گردبوونەوەی ئازادی: هەموو شوێنێک بوو بە گۆڕەپانی بەرخۆدان

گەلی کورد لە ئامەد بۆ خاوەنداری لە ئیرادە و ڕێبەرەکەی، بۆ شکاندنی گۆشەگیری، لە هەموو گۆڕەپانەکان ڕۆحی بەرخۆدانی خۆی نیشاندا.

بە پێشەنگایەتی پلاتفۆرمی ڕێکخراوە دیموکراتیکەکان 'گردبوونەوەی ئازادی' بە دروشمی 'ئێمە لە دژی پیلانگێڕی بەرخۆدان دەکەین، لە ئامەد بۆ ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان کۆدەبینەوە'، چالاکی بەڕێوەچوو.  جەماوەر لە هەموو شارەکانی کوردستانەوە، لە وان، ڕوحا، مێردین، ئەستەنبوڵ، ئەدەنە و مێرسین، ڕوویان کردە ئامەد. گەل بەرەنگاری بەربەست وئاستەنگیەکانی سەر ڕێگاکان بوونەوە و چالاکی دانیشتنیان ئەنجامدا.

پێش بەرێوەچوونی گردبوونەوەکە شەقامەکانی ئامەد لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆدران و سەرجەم ئەو ڕێگایانەی کە بەرەو گۆڕەپانەکە دەڕویشتن بەهۆی بڕیاری پاڕێزگار بۆ قەدەغەکردنی خۆپیشاندان، داخران. بەربەستێکی زۆر لەبەردەم گەلدا دانرا. جەماوەر لە سێ لاوە سەرەڕای بەربەستەکان ڕوویانکردە گۆڕەپانەکە و کۆبوونەوە.لە دژی گەمارۆەکانی پۆلیس، بە هەزاران کەس بە دروشمی 'بژی بەرخۆدانی زیندانیان'، 'بە بەرخۆدان سەردەکەوین'، 'دەست لەناو دەست دژی فاشیزم' دەنگیان بەرز کردەوە. هاوسەرۆکانی گشتیی دەبەپە ودەم پارتی، پارێزەرانی نووسینگەی یاسای سەدە، پەرلەمانتاران، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، دایکان و بە هەزاران کەس بۆ ئاشتی کۆبوونەوە.

ڕۆحی بەرخۆدان و گەنجێتی

چالاکوانان لە ناوچە جیاجیاکانی شارەوە بە ڕێپێوان ڕوویانکردە ناوەندی گۆڕەپانەکە. بە هۆی ئاستەنگیەکانی پۆلیس و یاساکانی دوژمن، شار بوو بە پێگەی بەرخۆدان. سەرجەم شەقامەکانی ئامەد ڕەنگی بەرخۆدانی گەورەی بەخۆی بینی. هەست و بەرخۆدانی هەر دروشمێک بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بوو. گەلی کورد لە ئامەد لە هەموو گۆڕەپانەکان بۆ خاوەنداری لە ئیرادە و ڕێبەرەکەی بۆ شکاندنی گۆشەگیری ڕۆحی بەرخۆدانی خۆی نیشاندا، بەتایبەت گەنجان لە دژی ئاستەنگیەکان دروشمی 'لە ناوەوە و دەرەوە گۆشەگیری دەشکێنین' بەرزکردەوە.

ئەم بەرخۆدانە خاوەن چیرۆکێکی ڕاستەقینەیە. کاتێک باسی ڕێبەری گەلی کورد دێتە مەیدان، هەموو گۆڕەپانەکان دەبێتە مەیدانی تێکۆشان. گەلی کورد جارێکی دیکە بە دروشمی 'گەنجان فیدایی ئاپۆن' پشتیوانی خۆیان بۆ ڕێبەرەکەیان و بەرخۆدانی شکۆمەندی نیشاندا. لە لایەک هێزە ئەمنییەکان کە بە شێوەیەکی دوژمنکارانە مامەڵەیان دەکرد، هەڕەشەی دەستبەسەرکردنیان لە جەماوەر دەکرد، لە لایەکی دیکەوە وەک هەمیشە دایکان کە تەنیا داواکاریان ئاشتی بوو، بە هێما و دروشمەوە ڕۆحی بەرخۆدانیان نیشان دەدا. سەرەڕای ئاستەنگیەکان گردبوونەوەکە بەڕێوە چوو و نەیانتوانی ئیرادە و بەرخۆدانی گەل ئاستەنگ بکەن. گەلی کورد هەموو گۆڕەپانەکانی کردە گۆڕەپانی بەرخۆدان.

لە بەرامبەر بەربەست و ئاستەنگیەکان دروشمی' بژی سەرۆک ئاپۆ' بەرزکرایەوە

لەبەردەم باڵەخانەی ئەی زی سی، ژنان پلاکاردی 'ژنان ڕێپێوان دەکەن، گۆشەگیری دەشکێنن'یان بەرزکردەوە. پۆلیس لە دژی ئەو ژنانە بە پاساوی 'پرۆپاگەندە' ڕاپۆرتێکی ئامادە کرا. بەڵام ژنان بەرامبەر بەم بڕیارە کاردانەوەیان نیشاندا و وتیان: "بە بەرخۆدان سەردەکەوین'. لە وەڵامی هەڕەشە و چاوسورکردنەوەکانی پۆلیس بە دروشمی 'لە ناوەوە و دەرەوە گۆشەگیری هەڵدەوەشێنینەوە" جەماوەر بەرپەرچی پۆلیسیان دایەوە.

دوای ئەوەی هاوسەرۆکان و محەممەد ئۆجالان برای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان هاتنە گۆڕەپانەکە، جەماوەرە بە دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ'، 'ژن، ژیان، ئازادی'پێشوازیان کرد. لە دژی هەموو هەڕەشە و گوشارەکانی پۆلیس، جەماوەر بە دروشمی 'گوشارەکانتان کاریگەری نییە لەسەرمان' یان بەرز دەکردەوە.

 جەماوەری گەل کە لە ناوچە جیاجیاکانی ڕوویانکردبووە ناوەندی شارەکە، لە وەڵامی هەڕەشەی دەستبەسەرکردنەکانی پۆلیسدا، وتیان 'ئێمە بەهەزاران زیندانی و دەستبەسەرکراومان هەیە، کێ دەترسێنن؟'. دواتر جەماوەر وێنەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان بەرز کردەوە.

هەڵوێستی پێداگرانەی گەل

دوای بەرخۆدانەکە، لە لایەن چیگدەم کلچگون ئوچار هاوسەرۆکی دەبەپە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕاگەیاندرا و وتی: "کێشەی کورد کێشەیەکە کە نکۆڵی لێدەکرێت، کێشەی کورد کێشەیەکی ئەمنی نییە، کێشەی ستاتۆ و ئازادییە، کێ چارەسەری بکات؟ ئایا ناونیشانێک لە تورکیا، لە ئەوروپا هەیە؟ جەماوەر بە دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' وەڵامی پرسیارەکەیان دایەوە. پۆلیس دیسان هەوڵی دەدا وتاری سیاسییەکان بوەستێنێت.

گەلی کورد، جارێکی دیکە لە ئامەد بە ئیرادەی بەرخۆدانەوە تیشکی خستە سەر ئەوەی کە گۆشەگیری و پیلانگێڕی نێونەتەوەیی شکستی هێناوە.