ڕێگریکردن لە فەرمانەکان و ژیانەوەی ڕێنسانسی ئێزدییان

بە ڕێکخستنی خۆبەڕێوەبەری، پاراستنی سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیک، ژیانەوەی ڕێنسانسی ئێزدی و بە بڕیارەدەری پاراستنی بەهاکانیان، ئێزدییان دەتوانن ڕێگری لە فەرمانەکانی داهاتوو بگرن و ژیانێکی شکۆمەند و ئازاد بۆ خۆیان بونیات بنێن.

لە چوارچێوەی بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"دا ڕێبەر ئاپۆ لە ١٨ی ئاداری پەیامێکی گرنگی بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی نارد. ئەم پەیامە، تەنها سڵاوێک نییە لە بەرخۆدانی ئێزدییانی شەنگال، بەڵکو ڕێبازێک بۆ داهاتوویەکی سەقامگیر و شکۆمەند بە ئێزدییان نیشان دەدات. ئەم پەیامە زۆر گرنگە و دەتوانێت چارەنووسی ئێزدییان دیاری بکات. بناغەی ئەم پەیامە نەتەوەی دیموکراتیکە و ژیانەوەی ڕێنسانسی ئێزدییانە. 

ئێزدییان سەرەرای زوڵم و فشار، بە بڕیاردەری لە بەرانبەر هێزە تاریکەپەرەستەکان وەستان و خاکەکەیان پاراست. ئەم بەرخۆدانە تەنها پاراستنی هەبوونی جەستەیی نەبوو، لە هەمانکاتدا پاراستنی کەلتوور، باوەڕێ و شوناسی ئێزدی بوو. ڕێبەر ئاپۆ لە پەیامەکەییدا، سڵاو لەم بەرخۆدانە مێژوییە دەکات و ئاماژەی بەوەداوە کە چۆن ئێزدییان بە ڕۆحی بەرخۆدانێکی قوڵ، خۆیان لە لەناوبردن ڕزگار بکەن. ئەم بەرخۆدانە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی بوو بە وانەیەک، لەسەر گرنگی بەرخۆدان لە دژی بەربەریەت و پێویستی پاراستنی جەوهەری دێرین ترین کۆمەڵگەکان. 

نەتەوەی دیموکراتیک گەرەنتی داهاتوویەکی سەقامگیرە 

پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ، گرنگی سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیک بۆ ئێزدییان زۆر ڕوون دەکاتەوە. لە جیهان کە کۆمەڵگە بچووکەکان و کەمەنەتەوەییەکان ڕووبەڕووی فشار و نکۆڵیکردن دەبنەوە، نەتەوەی دیموکراتیک گونجاوترین مۆدێلە بۆ پاراستنی ماف و ئازادییان. ئەم سیستەمە لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەری دامەزراوە، کە کۆمەڵگە ژیانی خۆی بەڕێوەدەبات و ڕێگری لە هەر جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکی دەکات. بۆ ئێزدییەکان کە لە مێژووییاندا چەندین فەرمان و کۆمەڵکوژییان بینووە، خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک گەرەنتییە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە نەبنەوە قوربانی هێرشەکان. ئەم سیستەمە ڕێگە بە ئێزدییەکان دەدات کە بە ئازادی باوەڕی، کەلتوور و زمانی خۆیان بپارێزن و پەرەی پێبدەن و لەسەر بنەمای بەهاکانیان، کۆمەڵگەیەکی ئازادی و خۆبەڕێوەبەری بونیات بنێن.  

ڕێگری لە فەرمان و ژیانەوەی ئێزدی 

ڕێبەر ئاپۆ لە پەیامەکەیدا جەخت لەسەر گرنگی ڕێگریکردن لە فەرمانەکان دەکاتەوە، چونکە ئەو فەرمانە لە دژی ئێزدییەکان تەنها هێرشێکی دڕندانە نەبوو، بەڵکو دەرئەنجامی نەبوونی سیستەمێکی پاراستنی بەهێز بوو. ڕێبەر ئاپۆ جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕێکخستنی کۆمەڵگەیی و خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک، کلیلی سەرەکی ڕێگریکردنە لە فەرمانەکانی داهاتوو. کاتێک کۆمەڵگەیەک ڕێکخستنی بوو، خاوەن هێزی بڕیاردان بێت و بتوانێت خۆی بپارێزێت، هیچ هێزێک ناتوانێت لەناوی ببات. 

بەڵام ڕێگریکردن لە فەرمانەکان تەنها لە ڕێگەی پاراستنی جەستەییەوە بەدی نایەت، بەڵکو لە ڕێگەی ژیانەوەی ڕێنسانسی ئێزدییەوە بە دی دێت. ڕێنسانس، ژیانەوە و نۆژەنکردنەوەی کەلتوور، زمان، باوەڕی و بەهاکانی ئێزدییە. ئەمەش بە واتای گەڕانەوە بۆ ڕەگ ڕیشە، بە هێزکردنی شوناسی خۆیان و لەگەڵ ئەمەشدا ڕێگریکردنە لە توانەوە لە نێو کۆمەڵگەکانی دیکە دا.  

ڕێبەر ئاپۆ هانی ئێزدییەکان دەدات کە مێژوو، ئەفسانە و فەلسەفەی دەوڵەمەندی خۆیان ئاشکرا بکەن و پەرەی پێبدەن. ئەم ڕێنسانسە تەنها ژیانەوەی ڕابردوو نییە، بەڵکو دیدگایەک بۆ داهاتوو کە لەسەر بنەماکانی سەردەم و گەردونی، داهاتوویەکی بە هێز و خۆبەڕێوەبەری بونیات دەنێت. خواستی ڕێبەر ئاپۆ بۆ فراوانبوونی ڕێکخستنی ئێزدییان، خواستێکی سیاسی نییە، بەڵکو پێویستییەکی ژیانییە کە بنەمای ئەم ڕێنسانسە بونیات دەنێت. 

لە ئەنجام دا، پەیامی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئێزدییەکان، تەنها سڵاوێک نییە بۆ بەرخۆدانێکی قارەمانانە، لە هەمانکاتدا ڕێبازێکی ستراتیژییە بۆ داهاتوویەکی سەقامگیر و ئازاد. بە خۆڕێکخستن، پەرەپێدانی سیستەمی نەتەوەیی دیموکراتیک، ژیانەوەی ڕێنسانسی ئێزدی و بە بڕیارەدەری پاراستنی بەهاکانیان، دەتوانن ڕێگری لە فەرمانەکانی داهاتوو بگرن، ژیانێکی شکۆمەند و ئازاد بۆ خۆیان بونیات بنێن. ئەم پەیامە هیوا، مۆڕاڵێکی مەزن بە ئێزدییەکان دەبەخشێت، هانیان دەدات بۆ بەهێزکردنی ڕێکخستنیان و خەباتکردن بۆ داهاتوویەکی باشتر.