هەوڵی پرڤۆکاسیۆنی فاشیستانی ئاکەپە و مەهەپە لە نسێبین

کاروانی ئاکەپە کە کاندیدی نسێبینی ئاکەپە محەمەد چەلیکی دەگرتەخۆ بە بەرزکردنەوەی نیشانەی گورگە بۆرەکان گەل و پیشەوەرانیان هەراسانکرد و چەکیان لە گەل ڕاکێشا. بەم هۆیەوە پشێویی کەوتەوە و هێشتاش بەردەوامە.

کاروانی ئاکەپە هاتە نێو بازاڕی ناوەندی ناوچەی نسێبینی مێردین، ئەندامێکیان لەکاتی تێپەڕیندا نیشانەی گورگە بۆرەکانی بەرزکردەوە  و گەلی نێو بازاڕەکەی هەراسانکرد، بەم هۆیەوە گەل کاروانەکەی ئاکەپەی ڕاگرت. گەل نەیانهێشت کاروانەکەی ئاکەپە تێپەڕێت، درووشمی "هەدەپە، هەدەپە" و "بە بەرخۆدان سەردەکەوین"یان بەرزکردەوە. پاشان کەسێکی دیکە لە کاروانەکە لە ئۆتۆمبیلەکەی دابەزی و چەکی لە گەلی وڵاتپارێز ڕاکێشا.

کاندیدی شارەوانی ئاکەپە، محەمەد چەلیک لە ئۆتۆمبیلەکەی دابەزی سوکایەتی و هەڕەشەی لە گەلی وڵاتپارێز کرد، کەچی پۆلیس هیچ دەستوەردانێکی نەکرد. بەپێچەوانەوە پارێزگاریان لە محەمەد چەلیک کرد و لە گۆڕەپانەکە دووریان خستەوە.

پاش دوورخستنەوەی چەلیک لە گۆڕەپانەکە، پۆلیس بە گازی فرمێسک ڕێژی توند هێرشیان کردە سەر خەڵک، دوکانداران بەهۆی کاریگەری گازەکە لەسەریان، دەرگای دوکانەکانیان داخست.

جەماوەر بە شەقامەکاندا بڵاوبوونەوە و هێشتاش چالاکییەکان لە نسێبین بەردەوامن.