هاوڵاتیانی شاری سلێمانی دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی گردبوونەوە

هاوڵاتیانی شاری سلێمانی لەدژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

دەستەی دژی تیرۆر و داگیرکاری لە شاری سلێمانی گردبوونەوەکەی ڕێکخست کە لە چەند رێخراوێک پێکدێت.

هێمن مامەند، ئەندامی دەستەکە پەیامێکی خویندەوە کە تیایدا هاتووە “ئەوە بۆ ماوەی پێنج مانگە فاشیزمی ئەردۆغان بەسوپایەکی زەبەلاح و هەموو تواناکاریەکی تەکنیکی و تەکنۆلۆژیای سەربازیەوە هێرش و داگیرکاری بۆ سەر باشووری کوردستان دەستپێکردووە. هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بۆتە ناوەندی ئەو شەڕە و گەریلا و گیانبازانی ئازادیش بە بەرخودانێکی بێوێنە ڕووبەڕووی ئەم هێرش و داگیرکاریە بوونەتەوە و ڕۆژانە داستان و نەبەردی تۆمار دەکەن.”

دەستەکە ڕاشیگەیاند “لوتشکانی سوپای داگیرکەری تورکیا ئەردۆغانی تووشی هستریا کردووە، بۆیە دوور لەهەموو پێوانەیەکی ئەخلاقی و مرۆیی و نێودەوڵەتی پەنای بردۆتە بەر بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی کیمیاوی و ڕۆژانە گەریلا و هەرێمەکانی پاراستنی میدیا کیمیاباران دەکرێت. ئەمەش بەبەرچاوی ڕای گشتی جیهان و بێ ئەوەی کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان، کە خۆیان بڕیاری قەدەغەی بەکارهێنانی ئەم چەکە کۆمەڵکوژەیان داوە، ورتەیان لێوە بێت و بێدەنگیان هەڵبژاردووە”.

دەستەکە لە ڕاگەیەندراوەیەدا دەڵێت: مخابن نەک هەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێدەنگیان هەڵبژاردووە بەڵکو لەنێو خۆشدا پەرلەمان و حکومەت و ڕاگەیاندنەکان بەهیچ شێوەیەک باس لەم تاوانە مەزنەی سوپای داگیرکەری تورکیا ناکەن و ئامادە نین بەدواداچوون و ڕووماڵی ئەو هێرشە نائینسانی و دڕندانەی فاشیزمی ئەردۆغان بکەن. بۆیە لێرەوە زۆر بەڕاشکاوی ڕایدەگەیەنین کە بێدەنگی دەسەڵات و حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی، پەڵەیەکی ڕەشە بەنێوچاوانیانەوە و نیشانی خیانەت و ڕازیبوونیانە بەو دۆخەی دەگوزەرێت.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە: ئەو گیانبازانە چاوەڕوانی پشگیری زلهێزەکان و هێزە وابەستەکانی باشوور ناکەن تا بەدەنگیانەوە بێن، بەڵکو تەنیا و تەنیا چاوەڕوانی پاڵپشتی و پشتگیری لەخەڵکی ئازادیخوازی کوردستان ئەکەن. با ئێمەش مەردانە و بەرپرسیارانە خاوەنداری لەگەریلا نەبەردەکانی هەرێمی پاراستنی میدیا بکەین و لەبەرامبەر ئەم هێرشە هۆڤ و دڕندانەیەی فاشیزمی ئەردۆغان و ئەو بێدەنگیە بێشەرمانەی هەیە، بەتەنیا نەیانهێڵینەوە و هاوار و دەنگی پاڵپشتی بڵند بکەینەوە.

ف.ق