فه‌رید شه‌نیاشار: نوێژ و رۆژووی سته‌مكاران قه‌بوڵ ناكرێت

فه‌رید شه‌نیاشار كه‌ له‌گه‌ڵ دایكی ئه‌مینه‌ شه‌نیاشار له‌ پێناو ئه‌و كه‌سوكاره‌یان كه‌ له‌ رحا كوژرابوون ئێشكگری دادپه‌روه‌ری ده‌كه‌ن وتی، "ئه‌وانه‌ی بوونه‌ هاوبه‌شی ئه‌م سته‌مه‌، نه‌ نوێژ و نه‌ رۆژوویان قه‌بوڵ ناكرێت".

ئه‌مینه‌ شه‌نیاشار كه‌ هاوسه‌ر و دوو كوڕی له‌ ١٤ی حوزه‌یرانی ٢٠١٨دا له‌ ناوچه‌ی پرسوسی رحا له‌لایه‌ن خزمه‌كانی په‌رله‌مانتاری ئاكه‌په‌ ئیبراهیم خه‌لیل یه‌ڵدزه‌وه‌ كوژراون، له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ی فه‌رید شه‌نیاشار كه‌ هه‌ر له‌و هێرشه‌دا برینداربوو، له‌ ٩ی ئاداری ٢٠٢١ه‌وه‌ له‌به‌ر دادگای رحا له‌ چالاكی ئێشكگری دادپه‌روه‌ریدان. چالاكی بنه‌ماڵه‌ی شه‌نیاشار له‌ رۆژی ٤٠٣هه‌میندا به‌رده‌وامه‌.

فه‌رید شه‌نیاشار له‌ چالاكیه‌كه‌دا باسی له‌وه‌كرد، سه‌ردانی فازیل شه‌نیاشاری برای كردووه‌ كه‌ چوار ساڵه‌ له‌ زیندانی خارپیت له‌ ژووری تاكه‌كه‌سیدایه‌. فه‌رید شه‌نیاشار وتی، رۆژێك دادپه‌روه‌ری ده‌چه‌سپێت و رایگه‌یاند، "براكه‌م چاوه‌ڕوانی ئه‌و رۆژه‌یه‌ كه‌ دادپه‌روه‌ری جێبه‌جێ بكرێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش من و دایكم زیاتر له‌ ساڵێكه‌ له‌ ئێشكگرییداین. ئه‌وه‌ بووه‌ چوار ساڵ هێشتاش بكوژه‌كان ده‌ستگیرنه‌كراون. كامه‌ سیستمی دادگا و دادوه‌ر ده‌توانن ئه‌و بابه‌ته‌ ببه‌ستنه‌وه‌ به‌ یاساوه‌. تاكه‌ یه‌ك هۆكار هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ دادگای رحا یاسای باڵاده‌ستان به‌ركاره‌".

شه‌نیاشار باسی له‌وه‌كرد، كه‌ له‌ مانگی ره‌مه‌زاندان و وتی، "ئه‌مڕۆ هه‌ینیه‌، رۆژێكی پیرۆزه‌. دادوه‌ر به‌ ئۆتۆمبێله‌ گرانبه‌هاكه‌ی به‌ به‌رده‌ممان تێپه‌ڕی و ده‌چێته‌ نوێژی هه‌ینی. دوای وتاری نوێژی هه‌ینی مه‌لا ده‌ڵێت ‘خوداوه‌ند ده‌یه‌وێت دادپه‌روه‌ری بچه‌سپێت‘. هه‌م ده‌بێته‌ هاوبه‌شی ئه‌م سته‌مه‌ و هه‌م ده‌چێته‌ نوێژی هه‌ینی! ئه‌و دووانه‌ پێكه‌وه‌ كۆنابنه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی بوونه‌ته‌ هاوبه‌شی ئه‌م سته‌مه‌، نه‌ خواپه‌رستیان نه‌ رۆژووه‌كانیان قه‌بوڵ ناكرێن. تا دادپه‌روه‌ری جێبه‌جێ ده‌كرێت، من دایكم له‌به‌رده‌م دادگای رحا ده‌بین".

هـ . ب