گەل لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکان لە گۆڕەپانەکاندان
چالاکی ناڕەزایەتی لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بە ناو سوپای نەتەوەیی سوریا بەردەوامن.
چالاکی ناڕەزایەتی لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی بە ناو سوپای نەتەوەیی سوریا بەردەوامن.
هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و گروپی ملیشیاییەکانی ناسراو بە سوپای نەتەوەیی سوریا (سمۆ) لە دژی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە چەندین شار شەرمەزار کران.
لە ئەدەنە لە بەردەم بینای رێکخستنی دەم پارتی کۆنفڕانسی رۆژنامەوانی سازکرا. هاوسەرۆکانی لقەکانی ئەدەنە، مێرسین، عوسمانیە و هاتای و نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان و رێکخراوە مەدەنییەکان و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان و چالاکوانان ئامادەبوون.
هاوسەرۆکی لقی ئەدەنەی دەم پارتی سەیفەدین ئایدەمیر باسی لەوەکرد، دامەززراندنی سوریایەکی دیموکراتیک و ئازاد بۆ گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە. هاوکات هێرشەکانی سوپای تورک و ملیشیاکانی سمۆی بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزار کرد و وتی، "هێزە هەرێمایەتیەکان و بەتایبەتی دەسەڵاتی سیاسی لە تورکیا چاویان بریوەتە دەستکەوتەکانی گەلی کورد، کە ئەو دەستکەوتانە بە قوربانیدانی گەورە بە دەستهێنراون. بەتایبەتی هێرشەکانی سەر منبج و رۆژئاوا چڕتر دەکرێنەوە و ئەو ناوچانە دەکرێنە ئامانج. لەم قۆناغە مێژووییەدا دەبێت هەموان خاوەنداری لە منبج و رۆژئاوا بکەن، ئەو خاوەندارییە گرنگییەکی ژیانی و یەکجار زۆری بۆ گەلی کورد و گەلانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هەیە. تاکە شوێنێک کە هیوای ژیانێکی شکۆمەندانەیە رۆژئاوایە و نابێت بە تەنیا جێبهێڵدرێت.ئەمە ئەرکی سەرەکیمانە. لەو چوارچێوەدا ئێمە لە ١٢هەمین ساڵیادی شۆڕشدا بە رۆحی بەرخودان پشتیوان دەبین و بێدەنگ نابین".
بۆ هەمان مەبەست رێکخستنەکانی دەم پارتی و دەبەپە لە ئاگری و سێوەرەگ لەبەردەم بیناکانی رێکخستنیان لەو دوو شارە کۆنفراسی رۆژنامەوانیان بە بەشداری نوێنەرانی رێکخراو و پارتە سیاسییەکان و چالاکوانان و بەڕێوەبەرانی شار و ناوچەکانی رێکخستنەکانیان سازکرد و هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی سمۆیان بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزار کرد و داوایان کرد خاوەنداری لە ئەزمونی رۆژئاوا و باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بکرێت.
لە چالاکییەکاندا دروشمەکانی 'بژی بەرخودانی رۆژئاوا'، 'رۆژئاوا ناکەوێت'، منبج ناکەوێت'، 'دێرەزۆر ناکەوێت' وترانەوە.