فراکسیۆنی یەکێتی: ئەم هێرشە تاوانکارییە پاساوهەڵنەگرە

فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (یەنەکە) لە پەرلەمانی عێراق هێرشەکەی ئەمڕۆی دەوڵەتی تورکی لە سەیدسادق شەرمەزار کرد و دەڵێت: " ئەم جۆرە هێرشە تاوانكارییانە پاساوهەڵنەگرە و دژی هەموو جۆرە یاسا و نەریتێکی نێودەوڵەتییە".

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە نزیک سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمبیلێکی کردە ئامانج، بەهۆیەوە دوو ڕۆژنامەنووسی ژنی کۆمپانیای چەتر (گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین) شەهیدبوون، لەم بارەیەوە فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ئەم جۆرە هێرشە تاوانكارییانە پاساوهەڵنەگرە و دژی هەموو جۆرە یاسا و نەریتێکی نێودەوڵەتییە، هەروەها پێشێلکردن و بێڕێزییە بەرامبەر سەروەری خاک و ئاسمانی عێراق".

هەروەها فراکسیۆنی یەکێتی بانگەواز لە حکومەتی عێراق دەکات: "بێدەنگی بشکێنێت لەئاست ئەو پێشێلکارییانەی رۆژانە دەکرێنەسەر خاک و ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان، كە هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی".