی جەردەوانی لەڕێگەی ئەو کوردانەوە دامەزراند کە بە چەند فلسێک خۆیان دەفرۆشن. دەوڵەتی تورک باش دەیزانی ناتوانێت بەرامبەر هێزی کوردان خۆی ڕابگرێت، بۆیە هەوڵیدا کورد بدات بەگژی یەکتردا. دەوڵەتی تورک لەم پلانەشدا سەرنەکەوت. چونکە ئیدی گەلی کورد هەبوونی خۆی لە ڕاستی پەکەکەدا بەدی دەکرد و هەموو کوردێکی بەشەرەف ئیتر دەبووە ئەندامێکی پەکەکە. بۆ ژنانی کوردیش ڕێگەیەکی نوێی ئازادی کرایەوە. ژن لەناو جڤاکدا ڕووبەڕووی زیهنیەتی کۆیلەکردن دەبوونەوە. حیساب بۆ ژن نەدەکرا... لەنێو جڤاکدا وەک هەبوونێک نەدەبینرا. بەڵام پاش هەڵمەتی ١٥ ی ئاب هەزاران ژن چوونە ڕیزەکانی پەکەکەوە، ئیتر ١٥ ی ئاب بۆ هەمووان جێگەی هیوا بوو".
"بەرخۆدانی گەریلا مەزنتر بوو، دەوڵەتی تورک داڕما"
دەلیلە دەڤریم قسەکەی دەوڵەتی تورکی بیرهێنایەوە کە دەڵێت "کۆتایی هات، ئێمە لەناویان دەبەین"، وەها درێژەی بە قسەکانی دا: "ڕاستییەکەی ئەوان داڕمان و کۆتاییان هات. کەس باوەڕی بە دەوڵەتی تورک نەماوە. تەنها فاشیستەکان باوەڕ بەو قسانە دەکەن. ڕاستی ئاشکرایە، دەوڵەتی تورک بەرامبەر پەکەکە داڕماوە و بێهێز بووە. دەبێت دەوڵەتی داگیرکەری تورکیش ئەمە بزانێت، پەکەکە کۆتایی نایەت. چونکە ڕێبەر ئاپۆ زەمینەیەکی بەهێزی بۆ پەکەکە دامەزراندووە. پارادایمی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ پێشدەکەوێت و بەهێز دەبێت.
ئیدی گەریلا پرۆفیشناڵن. ڕۆژانە گورزی قورس لە دوژمن دەدەن. هەرچەندە دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە چاپەمەنیدا بڵاوی ناکاتەوە، بەڵام هەمووان ئەم ڕاستییە دەزانن. دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە بەرامبەر گەریلادا بێ چارەیە. هەر بۆیە هەموو ڕۆژێک ناوی سەربازە مردووەکان بە هەواڵی ساختە لە چاپەمەنی شەڕی تایبەتدا بڵاودەکاتەوە. ئەمەش نیشانەی بێ چارەیی ئەوانە. ئێمە بەو ڕۆحەی کە هاوڕێ عەگید لە ئێمەدا پێشی خست، دوژمنمان تێکشکاند. ئێستاش هەموو گەریلایەک بووە بە عەگید. وە تا ئەو ڕۆحە بەردەوام بێت، باوەڕمان وایە دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەمیشە لە بەرامبەر گەریلادا شکست دەهێنێت".
"پێویستە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕیی دژی داگیرکاری و هاوکارانی داگیرکەران مەزن بکەین"
دەلیلە دەڤریم تیشکی خستەسەر هێرشە داگیرکارییەکان و بەرخۆدان، گوتی: کاتێک مرۆڤ سەرنج دەداتە شەڕی ئەم سەردەمە، دەبینێت کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک و ئەو سیاسەتە قێزەونانەی دەیویست پاش ١٥ ی ئاب دژی کورد پیادەی بکات، ئێستە دەیەوێت لەڕێگەی پەدەکەوە بەڕێوەی ببات. لە ئۆپەراسیۆنی داگیرکاری سەر باشووری کوردستان، پەدەکە دەکەوێتە پێشی داگیرکەران. وەک چۆن لە نەوەدەکان دەوڵەتی تورک لە باکووری کوردستان سیستەمی جەردەوانی دامەزراند و گەلی کوردی کۆمەڵکوژ کرد، ئێستە هەمان شت بەدەستی پەدەکە دەکات. ئەمە هەمووی لەبەرچاوە. هەمووان شەڕی باشووری کوردستان دەبینن. دەوڵەتی تورک بەدەستی پەدەکە گوندەکان چۆڵ دەکات و دەیانسووتێنێت، بە ڕێگەپێدانی پەدەکە و بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان خەڵکی مەدەنی کۆمەڵکوژ دەکات. دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان بەدەستی پەدەکە کوردان ئەنفال دەکات. گەلی کورد لەوێ ناچار بە کۆچکردن دەکات. چەتە لە شوێنی کوردەکان دادەنێت.
ئەم گەمە قێزەونانە تێکدەشکێنین کە دەوڵەتی تورک بەدەستی پەدەکە ئەنجامی دەدات. وەک گوتم، چونکە ئێمە هێزێکین لەلایەن فەرماندەی مەزن هەڤاڵ عەگیدەوە ئافرێنراوین، بێگومان لەم شەڕەدا سەردەکەوین. با گەلەکەمان باوەڕی بەمە هەبێت، پێکەوە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی دەکەین و ناهێڵین داگیرکەران کوردستان تاڵان بکەن. بۆ ئەمەش دەبێت گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان خۆی بە بەرپرسیار ببینێت، هاوکاری گەریلا بکەن و ڕێگە بە داگیرکەران نەدەن. ئەگەر گەل و گەریلا پێکەوە لەپاڵ یەکدا شەڕ بکەن، سەرکەوتن بۆ ئێمە دەبێت. لەسایەی ئەم یەکبوونەوە، گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ دەشکێت، کوردستان ئازاد دەبێت".