کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ( کۆدار ) به بۆنەی شەشەمین ساڵیادی شەهیدبوونی باجوەر و یارانی، شەهیدانی ژینگەی زاگرۆس ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوه، کۆدار وێڕای ڕێز و بەبیرهێنانەوەی یادی ئەو شەهیدانە ئاماژەی بە قەیرانە ژینگەییەکان و هەڵوێستێک کە دەبێت بگیرێتەبەر کرد و وتی: "قەیرانە ژینگەییەکان ئەوەمان بیردەخاتەوە کە پاراستن و ڕزگاریی ژینگە ئەرکێکی مرۆیی، ئەخلاقی، کولتووری و سیاسیە کە نابێت بۆ ساتێکیش فەرامۆش بکرێت. بەم تێگەیشتن و هۆشیارییەوە دەبێت هەتا بتوانین بۆ پاراستنی ژینگە بەشداری تێکۆشان بکەین، چونکە بە تەواوی بەستراوەتەوە بە مەسەلەی پاراستنی مرۆڤ و کۆمەڵگاوە. یادی شەهیدانی ٢٤ی ئاب و ژینگە بەرز و پێرۆز بێت."
دەقی بەیاننامەکەی کۆدار بەناونیشانی "لە ڕێبازی شەهید باجوەر و یارانی زیاتر لە کەمپەین، پێویستمان بە پێشخستنی تێکۆشانی ئیکۆلۆژیکە" بەم شێوەیەیە:
"ئەمڕۆ شەشەمین ساڵڕۆژی گیانبەخت کردنی شەهیدانی ژینگەپارێزی زاگرۆس "شەریف باجوەر و یارانی"ـە، کە لە ٢٤ی ئابی ٢٠١٨ لە مەریوان بە هۆی پیلانگێڕییەکی پلان بۆ داڕێژراوی ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێران شەهید بوون. بەو بۆنەوە کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)" لە شەشەمین ساڵیادی شەهیدبوونی باجوەر و یارانی، بەڕێز و حورمەتەوە یادی ئەوان و سەرجەم شەهیدانی ژینگەپارێزی زاگرۆس بەرز ڕادەگرێت."
"شەریف باجوەر و یارانی" لە ٢٤ی ئابی ٢٠١٨ لە پێناو پاراستنی دارستانە بەڕووەکانی زاگرۆس کە سەرچاوەی ژیان و هەناسەدانن بۆ گەلەکەمان، گیانیان بەخت کرد. کۆمەڵگای دێموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) لە سێیەمین کۆنگرەی ساڵی ٢٠٢٠ی خۆیدا ئەو ڕۆژەی بە حورمەتی ڕەنج و تێکۆشانەکانی باجوەر و یارانیەوە وەک ڕۆژی "ژینگەپارێزی" و "شەهیدانی ژینگە" ناو لێناوە.
ئیکۆسیستمی زاگرۆس دڵی لێدان و ژیانبەخشی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە، بێگومان بوونی گەلەکەمان لەم ژینگە بێهاوتایە توانیویەتی بە درێژایی مێژوو بمێنێتەوە و بە تێکەڵکردنی لەگەڵ سروشتی زاگرۆسدا کولتوورێکی دەوڵەمەندی بە مرۆڤایەتی بەخشیوە ئەمرۆ ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە هەم بوونی زاگرۆس و هەم گەلی کورد و هەم ئەو گەلەی لەم ژینگەیەدا دەژین، بەهۆی تاڵانکاری و دژایەتی لەگەڵ سروشت لەلایەن خاوەنەکانی سەرمایەداری ئێرانەوە لە مەترسیدان. زاڵبوونی سەرکوتگەرانە و قۆرخکاری سەروەت و سامان و دەسەڵات و تەماع و تێر نەخوراوی سیستەمی سەرمایەداری ئێران و مۆدێرنیتەی بەلاڕێدا چووی، بوونەتە هۆی وێرانکردنی کارەساتباری ژینگەیی. لاوازی ئێکۆلۆژیک لە ئێران بە دڵنیاییەوە ئەنجامی کرداری حکوومەتە ناکارامەکانی ئێرانە لە مێژووی هاوچەرخدا کە مرۆڤ و سیستەمی ژینگەییان بەیەکەوە بەرەو لەناوچوون بردووە. ئەم کردارە کەوتووەتە قۆناغێکی زۆر ئاڵۆز و مەترسیدارەوە کە ئەگەر ڕانەگیرێت ژیان بۆ مرۆڤ و ئاژەڵانیش لە ئێران و زاگرۆس لەناو دەبات. بۆیە ئەمڕۆ کۆمەڵگا و ژینگە بەهۆی ململانێی دەسەڵاتدارانەوە کەوتووتە مەترسیەوە، کە بۆ ڕزگاریی لەو دۆخە پێویست بە زانستی ئیکۆلۆژی و تێکۆشانێکی کۆمەلایەتی یەکگرتوو و بەردەوام هەیە.
شەهید شەریف باجوەر و یارانی بە تێگەیشتن لەم لایەنانەی ژیانی مرۆڤ و بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی زاگرۆس دەستیان بەکار کرد و بە ئامانجی ڕێگریکردن لەو پرۆسە دڕندانەیەی کە دژی سیستەمی ژینگەپارێزی زاگرۆس ئەنجام دەدرا، وەکوو ڕۆڵە هۆشیارو بەئاگاکانی کۆمەڵگا و گەلەکەمان تێکۆشانیان کرد. بەڵام لە پیلانگێڕی دامودەزگا ئەمنییەکانی سیستەمی دژە ژینگەی ئێران کرانە ئامانج و شەهید کران، بێگومان ئەوان میراتێکی گەورەیان بۆ نەوەکانی داهاتوو بەجێهێشت. پێویستە نەوەکانی ئەمڕۆ بە پەرۆش و هۆشیاریی زیاترەوە پەرە بە زانستی ژینگە بدەن و بتوانن ڕێگا ڕزگاری کۆمەڵگا و ژینگە بدۆزنەوە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی سەردەم بە هەموو هێز و ئیرادەی نەبەزیویانەوە بنیات بنێن. کردەوە فیداییەکانی باجوەر و یارانی بێگومان هۆشدارییەک بوو لەمەترسی لەناوچوونی ژینگەی زاگرۆس و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. بۆیە هەرچەند ئیکۆسیستمی زاگرۆس لە مەترسیدا بێت، کۆمەڵگای مرۆڤایەتیش ئەوەندە لە ژێر هەڕەشەدایە و تا درەنگ نەبووە دەبێت هەڵمەتە تێکۆشەرانەکانی کۆمەڵگا و توێژەکانی بە جۆش و خرۆشەوە بۆ ئازادی پەرە بستێنن.
"کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان(کۆدار)" وێڕای ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی ٢٤ی ئاب و سەرجەم شەهیدانی ژینگەپارێز، بەتایبەت شەهیدانی پاوە و لوڕستان، داوا لە هەموو گەلەکەمان، کرێکار، چینی هۆشیار و زەحمەتکێش دەکات کە چالاکییە سیستماتیکیە مەدەنییەکان بۆ ڕزگارکردنی ژینگە کە لە مەترسی لەناوچووندایە، بکەنە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە و لەم بوارەوە خەباتی کولتووری پەرەی پێبدرێت. ژینگە بە گشتی ئەمڕۆ، چ لە کوردستان و چ لە جیهاندا، ڕووبەڕووی ئاستێکی مەترسیدار بووەتەوە، بۆیە پێویستی بە تێکۆشانێکی ڕۆژانە و ستراتیژیی گەلان هەیە. قەیرانە ژینگەییەکان ئەوەمان بیردەخەنەوە کە ڕزگارکردنی ژینگە و پاراستنی ئەرکێکی مرۆیی، ئەخلاقی، کولتووری و سیاسییە کە تەنانەت بۆ ساتێکیش نابێ لێ غافڵ بین. بەم هۆشیاری و تێگەیشتنەوە، با بە هەموو توانامانەوە بەشداری لە تێکۆشانی پاراستنی ژینگە بین کە بە تەواوەتی بەستراوەتەوە بە هەبوون و پاراستنی مرۆڤ و کۆمەڵگاوە. دیسان یادی شەهیدان شەریف باجوەر و یارانی و سەرجەم ژینگەپارێزان بەڕێزدارییەوە بەبیر دێنینەوە."