'هەرگیز ئەو سنوورانە قەبوڵ ناکەین کە فاشیزم لەبەردەمماندا دیاری دەکات'

هاوسەرۆکی هەدەپەی ئامەد گوڵستان ئاتاسۆی ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو سنوورانەی دەسەڵات دەیخاتە بەردەمیان هەرگیز قبوڵی ناکەن و بەردەوام داواکارییە رەواکانیان دەخەنەڕوو.

جەمسەری فاشیستی ئاکەپە- مەهەپە بۆ قەدەغەکردن و تاوانبارنیشاندانی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) گوشارەکانی توند دەکاتەوە. بەتایبەتی کۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەکانی هەدەپە و رێکخستنەکانی پارتەکە بە هێزی پۆلیس گەمارۆ دەدرێن و بەو جۆرە هەوڵ دەدرێت و کار و چالاکی پارتەکە ئاستەنگ بکرێت. بەڵام سەرەڕای سەرجەم ئاستەنگەکانیش هەدەپە لەگەڵ گەل بێ پسانەوە درێژە بە کارەکانی دەدات.

هاوسەرۆکی هەدەپەی ئامەد گوڵستان ئاتاسۆی لەسەر گوشار و گەمارۆکانی دژیان قسەی کرد و رایگەیاند، کە لە کۆنەوە سیاسەتی بانێک و دو هەوا و دەبڵ ستاندەر لە دژی سیاسەتی کورد پەیڕەو دەکرێت و ئەوەی خستەڕوو کە بەتایبەتی لە قۆناغی دوای ساڵی ٢٠١٦ دۆخەکە دژوارتر بووە، رژێمێک کە یاسا و رێسا ناناسێت، هێرشەکان بۆ سەر پارتەکەیان رێکدەخات.

دوژمنایەتی کوردان دەکەن

ئاتاسۆی باسی لەوە کرد، دەستوری هەمیشە یا خود یاسا جێبەجێ ناکرێن و وتی: "هەوڵ دەدرێت کە مافی سیاسەتی پارتە سیاسیەکانیش لەوان بستێننەوە. ئەمەش لەلایەن شەپۆلێکی گەورەی نەتەوەپەرست و شۆڤێنیستەوە دەکرێت. دوژمنایەتی کوردان دەکەن".

ئاتاسۆی جەختی کردەوە لە شکستدانی دەسەڵات لەدەست هەدەپەدایە، هەر بۆیە جەمسەری ئاکەپە-مەهەپە بەردەوام هەدەپە دەکاتە ئامانج و بەتاوانبار نیشانی دەدات و وتی: "لەبەر ئەو زیانەی بە کۆمەڵگایان گەیاندووە، سیاسەتی رێگەی سێهەمی هەدەپە بووەتە جێگرەوەی راستەقینە. لەبەر ئەوەشە هێرشەکانیان توند کردووەتەوە".

کۆمەڵگا بەردەوام وەڵامی داوەتەوە

ئاتاسۆی رایگەیاند، کە ئامەد بەردەوام بووەتە ناوەندێکی سیاسی لە کوردستان و تورکیا و بەم جۆرە درێژەی پێدا: "هەر بۆیە هەموو جۆرە میکانیزمەکانی گوشار لە ئامەد بەکاردەهێنرێن. لەهەموو کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا بە هەزاران پۆلیس شوێنەکە گەمارۆ دەدەن. بەم جۆرە هەوڵ دەدەن داواکارییەکانی کۆمەڵگا بۆ ئایندەی خۆیان سەرکوت بکەن. سیاسەتێکی زۆرداری لەم جۆرە لەسەر خەباتی سیاسی پەیڕەو دەکرێت. بەڵام خەڵکی ئامەد، گەلی کورد، سیاسەتی کوردان کاردانەوەی کۆمەڵایەتی بەرامبەر بەوە بەهێز دەکەن و تائێستا بەردەوام بەرپەرچیان داوەتەوە. لەئێستاش بەدواوە ئێمە ئەو سنوورانەی دەسەڵات لەبەردەم ئێمە دایدەنێت هەرگیز قەبوڵی ناکەین. ئێمە بەردەوام داواکاریی رەواکانمان دەخەینەڕوو".

هـ . ب