کۆڵبەرێکی دیکە بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران کوژرا

لە ناوچە سنوورییەکانی سەر بە شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران کوژرا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، رۆژی یەکشەممە ١١ی ئاب ژمارەیەک کۆڵبەڕ لە ناوچەی سنووری دووپەزەی سەردەشت بە بێ هۆشداری پێشوەختە و لە مەودایەکی نزیکەوە لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە کراونەتە ئامانجی دەستڕێژی گولـلە.

راشیگەیاندووە، لە ئەنجامی ئەو تەقەکردنەدا کۆڵبەرێک بە ناوی عەلی رەسوڵی، تەمەن ٣٢ ساڵ گیانی لەدەستداوە.

روونیشیکردووەتەوە، ئەو کۆڵبەرە خێزاندارە و باوکی منداڵێکە و خەڵکی گوندی کورانی مەهاباد و دانیشتووی شارۆچکەی نەڵاسی سەردەشت بووە.