چارەسەری ئەندامی شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و جێگری سەرۆکی پەرلەمان سری سورەیا ئۆندەر لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی (Florence Nightingaley) بەردەوامە. هاوسەرۆکانی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان و تولای حاتەم ئۆغۆللاری لەبەردەم نەخۆشخانە کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسیان بەست. هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە کەسکین بایندەر و وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگوڵ دۆغان ئامادەبوون.
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان سوپاسی ڕاگەیاندنەکانی کرد و گوتی: " سوپاسی بەڕێز سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە جەماوەرییە دیموکراتیکەکان و هەموو لایەنەکانی تورکیا دەکەم. ئەم شوێنە ٢٤ کاتژمێرە هەرگیز چۆڵ نەبووە. هەموو گەل و باوەڕەکانی تورکیا لە خەمی تەندروستی بەڕێز سری سورەیا ئۆندەرن، بۆیە لێرەن بۆ پشتگیریکردنی. سوپاسیان دەکەم".
'باوەڕ بە شرۆڤەی ناڕاست مەکەن'
تونجەر باقرخان ڕایگەیاند لێدوانی پزیشکان و بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەکە بەبنەما دەگرن، گوتی: "لێدوانەکانی ئەوان بنەمان. تکایە گوێ لە شرۆڤە و گریمانەی هەڵە مەگرن کە بۆ ڕای گشتی بڵاودەکرێتەوە".
'تێدەکۆشێت و بەرخۆدان دەکات'
تونجەر باقرخان ڕایگەیاند ئۆندەر کەسێتییەکی بەرخۆدەرە و ساڵانێکە بۆ ئاشتی و دیموکراسی تێکۆشاوە، گوتی: "زۆر زەحمەتی تێپەڕاند. دڵنیام ئەم ڕەوشەش تێدەپەڕێنێت. بە نزا و پشتیوانی گەلانمان تێکۆشانی وی و تێکۆشان گەلان دەگاتە یەک. ئەو تێدەکۆشێت و بەرخۆدان دەکات. بەهیواین ئەم تێکۆشان و بەرخۆدانە ببێتە مایەی ئەوەی بەتەندرووستییەکی باشەوە بگەڕێتەوە ناومان".
باقرخان ڕایگەیاند ئەمە ڕۆژێکی مێژووییە، گەلانی تورکیا یەکیانگرت بۆ پشتیوانی لە ئۆندەر، لەگەڵ ئەوەی خەمی تەندرووستی سری سورەیا ئۆندەریان بوو، بەڵام بەزۆریی پشتیوانییەکە دەگەڕێتەوە بۆ تێکۆشانی ئۆندەر بۆ ئاشتی و دیموکراسی.
باقرخان جەختی کردەوە، پزیشەکەکان دووپاتیان کردووەتەوە بەراورد بە دوێنێ پێشکەوتن هەیە، نابێت کەس گومانی هەبێت کە ئۆندەر لە دەستێکی سەلامەت دایە.