کۆڵبەرێک کوژرا و کۆڵبەرێکی دیکە بەهۆی وەستانی دڵ گیانی لەدەستدا
لە ناوچە سنووریەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران کوژرا و کۆڵبەرێکی دیکەش بە هۆی وەستانی دڵەوە گیانی لەدەستدا.
لە ناوچە سنووریەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران کوژرا و کۆڵبەرێکی دیکەش بە هۆی وەستانی دڵەوە گیانی لەدەستدا.
بە گوێرەی ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوز رۆژی یەکشەممە لە ناوچەی سنووری هەنگەژاڵی بانە کۆڵبەرێک بە ناوی سۆران عەبدی تەمەن ٢٢ ساڵ بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەت کوژراوە.
هەمان رۆژ لە ناوچەی سنووری نەوسود کۆڵبەرێکی محەمەد بایر محەمەدی تەمەن ٤٨ ساڵ لە کاتی کۆڵبەریدا بەهۆی وەستانی دڵیەوە گیانی لەدەستدا، رۆژی هەینیش کوڕی ئەو کۆڵەبەرە بە ناوی میلاد کە تەمەنی ١٥ ساڵە، لە کاتی کۆڵبەریدا لەو ناوچەیە، بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی بریندارببوو.
پێشتریش بڵاوکرابووەوە کە رۆژی شەممە لە ناوچەی سنووری نەوسود کۆڵبەرێک بە ناوی پەیمان ئەحمەدی تەمەن ٣٥ ساڵ بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەت کوژراوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆڵبەر نیوز ل ساڵی رابردووی کوردی/ هەتاوی (٢٧٢٣/ ١٤٠٢) ٤٤ کۆڵبەر کوژراون و ٤٠٠ کۆڵبەریش برینداربوون، کە زۆرینەیان بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەت پێکراون.
هاوکات بەپێی ئامارێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانیش لە مانگی رەشەمێدا ٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و ٤٧ کۆڵبەر و کاسبکاریش برینداربوون.
هـ . ب