گوڵان فەهیم: دەوڵەتی ئێران دەیەوێت بە سێدارە کۆمەڵگا بترسێنێت، بەڵام خۆی لەوپەڕی تۆقیندایە

گوڵان فەهیم هاوسەرۆکی کۆدار: "خۆرێکخستن و هەروەها پشتیوانی هێزە جەماوەرییەکان لە زیندانیانی سیاسی، بەرێوەبردنی گردبوونەوە و پەیوەستبوون بە کەمپینی نابۆ سێدارە دەتوانێت ئاڵقەکانی شۆڕش بەهێزتر بکات و دەوڵەت ملکەچی داواکارییەکانی کۆمەڵگا بکات".

سیستمە فەرمانڕەواکانی ئێران لە سەدەی رابردوو بە پشتبەستن بە دەوڵەت-نەتەوە هەوڵیانداوە کە لە رێگەی نانەوەی دووبەرەکی و ناکۆکی لە نێوان نەتەوەکانی ئێران درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان بدەن، دەتوانرێت بوترێت کە بەم سیاسەتە تا رادەیەک توانیویانە کۆمەڵگا بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە. بەڵام دەبینین لەئێستادا لە زیندانی ئێڤین زیندانیانی کورد، لوڕ، بەلوچ، گیلەک، تورک، فارس و عەرەب و .. لە یەک سەنگەردا خۆڕاگری دەکەن و سیاسەتی "پەرتکە و زاڵبە" شکستی هێناوە.

گوڵان فەهیم هاوسەرۆکی کۆدار سەبارەت بە دوایین دۆخی زیندانەکان لە ئێران و دەرکردنی سزای قورس و لەسێدارەدان بۆ چالاکوانان و هەڵکشانی ژمارەی جێبەچێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخەکە کرد.

دەقی چاوپێکەوتنەکەی گوڵان فەهیم بەم جۆرەیە:

-لە رۆژانی رابردوودا رێژە دەرکردنی سزا بۆ زیندانیانی سیاسی جوڵانەوەی شۆڕشگێڕی ژن، ژیان، ئازادی هەڵکشاوە، ئەم دۆخە لە دوای هاتنەسەرکاری مەسعود پزیشکیان توندتر بووەتەوە. لە کاتێکدا حکومەتی نوێ هێشتا نەیتوانیوە کابینەکەی پێکبهێنێت، ئێوە ئەم دۆخە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

بەر لە هەموو شتێک سڵاو و رێز ئاراستەی سەرجەم زیندانیانی سیاسی بە تایبەتی ژنان دەکەم کە لە ژێر ئەشکەنجەکانی رژێمدا بەرخودان دەکەن و پێداگری لە سەر ئامانجەکانی سەرهەڵدانی ژن ژیان ئازادی دەکەن. لەئێستادا زیندانەکان گۆڕدراون بۆ سەنگەری بەرەنگاربوونەوەی ستەم، نادادپەروەری و جیاکاری رەگەزی و نەتەوەیی. کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵ دەدات بە دەرکردنی سزای قورس و لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی کۆمەڵگا بترسێنێت، بە جۆرێک کە پاشەکشێ لە داواکارییە دیموکراتیکەکانیان بکەن. لەسێدارەدانی غوڵامڕەزا رەسایی لە بێدەنگی رەها و بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی بنەماڵە و پارێزەرانی دەرخەری ئەم ترسەیە. بە بۆنەی شەهیدبوونی غوڵامڕەزا رەسایی سەرەخۆشی لە بنەماڵە و سەرجەم ئازادیخوازان دەکەین. هەروەک دەزانین شۆڕشی ژن ژیان ئازادی وەرچەرخانێکی گەورەی ئەقڵیەتی لە ئاستی ئێران و جیهاندا هێنایە کاتەوە، هەروەها گۆڕانکارییەک بوو لە شێوزەکانی تێکۆشان. دەوڵەتی ئێران بەردەوام هەوڵیداوە لە رێگەی زیندانیکردنی پێشەنگەکانی کۆمەڵگا و چۆکپێدادانیان شۆڕش بەرەو دامرکانەوە ببات و لە داواکارییەکانیان دووریان بخاتەوە. لێرەدا پێویستە سەرنج بدەینە سەر دۆخی رێبەر ئاپۆ وەک ئەندازیاری ئەندێشەی ژن ژیان ئازادی کە بە چ شێوەیەک گۆشەگیرییان بەسەردا سەپاندووە و هەوڵ دەدەن لە کۆمەڵگا دووریبخەنەوە. ئامانج لە سیستمی ئەشکەنجە کە لەلایەن سیستمی سەرمایەداری لە دووتوێ دەوڵەت-نەتەوە راستەوخۆ لەلایەن دەوڵەتی تورکی فاشیستەوە جێبەجێ دەکرێت، رێگرییە لە سەرکەوتنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی. چونکە ئەو بە خستنەڕووی ژنۆلۆژی و بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەو ئەندێشەیەی ژنان بەکۆیلە دەکات، سیستمی سەرمایەداری جیهانی کە لە سەر بنەمای پیاوسالارییە و هەروەها دەوڵەت-نەتەوەی خستووەتەژێر پرسیارەوە. لە بەرامبەردا ئەو ژنانەی لە دۆخی کۆیلایەتیدابوون کردە پێشەنگی شۆڕشگێڕی جیهانی. داکۆکی لە رێبەر ئاپۆ و خەبات لەپێناو ئازادی جەستەیی ئەو بە واتای شکانی ئەڵقەکانی دیلییە کە بە چواردەوری ژناندا تەنراوە. بەمجۆرە رابوونێک کە ژنانی ئێران هێنایانە کایەوە، خەباتێک لە پێناو کۆتاییهێنان بە سیستمی زاڵبوونی ئەندێشەی پیاوسالارە، هەروەک پەخشان عەزیزی ئەم چالاکوانە مەدەنیە لە نامەکەی ئاماژەی بە سەرچاوەی فەلسەفییەکەی کرد، ئەم شۆڕشە سەرچاوەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ریشەی لە خوداوەندەکانی زاگرۆسدایە و بە پێچەوانەی بانگەشەی دەوڵەت بۆ کۆتاییهێنان بە شۆڕش، ئێمە بە زیاتر بڵێسەدارکردنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەناو زیندانەکاندا ئەوە دەبینین. ئەوەی لەمڕۆدا لە زیندانی ئێڤین لە هەڵوێستی تێکۆشەرانێکی وەک وەریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی و سەرجەم زیندانیانی سیاسی دەبینرێت ئاماژەیە بۆ خۆڕاگرییەکی شکۆمەندانە لە بەرامبەر ئەقڵیەتی خۆبەدەستەوەدان. سیستمە باڵادەستەکان لە ئێران کە لە یەک سەدەی رابردوودا بە پشتبەستن بە دەوڵەت-نەتەوە هەوڵیان دەدا لە رێگەی سازکردنی ناکۆکی لەنێوان نەتەوەکانی ئێران درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان بدەن، دەتوانین بڵێین بەم سیاسەتە تاڕادەیەک توانیبوویان کۆمەڵگا بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە. بەڵام دەبینین کەئێستا لە زیندانی ئێڤین زیندانیانی کورد و لوڕ، بەلوچ، گیلەک، تورک، فارس و عەرەب و .. لە یەک سەنگەردا خۆڕاگری دەکەن و سیاسەتی "پەرتکە و زاڵبە" تووشی شکست بووە.

دەوڵەتی ئێران لە رێگەی لەسێدارەدان و دەرکردنی سزای قورس لە هەوڵدایە کۆمەڵگا بترسێنێت و خۆی بە بەهێزی نیشان بدات، لە کاتێکدا خۆی لە ترسێکی قووڵدا دەژی، ترس لە لەدەستدانی دەسەڵاتەکەی. دەبێت ئاگاداری ئەو پرسە بین کە مردنی گوماناوی رەئیسی بنبەستێک بوو کە خۆی لێکەوتە و دەرەنجامی سیاسەتەکانی رژێم بەرامبەر بە کۆمەڵگا بوو، هەروەها لەئێستادا شایەتی کەلێن و دابڕانی قووڵی نێوان دەسەڵات و خەڵکین. هەر ئەمەش دۆخی سیاسی ئێران لە ئاستی ناوچەکە و جیهانی لاواز کردووە، دەتوانرێت بوترێت کە هەڵبژاردنی مەسعود پزیشکیان بە شێوەی بە ئەنقەست و بە پلان بووە. کەسێک کە خۆی بە تورک ناودەبات و پێداگرە لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی خۆی، هاوکات لە ناوچە کوردنشینەکان بە زمانی کوردی قسە بۆ خيڵک دەکات، بۆیە دەسەڵات لەم رێگەوە ویستی سیاسەتی ئاشتکردنەوەی کۆمەڵگا بگرێتەبەر. بەڵام ئەم سیاسەتە بەکردار هیچ رەنگدانەوەیەکی نەبووە بەڵکوو بە هەڵکشانی لەسێدارەدان، گومانەکان لە سەرکەوتنی ئەم سیاسەتە رۆژ لە دوای رۆژ تۆختر دەبنەوە. دەبێت بپرسین کە ئایا مەسعود پزیشکیان کە هێشتا گیرۆدەی هەڵبژاردن و تێپەڕاندنی ئەندامانی کابینەکەیەتی، ئاخۆ توانای کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی هەنوکەیی هەیە؟ هەموان دەزانن پزیشکیان بە رێگەپێدانی رێبەری ئێران گەیشتووەتە کورسی دەسەڵات، ئەوەی کە پزیشکیان تەنیا تەماشای دۆخەکە دەکات، بە واتای نەهاتنەکایەی هیچ چەشنە گۆڕانکارییەکە لە سیاسەتی گشتی رژێم و بەردەوامی رەوتی روو لە داکشانی دەسەڵات. رەنگە رژێم هەست دەکات کە دەتوانێت وەک شەستەکان لە بێدەنگیدا بەرهەڵستکارانی لە ناو زیندان لە ناوببات، هەڵبەتە ئێستاش سود لەم شێوازە وەردەگرێت، بەڵام ئێمە دەزانین کە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی توانیویەتی بەسەر ناکۆکی نەتەوەیی و ئایینی و گرنگتر لەوەش بەسەر ناکۆکیە رەگەزیەکاندا زاڵ بێت، هەربۆیە سەپاندنی دۆخێکی لەم جۆرە بۆ رژێم بە بێ باج و تێچوو نابێت و ئەم شێوازە نامرۆڤانەیە ناتوانێت رژێم لە قەیرانەکانی رزگار بکات.

بۆچی لەم دۆخەدا دەسەڵات سزای قورسی لەم جۆرەی بەسەر پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدیدا سەپاند؟

لەئێستا پێشەنگانی کۆمەڵگەی ئێرانی ئەو ژنانەن کە لە زینداندا خۆڕاگری دەکەن و پێداگرن لەسەر داواکارییەکانیان. نامەکانی پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی مانیفیستۆی تێپەڕبوونی کۆمەڵگەی ئێرانە لە دۆخی هەنوکەیی. ئێمە لە ئێراندا هەم لە ئاستی دەسەڵات و هەمیش ئۆپۆزسیۆنی دەرەوە و لیبراڵەکان لە شوێنکەوتووی ئەقڵیەتی بورژوازین، هاوکات لەگەڵ ئەواندا رووبەڕووی ئەقڵیەتی ناوەندگەرایین، ئەقڵیەتێک کە هیج ئاوڕێک لە پەراوێز ناداتەوە و  و ژنبوون و سەر بە یەکێک لە نەتەوەکان بوون لە پێناسەی فەرمی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانیەوە گەورەترین تاوانە. ئەگەر سەرنج بدرێت پەخشان عەزیزی لە نامەکەیدا بە روونی ئەو بابەتەی خستووەتەڕوو و ئاماژەی بە دووجار ستەم کردووە کە تەنیا بە تاوانی ژن بوون و کورد بوو بەسەریدا دەسەپێندرێت. ئەو بە تاوانی یارمەتیدانی ستەملێکراوان و پاڕێزگاری لە بەها مرۆییەکان دادگایی کرا. هەروەها شەریفە محەمەدی کە لە گیلان دەژیا و چالاکی دەکرد، لەگەڵ ژنانی دیکە و گەنجانی ئەم وڵاتە لە کاتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا پێشەنگایەتی کردبوو. هەربۆیە کاتێک باس لە دۆخی کارەساتباری زندانیانی سیاسی دەکەین، دەبێت تۆڵەسەندنەوەیەکی پڕ لە قین ئاماژە بکەین کە دەوڵەت بەرامبەر تێکۆشەرانی ژن، ژیان، ئازادی گرتوویەتیەبەر.

کۆمەڵگا چۆن دەتوانێت پشتیوانی لە پێشەنگاکانی خۆی بکات؟

بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی ژن، ژیان، ئازادی هەر لە سەرەتاوە لە سەر بنەمای هێزە ناوخۆیی و جەوهەریەکانیەوە شکڵی گرتووە و توانیویەتی رۆبچێتە ناو سەرجەم ئاستەکانی کۆمەڵگا. ئاوڕدانەوە لە بەشە لەبیرکراوەکان و هێزەکانی پەراوێز لە تایبەتمەندی ئەم شۆڕشەیە. تایبەتمەندیەکانی دیکەی ئەم شۆڕش بریتین لە یەکریزی نێوان نەتەوەکانی ئێران، هێزە پەراوێزخراوەکان و لە هەموو ئەوانەش گرنگتر رێبەرایەتیکردنی لەلایەن ژنان و گەنجانەوە. کۆمەڵگای ئێران و ئازادیخوازان دەبێت ئەو بابەتەیان لەبەر چاوبێت کە زیندانیانی ژن نوێنەرایەتی راستەقینەی شۆڕش دەکەن و گوشارەکانی سەر ئەو زیندانیانەش هەر بەهۆی ئەوەوەیە. جەوهەری شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دیموکراتیک و لەسەر بنەمای کۆنفیدڕاڵیزمە، هەر ئەم تایبەتمەندیە توانایەکی بەو جۆرەی سازکردووە کە سەرجەم هێزە بەرهەڵستکارەکان بتوانن لەسەر بنەمای تایبەتمەندیەکانی خۆیان شان بە شانی یەکتر تێکۆشانی هاوبەش رێکبخەن. بنەماڵە، دۆستان و کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەبێت چالاکیەکانیان بۆ فراوانترکردنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی درێژە پێبدەن، بە دەربڕینێکی دیکە خاوەنداری لە خوێنی شەهیدانی شۆڕشی شەهیدانی ژن، ژیان، ئازادی بکەن و هەروەها دەنگی زیندانیانی سیاسی بن و لە دژی سیاسەتی سێدارە و ئەشکەنجە بوەستنەوە، بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەش دەبێت خۆیان رێکبخەن. زیندانیانی سیاسی ژن سەرباری هەموو سەرکوتە جەستەیی و دەرونیەکان کە رۆژانە لە زیندانی رووبەڕووی دەبنەوە، دەستپێشخەری داهێنەرانە لە زیندان بەرەوپێش دەبەن و مەشخەڵی تێکۆشانیان بە هەڵکراوی راگرتووە، کەواتە لەسەر کۆی توێژەکانی کۆمەڵگا پێویستە کە شان بە شانی ئەو پێشەنگانەیان هەنگاو بنێن. ئێمە شۆڕشێک لە هەناوی کۆمەڵگاوە دەبینین کە هێز لە کۆمەڵگاوە وەردەگرێت، خۆرێکخستن و پشتیوانی هێزە جەماوەرییەکان لە زیندانیانی سیاسی لە چەشنی گردبوونەوە و پەیوەستبوون بە کەمپینی "نابۆ سێدارە" دەتوانێت ئاڵقەکانی شۆڕش بەهێزتر بکات و دەوڵەت پابەند بکات بە ملکەچبوون و گوێگرتن لە داواکانی کۆمەڵگا. هەرچەندە پێشتریش کەمپینی لەم جۆرە ئەنجامدرابوون، بەڵام دۆخی سیاسی ئێستا زۆر جیاوازە و دەبێت کۆمەڵگا و ئازادیخوازان گرنگی ئەم قۆناغە لەبەر چاوبگرن و بە دەوری زیندانیانی سیاسی و بە دەوری ئەو بەرخودانەی لە ئارادایە خۆیان رێکبخەن.