فەلاح سەڵاح: "باشترین کاتە بۆهەنگاونانی هێزە کوردستانییەکانی چوارپارچە بەئاڕاستەی یەکریزی"

فەلاح سەڵاح چادێری سیاسی دەڵێت: " لەئیستادا باشترین کاتە بۆئەوەی هێزە کوردستانییەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان هەنگاوبنێن بەئاڕاستەی تەبایی و یەکریزی و هەماهەنگی لەنێوان تەواوی هێزە کوردستانییەکان".

دەرباری ڕەوشی ئیستای عێراق و ڕێکنەکەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتی عیراق دوای شەش مانگ لە هەڵبژاردن، ئه‌وه‌ی بارودۆخی عیراق بەروە کوێ دەروات؟ و چارەسەری چیە؟، هەروەها دەربارەی چەند پرسیکی دیکەی وەکو هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا وئێران لەناو خاکی باشوری کوردستان، پەرتەوازەبوونی نێو ماڵی کورد مەترسییەکانی بۆ قوناغەکانی داهاتوو، هەروەها ڕێککەوتنە سیاسیە تاکڕەواەکان و مەترسی لەسەر بوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەنگۆی شەری کورد بەکورد و چەند بابەتێکی دیکە، فەلاح سەڵاح چاودیری سیاسی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

"تائیستا ئەجیندانی ووڵاتان لە عیراق جێبەجێ دەکرێت"

سەبارەت بەوەی کە دوای شەش مانگ لەهەڵبژاردنی عێراق و پێکنەهێنانی حکومەت تائیستا، داهاتووی دۆخی عێراق چی دەبێت، فەلاح سەڵاح عەبدوڵا چاودێری سیاسی دیاری باشوری کوردستان، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "دۆخی لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ کە چووە ناوقۆناغێکی نوێ بەرەو دیموکراسی کە تیدا هێزە عێراقییەکان سەرکەوتوو نەبوون، وە تائیستا ئەجیندانی ووڵاتانی هەرێمی و زلهێز لە عیراق جێبەجێ دەکرێت و نەوونی ئیردەی ڕاستەقینەی و نەبوونی متمانەی تەواو لەنیوان هێزە عێراقییەکان وایکردووە کێشەکان کەڵەکە بن، ئەو بارودۆخەی لە عێراق هەیە دەگەڕاێتەوە بۆ ئەوە سیستەمی دابەشکردنەوەی لەنیوان کورد، سوونە و شیعە هەیە، دەتوانین بلین ئەزموونی خراپی هێزە کوردستانیەکانمان گواستۆتەوە بۆ بەغدا، سەڕەرای ئەوەی ناکۆکی لەنێوان سوونە و شێعەکان هەیە بەڵام ئیستا کورد هۆکارێکە لە هۆکارەکانی پێکنەهێنانی حکومەتی عێراق چونکە ڕێکناکەون لەسەر دیاری کردنی سەرۆک کۆمار بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەکان".

لە باشوری کوردستان هێزە سیاسییەکان خەونی یەکریزییان لە گۆڕنا

هەروەها سەبارەت بە مەترسی بڵاوبوونی نێو ماڵی کورد، بەتایبەتی لە ڕێکەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ عیراق، فەلاح سەڵاح ووتی: "بەداخەوە یەکریزی لایەنە کوردییەکان لە هەرچوار پارچەی کوردستان بۆتە خەونێک، بەداخەوە هێزە سیاسیەکانی کوردستان و بەتایبەتی لە باشوری کوردستان هێزە سیاسییەکان خەونی یەکریزی کوردیان لە گۆڕنا، چونکە هێزە دەسەڵاتدارەکان و هێزە ئۆپەزسیۆنەکانی باشوری کوردستان دابەش بوونە بەسەر هێزە هەررێمیەکانی وەکو تورکیا، ئێران و ناوەندەکانی دیکە، واتا ئیرادەیەکی ڕاستەقینە نیە بۆ رزگاربوون لەو قەیرانە سیاسیەی کە لە هەرێمی کوردستانی هەیە و هاوکاربن لە پرۆسەی سیاسی عیراق، بۆیە بۆ ئەجیندای ووڵاتە هەرێمییەکان کار دەکەن".

بڕیاری هێزە سیاسیەکان ئەجیندای ووڵاتانی زلهێز و هەرێمی پێوە دیارە

سەبارەت بەخوێندنەوەیان بۆ ئەنجامی هەڵبژاردەنەکانی عێراق، ئەو چاودێرە سیاسییە ووتی: " دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و عیَراق پێمان دەلێن کە ئەم هێزانە خاوەن پێگەیەکی جەماوەری نین بەهۆی بێ ئێرادەیی هێزە سیاسیەکان و بێ متمانەیی جەماوەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکە بوو، وە بڕیاری هێزە سیاسیەکان هەڵقوڵاوی ناو جەماوەر نین بەڵکو بڕیارەکانیان سەپاندنی ئەجیندای ووڵاتانی زلهێز و هەرێمی پێوە دیارە".

"پێویستە بەوریاوە مامەلە لەگەڵ هاوپەیمانییەکان بکەن و هاوسەنگی هێز ڕاگرن"

سەبارەت بە ڕێککەوتنی (بارزانی، سوونە و سەدر) و مەترسییەکانی لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان، ئەو چاودێرە هۆشداری دا و ووتی : "گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراقیش بۆتە شوێنی یەکلاکردنەوەی ململانیەی ووڵاتە زلهێزەکان، ئەگەر ململانیەکە ببەستینەوە بە کەرتی وزەەوە روسیاش بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێراندا بەشێکە لە ململانیەکان، ئەگەر هێزە سیاسیەکانی کوردستان بە وریایەوە مامەلە لەگەڵ هاوپەیمانییەکان نەکەن و هاوسەنگی هێز ڕانەگرن ئەوە بەدڵنیایەوە هەرێمی کوردستان زەرەمەند دەبێت و ئەو قەوارەیەی کە قوربانی خوێنی شەهیدان هاتۆتە کایەوە دەبێتە قوربانی غروری هێزە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان". 

"نەبوونی ئیرادەی سیاسی، عیراقی کردووە بە شوێنی یەکلاکەرەوەی ململانییەکان"

سەبارەت بە هێرشە بەردەوامەکانی ووڵاتان بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان وعێراق، ناوبراو ووتی: "رۆژانە ئێمە دەبینین کە ئێران و تورکیا تۆپبارانی نیوخاکی هەرێمی کوردستان دەکات و ئەمریکاش لە ناوەندی بەغدا دوو سەرکردەی شێعەکان دەکوژێت، نەبوونی ئیرادەی سیاسی لەلایەن عێراقییەکان وایکردووە کە هەموو ململانیەی ووڵاتانی هەرێمی و زلهێز لە عیراق یەکلایی دەکەنەوە، ئەگەر هێزە عێراقی و کوردستانیەکان بە وریاوە مامەلە لەگەڵ بارودۆخەکە نەکەن ئەوە هەرێمی کوردستان زیانی گەورەی بەردەکەوێت لەم دۆخەدا".

"باشترین کاتە بۆئەوەی هێزە کوردستانیەکان چوارپارچە هەنگاوبنێن بەئاڕاستەی تەبایی و یەکریزی"

سەبارەت بە لەشکرکێشی هێزەکانی پارتی دیموكاتی كردستان (پەدەکە) بۆ ناوچەکانی گەریلا و دەنگۆی ئامادەکاری بۆ شەری دژی پەکەکە لەلایەن تورکیاو بەهاوکاری (پەدەکە)، فەلاح سەڵاح ووتی: "تا ئیستا لەلایەنی پراکتیکی نازانین چی ڕوودەدات بەڵام بەداخەوە دژایەتی کردنی هێزە کوردستانیەکان لەگەڵ یەکتر لەسەر ئاستی هەرچوارپارچەی کوردستان بوونی هەیە، بۆچارەسەرکردنی ئەم کێشە و گرفتانە لەئیستادا باشترین کاتە بۆئەوەی هێزە کوردستانیەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان هەنگاوبنێن بەئاڕاستەی تەبایی و یەکریزی و هەماهەنگی لەنێوان تەواوی هێزە کوردستانیەکان تا هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لەبەرژەوەندی خۆیان بەکاریان نەهێنن، شەری هەر گروپێکی کوردی دژ بە گروپێکی دیکەی کوردی، کارێکی قیزەون و خراپە و لەلاپەڕە ڕەشەکانی مێژوودا دەنوسرێتەوە".

"ئەگەر بەوریایی مامەلەی لەگەڵ نەکەن، قەیرانەکان گەورەتر دەبن"

لە کۆتایدا سەبارەت بە کاریگەری هەر شەرێکی کوردی- کوردی لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان، فەلاح سەڵاح چاودێری سیاسی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "هەرێمی کوردستان لە ئاستی ئابوری، سیاسی، پەروەردەیی و خزمەتگوزاری زۆر لەرزۆکە، ئەگەر بە وریایی مامەلە لەگەڵ قەیرانەکان نەکات کە لەدەرەوە و ناوەوەی هەریمی کوردستان ڕوودەدەن ئەوە بەهۆی بوونی ئەزموون و حکومەتێکی لەرزۆکەوە، بەداخەوە هەموو ئەمانە دەبنە هۆی قەیرانی گەورەتر ئەگەر بەوریایی مامەلەی لەگەڵ نەکەن".

هـ . ب