پەژاک: جەژنی نەورۆز جەژنی هەستانەوەی کۆمەڵگا و نەتەوەی دیموکراتیکە

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە و نەورۆزی ئەمساڵ "نەورۆزی ئاشتی و کۆمەڵگای دیمۆکراتیک"ی لە هەموو گەلی کورد و گەلانی بندەست پێرۆز کرد.

لە ڕاگەیاندراوەکەی پەژاک دا بە بۆنەی جەژنی نەورۆز ئاماژە بەوە کراوە؛

نەورۆز لە مێژووی کۆنی گەلی کوردا بە بۆنەی سەرکەوتن و ئازادییەوە پیرۆزکراوە، ئەمڕۆش جارێکی دیکە بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە ژیانی ئازادی گەلەکەمان دەست پێدەکاتەوە. گەلێک کە تینووی ئازادییە بێگومان ڕۆژ بە ڕۆژ بۆ گەیشتن بە ئازادییەکی یەکجارەکی لە تێکۆشاندایە و بە هاتنەوەی نەورۆز جەژنی بۆ دەگرێت. لە ئێستادا گەلی کورد و بزووتنەوەی ئازادیی گەلی کورد لە قۆناغێکی ڕوو لە ئازادیدایە. یەکێتی و یەکڕیزیی گەلەکەمان لە گۆڕەپانەکاندا، بەتایبەتی لە مەیدانەکانی نەورۆز، جۆش و خرۆشێکی زیاتر بە هەموو ئازادیخوازان دەبەخشێت. ئەو قۆناغەی ڕێبەر ئاپۆ وەک بەدیهێنانی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک" دەستی پێکردووە، قۆناغی سەرهەڵدانی نەتەوەی دیموکراتیکە و تاکە ڕێباز و پرسێکە کە مانای ڕاستەقینە بە نەورۆز دەبەخشێت. ئەمساڵ پێش قۆناغێکی نوێی ژیانی ئازاد پێشوازی لە نەورۆز دەکرێت. شۆڕش بناغەی نەورۆزی پێکهێنا و پیرۆزکردنی لە پێناو گەیشتن بە ئازادی بوو.

 ئەوەی لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا لە ژێر پەردەی جینۆسایدی جەستەیی و کولتووریدا دژی گەلی کورد و گەلانی بندەست ئەنجامدرا، لە سایەی شۆڕشی گەلەکەمان و هێزی گەریلادا ڕووبەڕووی شکست بووەوە. ئەم سەرکەوتن و دەستکەوتە، واتە دەربازبوون لە جینۆسایدی جەستەیی، بۆیە پێویستی بەوەیە بە بەدیهێنانی کۆمەڵگای دیموکراتیک مانادار بکرێت. بۆیە ڕێبەر ئاپۆ ئەمساڵ لەگەڵ نەورۆز قۆناغێکی نوێی دەستپێکردووە. زۆر لایەن و گروپ هەیە هەوڵی تێکدانی ئەم پرۆسەیە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەدەن. بۆیە خاوەنداری گەلەکەمان دەتوانێت جارێکی تر هەموو پلانەکانی نەیاران و هەلپەرستەکان پووچەڵ بکاتەوە. لە نەورۆزی ساڵی ڕابردووەوە گەلی کورد دەستکەوتی زۆری بەدەستهێناوە و بەردەوام هەوڵی پاراستنی داوە. هەروەها گومانی تێدا نییە کە ڕۆحی پێشەنگانەی بزووتنەوەی ئازادیی کورد وەکوو پێشووتر بەردەوام ئەم دەستکەوتانە کە بە ڕەنج و فەداکاری بەدەست هاتووە دەپارێزێت و بە پشت بەستن بە ئیرادە و ڕێبازی تێکۆشانی واتای ڕاستەقینەی نەورۆز ڕادەگەیەنێت.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە ڕەوڵ و پێشەنگایەتی ژنان کراوە و هاتووە؛ بە دڵنیاییەوە ژنان پێشەنگەکانی هاوچەرخی ئەم قۆناغە پڕ لە دەستکەوتەن و ڕێگای ئازادی و دیموکراسی بە هەبوون و ڕەوڵی ژنان بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادیی دەگاتە ئەنجام. ژنان بەساڵانە هەنگاوی ئەرێنی و سەرکەوتوویان لەو بارەوە ناوە و دەستکەوتی زیاتریان بەدەستهێناوە و هیوای ئازادییان بەرز کردووتەوە. مانای نەورۆز و بەهای تێکۆشان بەبێ بوونی ژن ناپارێزرێت و ناگاتە ئازادیی. گەلەکەمان لە سایەی هەبوونی ژنان لە ڕیزەکانی تێکۆشاندا، ئەمڕۆ پێشەنگایەتی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن. بەهاری ژن و نەورۆز، لە سایەی بزووتنەوەی ئازادیی گەلەکەماندا، لە قۆناغی بەدیهێنانی "بەهاری ئازادی"دایە  بە پێکهێنانی "کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک". بێگومان بنیاتنانی نەتەوەی دیموکراتیک بە سایەی تێکۆشانی ژن و گەنجانەوە، بەرژەوەندی هەموو گەلانی بندەستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مسۆگەر دەکات.

نەورۆز بۆ گەلی کورد واتە کۆتاییهێنان بە شەڕ و جەژنی ئازادی و سەرهەڵدانی نەتەوەی دیموکراتیک و کۆمەڵگای ئیکۆلۆژی. بۆ بێگۆمان ئەوەی لە سێ ساڵی ڕابردوودا وەک "بزووتنەوەی شۆڕشی کۆمەڵایەتی" لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵداوە، دەتوانێت بە چارەسەری پرسی کورد بگاتە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە و قازانجی بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە دەبێت. بۆیە چارەسەری پرسی کورد، لە وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەت ئێراندا ئازادیی، ئاشتی و ئارامی بەدوای خۆیدا دێنێت.

پەژاک لە کۆتایی بەیاننامەکەدا دیسان جەژنی نەورۆزی ئازادیی لە ژنان، گەلی کورد و هەموو گەلانی بندەست پیرۆز کرد و بەو بۆنەوە بانگەوازی لە هەموو لایەک کردووە بە جۆش و خرۆشەوە بە یەکێتی و دوورکەوتنەوە لە هەڵوێستی یەک لایەنە و گروپیی کە لەگەڵ ڕۆحی نەورۆزدا دەگونجێت ڕووبکەنە گۆڕەپانەکانی نەورۆز و خاوەنداری لە بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتیانە بۆ پرسی کورد بکەن و بە گۆڕینی نەورۆزی ئەمساڵ بۆ نەورۆزی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بە دروشمی "نەورۆزی بەرخۆدان و ئازادی" جەژنی نەورۆز لە هەموو لایەک پیرۆز کرد و داوا کراوە لە پێناو ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ کە بە مانای چارەسەری پرسی کورد دەبێت تێکۆشان و خاوەنداری گەل لە نەورۆزدا زۆر گرنگە و بەو بەرپرسیارێتیەوە بەشداری کردن لە نەورۆز و جەژنی ئازادی و دیموکراسی بگەیەنە لوتکە.