جوانا سنە: بۆ سەرکەتنی شۆڕش پێویستە بەرەی هاوبەش بەهێز بکرێت

جوانا سنە ئەندامی کۆردیناسیۆنی کەژار رایگەیاند، بۆ سەرکەوتنی شۆڕش لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، پێویستە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات بەرەی هاوبەش بەهێز بکەن.

لەبارەی سەرهەڵدان و راپەڕێنی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە بە پێشەنگایەتی ژنان سێ مانگە بەردەوامە، جوانا سنە ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵگەی ئازادی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

لە ئێران دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، بە پشتگیری ژنان راپەرین دەستی پێکرد و سێ مانگە بەردەوامە. ژنان رۆژهەڵات و ئێران چییان دەوێت؟

داواکاری ژنانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، داواکاریەکی بیردۆزی، سیاسی، عەقڵی، کەلتوری و رەنگاورەنگە. راپەرین کە بە پێشەنگایەتی ژنان بەڕیوە دەچێت، لەدژی سیستمی رەهای ویلایەتی فەقێیە. سیستمی یەکدەستی ویلایەتی فەقێ ٤٣ ساڵە، زایەندەپەرستی، دەستبەسەرداگرتن و نەژادپەرستی لەسەر کۆمەڵگا دەسەپێنێت. ئەو دەسەڵاتە لە رووی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و هەموو روویەکی دیکەوە، لەدژی پێگەی ژنانە. لەناوبردنی ئەم تاریکیە، داواکاری سەرەکی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە.

کاتێک کە مرۆڤ بۆ ژیان، مردن، گرتن و سێدارەیان لەبەرچاو گرت، ئەو کاتە دڵسۆزیەکی گەورە بۆ ژیان دروست دەبێت. ژیانێک کە شایەنی مرۆڤ بێت، تێگەیشتن بۆ گیان هەبێت. بێگۆمان ئەمە گەڕانە بەدوای ژیانی ئازاد. گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پێناسەی ژیان و ئازادیدا لەم راپەرینەدا دیار بوو. واتە داواکاری و گەڕان بە ئەنجامدانی ریفۆرمی و سازش نابێت. داواکاریەکە گۆڕانکاری پارادایمە. بێگۆمان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا توندوتیژی دژی ژن و تێکۆشانی ژن لە بەرامبەر توندوتیژی زۆر زیاتر بووە. بۆیەش ژنان لە هەر کوێ بن، دەردیان یەکە، دەتوانن تێکۆشانێکی هاوبەش بەڕێوە ببەن. واتە بۆ تێکۆشان کات و شوێن گرنگ نییە. ئەمەش بووە هۆکار کە ژنانی ئێران تێکۆشانێکی هاوبەش بەڕیوە ببەن.

دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' بۆ ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە واتای چی دێت؟

دروشمی ' ژن، ژیان، ئازادی' بۆ ئێمە ژنانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها بۆ هەموو کۆمەڵگا بە واتای نوێبوونەوە دێت. ژینا وەک ساریا ژیانە کە ئەم سڕە لە ژێر سێبەری مێشکی پیاوی زاڵمدا بێدەنگکراوە و ونکراوە. ژنان لە هەموو گۆڕەپانەکانی ژیان دوورخراوەتەوە. کاتێک ژن لاواز بمێنێتەوە، کۆمەڵگاش لاواز دەبێت. لە رووی بەهای مەعنەویەوە لاواز کراوە، ئازادی وەک ئازادی کەسایەتی پێناسەی بۆکراوە. بۆ راستکردنەوەی هەموو ئەمانە پێویستە بگەڕێنەوە سەر جەوهەری خۆیان. شۆڕشی 'ژن،ژیان، ئازادی' دەلالەت لەم راستیە دەکات و رێگەی راستی تێکۆشان دیار دەکات. ئەگەر ژنان لە گۆڕەپانی ژیانی خۆیان باسی راستی خۆیان بکەن. کۆمەڵگاش دەگەرێتەوە بۆسەر سروشتی خۆی. بەم شێوەیە ئازادی گشتی کۆمەڵگا مسۆگەر دەبێت.

یەکێک لە تاکتیکەکانی دەسەڵاتی ئێران ئەوە بوو کە هەمیشە کۆمەڵگا بە ململانێی جێندەری، نەتەوەیی، کەلتوری، مەزهەبی و چینایەتییەوە سەرقاڵ بکات و قەیرانەکان قەڵتر بکاتەوە و بەم شێوەیە تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە. ئەم ململانێ و دوورکەوتنەوە لە خێزان، لە پەیوەندی نێوان ژن و مێردەوە دەست پێدەکات. زیاتر پەیوەندی دەسەڵاتە نەک پەیوەندی دیموکراسی. شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' توانای نەهێشتنی ئەو ململانێ و دوورکەوتنەوەی هەیە. وەک دەبینین هەموو پێکهاتەکان لە گۆڕەپانن و بەدوای بوون و مانای ژیاندا دەگەڕێن. هەروەها پیاوان بەدوای کۆمەڵایەتیبووندا دەگەڕێن لە سەنگەرەکاندا لەگەڵ ژنان. ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ژمارەیەکی زۆر پیاوان خۆیان دەکوژن. لە ساڵی ٢٠٢١ ئاماری خۆکوشتنی پیاوان ٢.٣٪ زیاتر بووە لە چاو ژنان. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە نەک تەنها ژنان، بەڵکو پیاوانیش قوربانین. نەک هەر ژن، بەڵکو کۆمەڵگاش بە تەواوی بەرپرسیارە لە دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ دەربازبوون. وەک ڕێبەر ئاپۆ لە بەرگرینامەی 'مانیفێستی شارستانیەتی دیموکراسی'دا دەڵێت 'پرسەکە ژیان نییە، پرسەکە ژیانێکی ڕاستەقینەیە'. لەگەڵ ئەوەی نەمانتوانی بە باشی بژین، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە هەمیشە بەدوایدا بگەڕێین و گەشتیاری رێگەی ژیانی راستەقینە بین. هەموو کۆمەڵگا دەیەوێت لەم گەشتەدا رەنگ و دەنگی خۆی دیاری بکات.

لە جیهان هەندێک کەس لەبارەی رووداوەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، راپەرینە و هەندێک کەسیش دەڵێن، شۆڕشە. ئایا ئێوە چۆن پێناسەی دەکەن؟

ئەم قۆناغە هەم راپەرینە  و هەم شۆڕشە. لەبەرئەوەی کۆمەڵگا لەبەرامبەر سیاسەتی دەسەڵاتی ژنکوژ، راپەریوە. لە هەمان کاتدا لەگەل ئەم راپەرینە زۆر گۆڕانکاری ریشەیی دروست بوون. لە دیاریکردنی داواکاری کۆمەڵگا تاوەکو دروشمەکان، لە دەنگی شەقام تاوەکو رەنگاورەنگبوونی چالاکیەکان، لە خاوەنداریکردن لە شەهیدان تاوەکو یەکگرتنی نەتەوەکان، نوێبوونی مێشک و دیاریکردنی ئاسۆ. ئەمە خۆی گەڕان و خوڵقاندنی فەلسەفەی ژیانە. واتە ئەمە شۆڕشە. کۆمەلگا لەم بڕوایەدایە کە گۆڕانکاری دەستی دەسەڵات چارەسەر نییە. گەڕان بەدوای چارەسەرێکدا لەژێر سایەی نەتەوە دەوڵەت، مەعریفەتێکی سیاسی نییە. کۆمەڵگا نایەویت پشت بەو مێشکە ببەستێت. لەم واتایەشدا بە واتای شۆڕش دێت.

ئایا ئەگەری هەیە ئەم راپەرینە سەرکوت بکرێت؟ لەو ئەگەرەدا لە روویی نەرێنیەوە چی روودەدات؟

دەسەڵاتی ئێران چاوەڕێیان نەدەکرد، لەم ئاستەی بەرخۆدان و خاوەندارێتی گەلانی جیهاندا شۆڕشێکی بەم شێوەیە بەڕێوە بچێت. بۆیە زۆر ترسا. بەهۆی ترسەوە شەڕێکی دەروونی بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێنێت. رووخساری دڕندانەی خۆی زۆرتر نیشان دەدات. بۆیە لەم کاتەدا چالاکترین ناوەندەکانی راپەرین کوردستان و بەلوچستانن. دەسەڵات دەیەوێت بە میلیتاریزەکردنی شارەکان و دەستگیرکردن و کوشتن دەنگی ئازادی کۆمەڵگا سەرکوت بکات. بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا پێویستە کۆمەڵگا بەدوای ڕێگا و شێوازی نوێدا بگەڕێت و شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' بە فەلسەفەی 'بەرخۆدان ژیانە' بڕازێنێتەوە. بێ گومان پاراستنی دەستکەوتەکانی هەر شۆڕشێک بە بەرخۆدان و ئیرادە بۆ سەرکەوتن بەدەست دێت. دەبینین کۆمەڵگا بە حکومەت دەڵێت 'ناتوانیت بە لەسێدارەدان تەمەنت درێژ بکەیتەوە'. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە کۆمەڵگا هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش ڕاپەڕین. هەرچەند هێرش بکات، بە بەهێزکردن و فراوانکردنی شۆڕش وەڵامی دەدرێتەوە.

ئایا راپەرین بەسە بۆئەوەی دەسەڵات بگۆڕێت؟ ئەم راپەرینە لەنێو سیستمدا گۆڕانکاریەکی چۆن دروست دەکات؟ بۆ ئەوەی ئەم راپەرینە بکەوێتە قۆناغێکی دیکە، رێگە بۆ گۆڕانکاری و وەرچەرخان بکاتەوە پێویستی بە چییە؟

بێ گومان راپەرین یەکێکە لەو هۆکارە سەرەکیانەیە کە دەتوانێت گۆڕانکاری لە سیستمدا بکات. بە هەڵوێستی رای گشتی جیهان و گوشاررکانی هێزە دەرەکیەکان و سزای سیاسی، ئابوری و سەربازی، هەرچەندە هه ندێک هه نگاوی لیبڕاڵ بە حکومەت نران، بۆ راوەستاندنی فشار و سێدارەدان، بەڵام تێرکەر نییە.

٣ مانگە شۆڕش بەردەوامە. باجی قورس دراوە. بە سەدان کەس شەهید بوون، هە هەزاران کەس دەستگیرکران و بریندار بوون. ئەو هەڵوێستەی کە خانەوادەی شەهیدان لەسەر تەرمی ڕۆڵەکانیان پیشانیاندا، بەڵێنی سەرکەوتنە. ئیرادەبوون و خۆبوون ترسی دەسەڵاتی ئێرانە. ئەو خاڵەی کە پێویستە گەلانی ئێران و هەموو پێکهاتەکان بڕوایەکان پێ هەبێت، گەورەکردن، بەهیزکردنی بەرخۆدانە. سەرەتا ژنان و گەنجان، دایکانی ئاشتی، مامۆستایانی ئایینی، خوێندکاران، هونەرمەنەدان رێکخراو و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ، پارت و بەرەی سیاسی لە وڵات و هەر پارچەی کوردستان پێویستە بە بەهێزکردنی بەرەی هاوبەش، دەنگی شۆڕش بەرزتر بکەن.

بۆئەوەی شۆڕشی گەلان بگاتە ئەنجام، پێویستە ژنان بەرەیەکی هاوبەش و یەکگرتوو بخوڵقێنن. بە تێکۆشانی هاوبەشی هەموو بوارەکانی ژیان، خۆیان رێکبخەن. ژنانی رێکخستنکراو، کۆمەڵگەی رێکخستنکراوە. کۆمەڵگەی رێکخستنکراویش نەتەوەی دیموکراتیکە. پەیامی شۆڕش بەم شێوەیەیە.

ف.ق