هاوسەرۆکانی مەخەدەشە: دەبێت مافی خۆپاراستن و بەڕێوەبردنمان دانی پێدا بنرێت

هاوسەرۆکانی مەخەدەشە دووپاتیان کردەوە، جڤاکی ئێزدی لە مێژووی خۆیدا جاری یەکەمە خاوەنی هێزی پاراستن و بەڕێوەبردنی خۆیەتی. هاوسەرۆکان داوایان کرد کرد ئەم مافەیان لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە دانی پێدا بنرێت.

لە وۆرک شۆپی ١٠ هەمین ساڵیادی فەرمان بە درووشمی "ئازادی و دادپەروەری بۆ جڤاکی ئێزدی"، پەیام و بانگەوازی گرنگ دران. لە سیمیناری کۆتاییدا هاوسەرۆکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال (مەخەدەشە) جیهان جەلۆ و نایف شەمۆ قسەیان کرد، بەتایبەت هەڵسەنگاندنیان کرد بۆ دانپیانانی ئیرادەی سیاسی و جڤاکی و پاراستنی ئێزدییەکان. بانگەواز گرنگیان لە عێراق و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی کرد. لەم بەشەدا تیشکیان خستەسەر مافی سەرەکی ئێزدییەکان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق، دووپاتیان کردەوە داواکارییەکانیان دژی دەستووری عێراق نییە، داوایان لە عێراق کرد دان بە ئیرادەی ئێزدییەکان بنێت.

جیهان جەلۆ ڕایگەیاند هەمووان دەیانەوێت لەسەر جڤاکی ئێزدی سیاسەت بکەن و بۆ خۆیان بەکاری بهێنن، گوتی: : "پێویستە مافی نەتەوە و باوەڕەکانی عێراق مسۆگەر بکرێت، بەڵام لە پراکتیکدا وەها نییە. وەک پێکهاتەیەکی عێراق ناتوانین بەگوێرەی داخوازییەکانی خۆمان لەسەر ئەم خاکە بژین".

جیهان جەلۆ تیشکی خستەسەر گرنگی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ جڤاکی ئێزدی ڕایگەیاند مەجلیسەکەمان سەرەتا بۆ ڕێگری لە فەرمان دامەزرا، بە پێشەنگایەتی ژنان دامەزراوە، گوتی: "لە دیرۆکی ئێمەی ئێزدی، یەکەمین جارە خاوەنی هێزی پاراستنی خۆمانین. لەڕووی سیاسییەوە، یەکەمجارە ڕادەربڕینی ژنان و داواکردنی مافی جڤاکەکەمان هەیە. ئەمە هەمووی لەسایەی ڕێبەر ئاپۆیە".

هەروەها گوتی: "بۆ مافەکانمان تێدەکۆشین. مافی خۆبەڕێوەبردن و خۆپاراستنمان هەیە، دەبێت دان بەم مافەدا بنرێت".

نایف شەمۆ ڕایگەیاند ئامانجی فەرمانەکە لەناوبردنی باوەڕی ئێزدی بوو، چونکە باوەڕێکی دێرینە، گوتی: "نەتەوەی دیموکراتیک بۆ ئازادی گەلانی بندەست دامەزراوە. ئەمە لەسەر فیکری ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئازادی بندەستان دامەزرا. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و مەجلیسی هەرێمەکان دامەزران. لە مەجلیسەکاندا گەل خۆیان بەڕێوەدەبەن، تا لە بندەستی ڕزگار ببن. تا کۆیلایەتی نەمێنێت. لە سیستەمی ئێمەدا کۆیلایەتی قبووڵ ناکرێت. مەجلیسی عەرەبی شەنگال ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری قبووڵ دەکەن و تێیدا بەشدارن. ئێمە بێ جیاوازی لە هەمووان دەڕوانین".

ئەنجامنامەی وۆرک شۆپەکە بە ڕاگەیاندراوێک ئاشکرا دەکرێت.