حەسەن شێخانی: "لەئیستادا عێراق لەبەردەم چوار ئەگەرە، دۆخەکەش بەرەو خراپتر دەچێت"

حەسەن شێخانی چاودێری سیاسی و سیاسەتمەدار دەڵێت: "حکومەتی ناوەندی عێڕاق لاوازە بۆیە سەروەری وڵات و سنورەکان نەپارێزراون لەبەردەم هێرش و دەستێوەردانی وڵاتان".

ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق دۆخی سیاسی وڵاتەکەی تەواو ئاڵۆزکردووە، هێزە شیعەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی حکومەت چڕکردووەتەوە، ڕەوتی سەدریش سەنگەری شەقامی عێراقی لێیانگرتووە و بە بیانووە بۆ تێکدانی یارییەکە لە ڕکابەرەکانی.

بارودۆخی عێراق و ئاڵۆزی نێوان لایەنەکان گەیشتووەتە ئاستێک، سەرکردە سیاسییەکان لە پشت پەردەوە هۆشداری لە تێکچوونی دۆخەکە دەدەن، بە تایبەت دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی دەنگی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، کە بە ڕوونی مەترسی لە خراپی دۆخەکە دەربڕیبوو، باسی لە دەستبردنیش بۆ بژاردەی چەکداری کردبوو لە دژی سەدری ڕکابەری.

لەلای خۆیەوە، حەسەن ئەمین شێخانی چاودێر و سیاسەتمەداری دیاری شاری کەرکوکی باشوری کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسی لە ئاڵۆزی و پێشهاتەکانی دۆخی ئیستای عێراق و ئەگەرەکانی کرد، هەروەها تیشکی خستەسەر هۆکاری لاوازبوونی سەروەری عێراق لەبەرامبەر هێرش و دەستێوەردانەکانی دەوڵەتانی دراوسێ و چەند پرسێکی دیکە.

لەئیستادا عێراق لەبەردەم چوار ئەگەرە

سەبارەت بەدۆخی ئیستای عێراق حەسەن شێخانی چاودێری سیاسی و سیاسەتمەدار، ڕایگەیاند: "ئەو عەقڵیەتەی حکومەتی عێراق بەڕێوەدەبات لەدوای ڕووخانی رژێمی بەعس تەنها ناونیشانەکەی گۆڕاوە. ناوی دیموکراسییە و دەستور گۆڕاوە بەڵام هەمان عەقڵیەتی پاوەنخوازییە، زاڵبوونی یەک لایەن لەحکومەتدا وایکردووە دۆخی عێراق بەرەو عەقاڕێکی زۆر خراپ بچێت، لەئیستادا عێراق لەبەردەم چوار ئەگەرە کە دەبێت پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە یان بەزوترین کات حکومەت پێکبهێنرێت. چونکە حکومەتی عێراق لە بەروەرای ٤ی نیسانەوە لە بۆشاییەکی یاساییدایە. ئەو هەر سێ سەرۆکایەتیەکەی حکومەتیش تەنها کاربەڕێکەرن و هیچ دەسەڵاتێکیان نیە، ئەگەرێکی دیکە ئەوەیە جارێکی دیکە خۆپیشاندانەکان دەستپێبکەنەوە بەشیوەیەک کە ژیان لە ناوەند و خواری عێراق بوستێت کە لە ڕابردووش ئەمە روویداوە و گەنجێکی زۆر بوونەتە قوربانی".

پێشبینی دەکرێت دۆخی عێراق بەرەو خراپتر بچێت

هەروەها سەبارەت بەئەگەری ڕوودانی شەری ناوخۆ حەسەن شێخانی وتی: " ئەگەری چوارەمیش ڕوودانی شەرێکی ناوخۆیە، لەئیستاشدا دەبینین لە خواروی عێراق شەڕیکی ڕاگەیاندنی سەخت دەستی پێکردووە لەنێوان دوو لایەنی سەرەکی هێزە شیعەکان، کە دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکانی نوری مالیکی و زیادبوونی هەڕەشەکان و نەمانی ئەمن و ئاسایش لەناوچەکانی خواروی عێراق وایکردووە کە پێشبینی بکەین کە بەم زووانە دۆخی عێراق بەرەو خراپتر بچێت".

پێشبینیە سیاسییەکان ئاماژەی بەوە دەکەن شەری ناوخۆی ڕووبدات

سەبارەت بە مەترسییەکانی شەری ناوخۆی لەسەر وڵات و سەروەرییەکەی، ناوبراو ئاشکرایکرد و وتی: "لەئیستادا عێراق سەروەرییەکی بەو شێوەیەی نیە کە بتوانێت تەواوی جومگەکانی دەوڵەت کۆنتڕۆڵ بکات، لەئەگەری ڕوودانی شەر لەنێوان گروپەکانی لایەنەکانی دەسەڵاتی عێراق، کوژاندنەوەی ئاگری شەر کارێکی قورس دەبێت، چونکە زیاتر لە ٧٠ هێزی چەکداری هەیە کە هەریەکەیان لەلایەن وڵاتێکی ناوچەکەوە پشتیوانی دەکرێن، بەشێکی زۆری بەرپرسە سەربازییەکانی گروپە چەکدرەکانی بازرگانی جەنگن و چاوەڕوانی هەلێکن تا بتوانن تاڵانی وڵات و نەیارانیان بکەن، لەئەگری ڕوودانی شەری ناوخۆدا پرشنگی شەرکە بەر هەرێمی کوردستانیش دەکەوێت، هیوادارین هیچ شەڕێک روونەدات، بەڵام تەواوی خویندنەوە سیاسییەکان لەدوای چربوونەوەی هەڕەشەکان پێشبینی شەری لێدەکرێت،  چونکە هیچ لایەنەێک قەبوول ناکات لایەنێکی دیکە بیسڕێتەوە لە گۆرەپانی سیاسی عێراقدا، لەئیستادا نێو ماڵی کورد، سوونە و شیعەکان پەرتەوازەن، و پارەیەکی زۆر لەداهاتی عێراق دەدزرێت. ئەمانەش کێشەکان قوولتر دەکەنەوە چارەسەری دۆخەکە ئاسان نابێت ".

حکومەتی ناوەند لاوازە بۆیە سەروەری عێراق و سنورەکان نەپارێزراون

ئەو سیاستەمدارە ئاماژەی بە دەستێوەردانی ولاتان و هێرشەکانی دەوڵەتانی تورکیا کرد بۆسەر خاکی عێراق کرد و وتی: "سەبارەت بە لاوازی هەڵوێستی عێراق بەرامبەر بۆردوومانەکانی تورکیا لە نێو خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان، ناوبراو وتی: "سەروەری حکومەتی عێراق زۆر لاوازە. لەئیستاشدا حکومەتی عێراق حکومەتێکی کار بەڕێکەرە و هیچ دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نیە، هۆکاری بێ هەڵوێستی حکومەتی عێراق لەبەرامبەر ئەو بۆردوومانانەی تورکیا دەیکات و یان ئەو دەستێوەردانەکانی ولاتان لە عێراق ئەنجامی دەدەن، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەئیستادا نێو ماڵی پێکهاتەکان لاوازە و هاوبەشی لە حکومەت ناکرێت و حکومەتی ناوەند لاوازە بۆیە سنور و سەروەری ولاتیش لاوازبووە. بەهۆی پەرتوبڵاوی لایەنەکان و نەگونجانیان و یەکدەنگ نەبوونیان، لاوازی حکومەتی عێراق وایکردووە، ولاتانی ناوچەکە داوای پارچەیەکی عیراق بکەن کە تورکیا داوای ولایەتی موسڵ و شاری کەرکوک دەکات و ولاتانی کەنداو داوای هەریمی سوونە دەکەن و لایەنی دیکەش ناوچەکانی خواروی عێراق بەخاکی خۆیان دەزانن، لاوازی عێراق وایکردووە، نەتوانێت سنورەکانی بپارێزێت و ڕووبەرڕووی دەستێوەردانی وڵاتانی دراوسی ببێتەوە".

ئەم قۆناغە قۆناغێکی سەخت دەبێت بۆ ژیانی عێراقییەکان بەگشتی

لە کۆتایدا سەبارەت بەچۆنیەتی مامەلەکردنی کورد لەم دۆخە مەترسیدار و هەستیارەی عێراق، حەسەن ئەمین شێخانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستان، وتی: " پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق کێشەکان کەمبکاتەوە، چونکە هیچ ئومێدێک نەماوە بۆ جێبەجێ کردنی مادەی ١٤٠ و ٥٥ مادەی دیکەی پەیوەستن بە باری سیاسی، یاسایی، ئەمنی لەعیراق و هەماهەنگی لەنێوان لایەنەکانی عێراق و هەروەها مافی کورد، حکومەتی عێراق لە ئیستادا خۆی لەم بابەتانە دزیوەتەوە، دروستبوونی هاوسەنگی لە عێراق بەئاسانی دروست نابێت، چونکە دووبارە متمانە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان دروست نابێتەوە، بۆیە ئەم قۆناغە قۆناغێکی سەخت دەبێت بۆ ژیانی عێراقییەکان بەگشتی".

ف.ق