هێزە ئەمنییەکانی ئێران دوو کۆڵبەریان بریندار کرد

شەوی ڕابردوو ٢ کۆڵبەر لە سنووری نەوسود و بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە بریندار بوون.

بەگوێرەی زانیارییەکان، شەوی ڕابردوو هێزەکانی ڕژێمی ئێران تەقەیان لە دەستەیەک لە کۆڵبەران لە سنوری نەوسود لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک بریندار بووە. تا ئێستا ناوی کۆڵبەرەکە روون نەبووەتەوە.

هەر لەو شەوەدا هێزەکانی ڕژێمی ئێران دەستەیەکی دیکەی کۆڵبەرانیان لە سنووری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووەتە ئامانج لەو هێرشەیاندا کۆڵبەرێکی دیکەیان بە ناوی سەرکەوت میرزایی-یان لە قاچەوە بریندار کردووە. سەرکەوت چەند مانگێک پێش ئێستا جارێکیتر لەلایەن هێزەکانی رژێمی ئێرانەوە لە کاتی کۆڵبەریدا تەقەی لێکرابوو و بریندار بوو بوو.

ڕژێمی ئێران لە سنوورەکان دا بۆ کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەران و کاسبکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەست لە هیچ ناپارێزێت و هیچ سنوورێکی نییە. ڕۆژ نییە هەواڵ لەسەر کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەران و کاسبکاران بڵاونەبێتەوە. تا ئێستا لەو بارەیەوە هیچ کاردانەوەیەکی جدی لە هیچ ڕێکخراوێکی جیهانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگای مەدەنی نەبینراوە و نەبووە.

ژ.ت