لە شرۆڤە سیاسییەکەی کۆدار کە لە ژێر ناونیشانی "شەقام لە قۆناغی بەرەوپێشبردنی بەرخودان بۆ ژیان و هەڵمەتی نا بۆ لەسێدارەدان، بەرەو قۆناغێکی نوێی تێکۆشان" بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە : " هەم سیستمی فاشیستی ئێران و هەم راپەڕینی شەقام بە گوێرەی تایبەتمەندی ئەم قۆناغە پڕ لە کێشمەکێش و ئاڵۆزە، دەرفەتی زۆریان لەبەردەمدا نییە. سیستم لە هەوڵی سەرکوتی تەواوەتی و شەقامیش بەدوای گواستنەوەیە بۆ هەنگاوێکی جیاوازتر لە راپەڕین.".
لەبەشێکی دیکەی شرۆڤەکەی کۆداردا هاتووە: " راپەڕینی گەلان پێیناوەتە ناو قۆناغێکی بەرخودان لە پێناو ئافراندنی ژیانی ئازادانە. هێدی هێدی دروشمی "بەرخودان ژیانە" لە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" زیاد دەکرێت و هەڵمەتی "نابۆ سێدارە، بەڵێ بۆ دیموکراسی" چییەتی نەبەزینی شەقام دەردەخات. هەربۆیەشە کۆمەڵگا نیازی پاشەکشێی نییە، چونکە مەترسی کۆمەڵکوژی لە لایەن رژێمی لەسەرە".
وێڕای هەڵسەنگاندن بۆ شێوەکانی خۆرێکخستن بەتایبەتی لەسەرهەڵدانی ئێستا و جیاوازییەکانی لەگەڵ سەرهەڵدانەکانی پێشوو، روونیشیکردووەتەوە: " هێڵی سێهەمی کۆدار، لەپێناو ئەوەدا تێدەکۆشێت کە کۆمەڵگا بۆ یەکەم جار ببێتە خاوەنی سیستمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە دەرەوەی بازنەی ستەمکارانەی سیستمی دەسەڵات و هەندێک رەوتی کلاسیکی ئۆپۆزسیۆن".
دەقی شرۆڤەکە بەم جۆرەیە
شەقام لە قۆناغی بەرەوپێشبردنی بەرخودان بۆ ژیان و هەڵمەتی نا بۆ لەسێدارەدان، بەرەو قۆناغێکی نوێی تێکۆشان
شرۆڤەی سیاسیی کۆدار
دۆخی ئێران رۆژ لەدوای رۆژ پڕقەیرانتر دەبێت. نابێت گومان لەوەدا هەبێت کە ئەم وڵاتە و سیستمەکەی لە سەرووی قەیرانەوە، کەوتووەتە ناو قۆناغێکی گیژاو و پشێوییەوە و تایبەتمەندی رۆچوون بۆ ناو گێژاو و پشێوی بەم واتایە دێت کە ماوەکەی درێژخایەن نییە. هم سیستمی فاشیستی ئێران و هەم راپەڕینی شەقام بە گوێرەی تایبەتمەندی ئەم قۆناغە پڕ لە کێشمەکێش و ئاڵۆزە، دەرفەتی زۆریان لەبەردەمدا نییە. سیستم لە هەوڵی سەرکوتی تەواوەتی و شەقامیش بەدوای گواستنەوەیە بۆ هەنگاوێکی جیاوازتر لە راپەڕین. کۆمەڵگا لەبەردەم هەڵبژاردنی شێوازێکی رێکخستنی نوێیە بۆ درێژەپێدان بە خرۆشان لە شەقام ئەوەش بە هێنانەکایەی گۆڕانکاری ریشەیی و دیموکراتیزەکردن لە پێناو بەدەستهێنانی ئازادی دێتەدی. گوتار و بابەتی زاڵ لە مڕۆدا، بەردەوامی شێوازی رێکخستنی تۆڕی- ئاسۆیی یان جیاواز لەوە، رێکخستنی ستوونی لە دژی سیستمی ناوەندگەرای دەسەڵاتە. لەبەر ئەوەی تائیستا کۆمەڵگەی ئێران لە دەرەوەی دەسەڵاتی سەرەڕۆ و دیکتاتۆری دەوڵەت و حکومەت بۆخۆی خاوەنی سیستمی تایبەت بە خۆی نەبووە، ئەمڕۆ لە بەدەستهێنانی ئەو سیستمە پشت ئەستور بە خۆ و دیموکراتیکە رووبەڕووی ئاستەنگ و بەربەستی گەورەبووەتەوە و لە بنەڕەتدا کۆی هەوڵ و پەیجورییەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگا لە شەقامدا، لە دەرەوەی هێزی دیکتاتۆری دەسەڵات، دروستکردنی سەنتزیکی نوێ بە شێوەی بەڕێوەبەری گەلی خودی کۆمەڵگایە. بوونی ئۆپۆزسیۆن و حزبی سەربەخۆ لە ئێران تائێستاش قەدەغەیە و لە دەرەوەی وڵاتەکەش ئۆپۆزسیۆنی ئێران و نەتەوە جیاجیاکان، ژمارەیان زۆرە و بە چەندین تێڕوانین، ئایدۆلۆژیا و رێکاری جیاواز و تەنانەت دژ بەیەک لە ئێستادا پەستانیان خستووەتە سەر توانای هەڵبژاردنی شەقام لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەوەی کە سیستمی ئێستای ئێران گەندەڵ و ستەمکارانەیە و بە هۆی قەیرانی ریشەییەوە رۆچووەتە نا خولی گێژاوەوە، هیچ گومانێک هەڵناگرێت. هەر وڵاتێک بخزێتە قۆناغی گێژاوەوە ناچارە دەست بۆ گۆڕانکاری و وەرچەرخان ببات، بەپێچەوانەوە کۆمەڵگا بەرگەی گوشاری لە سەرووی قەیرانەکانی نییە و تەقینەوە بە شێوەی جیاجیا دێتەئاراوە. رێکاری رژێمی بێچارە و دەستەوەستان بۆ راگرتنی راپەڕین لە رێگەی پەنابردن بۆ سەرکوت و لەسێدارەدان هیچ توانا و کاریگەرییەکی بۆ کۆنتڕۆڵکردن و پێملکردنی هێزی رسکاوی شەقام نییە. هەموان دەبێت دان بەم تایبەتمەندیەی کۆمەڵگا بەهێزدا بنێنن. تایبەتمەندی رژێمی فاشیست لە خوڵقاندنی قەیران بەڕادەیەکە کە کۆمەڵگای ناڕازی ناچار بە گرتنەبەر و هەڵبژاردنی رێڕەو و رێگەی شۆڕش کردووە. چیتر شێوازی دەسەڵاتداری دیکتاتۆرانە بە شێوەی سەدەی بیستەمی لە ئێران مایەی پەسەند کردن نییە. هەرلەبەر ئەوە کۆمەڵگا لە گەڕاندایە بەدوای بژاردەی سێهەم. بۆیە راپەڕینی گەلان پێیناوەتە ناو قۆناغێکی بەرخودان لە پێناو ئافراندنی ژیانی ئازادانە. هێدی هێدی دروشمی "بەرخودان ژیانە" لە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" زیاد دەکرێت و هەڵمەتی "نابۆ سێدارە، بەڵێ بۆ دیموکراسی" چییەتی نەبەزینی شەقام دەردەخات. هەربۆیەشە کۆمەڵگا نیازی پاشەکشێی نییە، چونکە مەترسی کۆمەڵکوژی لە لایەن رژێمی لەسەرە.
راستییەک کە نکۆڵی لێناکرێت ئەوەیە کە کۆدەنگی ئازادیخوازان و دیموکراسیخوازانی جیهان بەدەر لە هەڵوێستی دەوڵەتە هەژمۆنخوازەکان، شوێندانەر بووە و تەنانەت هەندێک رێکخراو و دامەزراوەی جیاجیا ناچار بوون لە رووی یاساییەوە دژی رژێمی ئێران کاردانەوە بنوێنن.
هەم ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی وڵات و هەم شەقام لە ناوخۆ لەبەردەم هەستیارترین هەڵبژاردنەکاندان. بەردەوامی راپەڕین بە رێکخستن و یەکگرتنی لە شەقام لە قۆناغێکی رێکخراوتر دەستەبەر دەبێت، بەڵام شێوازەکانی رێکخستن و چییەتییەکەی بەدیاریکراوی یەکلانەکراوەتەوە. دەبێت ئەم راستیە لەبەر چاوبگریرێت کە سیستمی فاشیست، هەم هێز و هەم رێکخستنی ناوەندگەرایانەی هەیە و رۆچووەتە ناو یەک بە یەکی خانەکانی کۆمەڵگاوە، کەواتە رێکخستنی راپەڕیوان و دۆزینەوەی سیستم و دیسپلین لە دژی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵە یەکجار پێویستە، بەڵام بەهۆی فرەنەتەوەبوون، بوونی چەند چەق و ناوەند رێکخستنی شەقام شێواز و فۆرمێکی تایبەتی بەخۆیەوە گرتووە. تائێرە، تایبەتمەندی تۆڕی و ئاسۆیی راپەڕینەکە وەڵامدەر بووە، بەڵام لەمەودوا دەبێت پاڵپشت بە نەرمەوزەکانی بەردەست لە بەلوچستان، رۆژهەڵاتی کوردستان، خوزستان و ناوەندە سەرەکییەکانی دیکە، سەرلەنوێ رێکبخرێنەوە. ئەم رێکخستنەوەیە ناکرێت پشت بە شێوەی تۆڕی ئێستای سەرهەڵدانەکەی شەقام و نە بە شێوەی ناوەند گەرایانەی بزوتنەوەی سەوز لە ساڵی ١٣٨٨ (٢٠٠٩) ببەستێت. بزوتنەوەی سەوز لە ساڵی ٢٠٠٩ وەک یەک ناوەندی یەکگرتوو بۆ سەرتاسەری ئێران دادەنرا و یەک سەرکردایەتی هەبوو. بەڵام لەمڕۆدا نەدەتوانرێت پشت بە چەق و ناوەندێکی نەریتی ببەسترێت نە پێداگریش بکرێت بە شێوەی تۆڕ-ئاسۆیی ئێستا. لەبەر ئەوەی نوێخوازبوون و فرەرەنگبوونی چییەتی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە، پێویستییەکە.
پشتبەستنی رەها بە شێوازی رێکخستنی ستوونیش بە تەنیا بەس نییە، پێویستە فرەچەشنی توێژەکان و کۆمەڵانی کۆمەڵگا لەگەڵ ناوەندەکانی خۆیان، شەپۆلی سەرەکی سەرتاسەری ئێران بەهێز بکرێت، بەڵام بە ناسنامەی خودی کۆمەڵگا نەک ئۆپۆزسیۆنێکی ناوەندگەرا. شۆڕش بە گشتی لە بێ سیستمی و ناڕێکییەوە بەرەو سیستم و رێکی هەنگاو دەنێت، دواتر گۆڕانکاری دێتە ئاراوە، لەبەر ئەمە رێکخستن و یەکگرتنی شەقام لەسەرتاسەری ئێران لەسەر چەمکی رێکی و سیستم و هاوئاهەنگی و هاسۆزی و تەنانەت لەسەر یەک یان چەند دروشمی ریشەیی دادەنرێت. تاکە رێگەی وشیارانە، خۆبەدورگرتنە لە شێوازەکانی رێکخستن، یەکگرتن و بەڕێوەبردنی نەریتی بە تایبەتمەندییەک کە بەتەواوەتی ناوەندگەرایانە دیکتاتۆرانەیە. لەمڕۆدا لە کۆڕ و کۆبوونە سیاسی و بەرهەڵستکارییەکان و لەسەر شەقام، مشتومڕ و گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی گەیشتنە بە ئامانج و شەقام لە قۆناغێکی پڕ کێشمەکێ و ئاڵۆزدا راهێنان لەسەر خۆرێکخستن دەکات و رژێمیش هەر لەمە دەترسێت. ئەمەش بەو واتایە دێت کە پێویستە " شێوازی بەڕێوەبەردنی پلۆڕاڵ و فرەچەشن" بگیرێتەبەر و تاکە رێکاریش دیموکراتزەکردنی شێوازی بەڕێوەبردنی سەرهەڵدانەکان و کۆمەڵگایە، کە واتایەکی تر جگە لە بوون بە خاوەنی عەقڵیەتێکی ریشەیی سەرهەڵدان بە شێکردنەوەی لە رێگەی چەمکی دیموکراسی، هەڵناگرێت.
لە ئێران چەندین دەیەیە رژێم رێگەی لە خۆرێکخستن و هەبوونی حزب و رێکخراوی سەربەخۆی گرتووە. لەمڕۆشدا شەقام پشتی بە رێکخستنێکی یەکگرتوو و ستوونی سەربەخۆ لە سیستمی دەسەڵات نەبەستووە. ئەم دژیەکیە لەگەڵ بژاردەی سێهەمی گەلان واتە بەڕێوەبردن و رێکخستی ئەیالەتی، یەک ناگرێتەوە. بوونی رێکخستنی ئەیالەتی و ناوچەیی وەک بەلوچستان و رۆژهەڵاتی کوردستان هاوکات لەگەڵ هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرتاسەری ئێران، لەمرۆدا بووەتە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگری شۆڕش. کەواتە پێویست بە جۆرێک لە بەرێوەبەری هاوئاهەنگ و یەکگرتوو پاڵپشت بە ستراتیژی گشتگیر دەکات، بەڵام بە شێوازەکانی پێشوو تەنیا پشتئەستوربوون بە رێکخستنی ستوونی یان رێکخستنی تۆڕی-ئاسۆیی، هەردووکیان بە تەنیا ناتوانن وەڵامدەرەوە بن هەربۆیە پێویست دەکات بەڕێوەبەرییەکی هاوئاهەنگ و یەکگرتوو بەڵام دیموکراتیک کە رەچاوی لایەنە فرەرەنگییەکانی کۆمەڵگا دەکات، شەقام لە دژی ناوەندگەرایی دیکتاتۆرانەی رژێم و هەندێک لە رەوتەکانی ئۆپۆزسیۆنی نەژادپەرست، بەرەوپێشەوە ببات.
هێڵی سێهەمی کۆدار، نە ناوەندگەراییەکی ستوونی رەهایە و نە ئاسۆییەکی دژەیەکگرتووانەیە، بەڵکوو لەسەر بنەمای فرەچەشنی کۆمەڵگا بە شێوەی رێکخستنی دیموکراتیک پشتبەخۆبەستوو دامەزراوە. ئەم مشتومڕەی شەقام لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی سیستمی فاشیستی ئێران و ئۆپۆزسیۆنی کلاسیک بە روونی دەبینرێت و دەەبێت بەرز بنرخێنرێت. چونکە ئەم کۆمەڵگایە بە دوای دۆزینەوە رێگەیە ئازادانە و ئیرادەخوازانەی خۆبەڕێوەبردنە. تائێستا کۆمەڵگا نەبووەتە خاوەنی سیستمی تایبەت بە خۆی، لەسایەی تایبەتمەندییە دژەناوەندگەراییەکانی سەرهەڵدان و بزوتنەوەی شۆڕشگێڕی "ژن، ژیان، ئازادی" ئەم سیستمە لە رێگەی سیستمی تێکۆشانی شەقامەوە دەستەبەر دەبێت، ئەم تایبەتمەندییە لە هەناوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ ئێران بە دەرفەت و شانسێکی گەورە دادەنرێت. هەندێک لە رەوتەکانی ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی وڵات ئەمڕۆ بەدوای سازکردنی هاوپەیمانین، کە خۆیان لە چەق و ناوەندیدا بن و سەرلەنوێ شێوازەکانی بەڕێوەبردنی ناوەندگەرایانە و کلاسیک دەسەپێننەوە. شەقام لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە بەدوای جێگرەوەی خۆیەوە واتە سیستمێکی دیموکراتیک و فرەرەنگی تایبەت بە خۆی بێت و ئەم خواست و ئیرادە و وشیارییەش بەشێوەیەکی بەرچاو لەلای راپەڕیوان بەدیدەکرێت و ئەمەش مایەی خۆشحاڵییە. هێڵی سێهەمی کۆدار، لەپێناو ئەوەدا تێدەکۆشێت کە کۆمەڵگا بۆ یەکەم جار ببێتە خاوەنی سیستمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە دەرەوەی بازنەی ستەمکارانەی سیستمی دەسەڵات و هەندێک رەوتی کلاسیکی ئۆپۆزسیۆن.
پاڵپشت بە پێداویستی کۆمەڵگا، بەردەوامی سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" بە "دروشمی "بەرخودان ژیانە" لە هەڵمەتی "نا بۆ لەسێدارەدان، بەڵێ بۆ دیموکراسی" ئەمڕۆ لەسەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان درێژەی هەیە. پست بەستن بە بەشداری ژنان لە خۆبەڕێوەبەری کۆمەڵگای راپەڕیو و بەرەوپێشبردنی هەڵمەتەکان وەرچەرخانێکی گەورەیە لە سایەی سەرهەڵدانی بەردەوام لە شەقام، دەستەبەر بووە. دانانی کۆمەڵگا لە چەقی گۆڕانکارییەکان و بە بنەماگرتنی لە بەڕێوەبەری، بووەتە شۆڕشێکی کولتوری سەدەی بیست و یەکەم لە ئێران. کۆمەڵگا ئەم دەرفەتە لەکیس خۆی نادات. بەردەوامی تێکۆشان لە شەقام و بە شێوەی کەمپینی کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ، رۆشنبیری، ژنان، گەنجان، داکۆکیکاران لە ژینگە، کرێکاران و دوکاندار و پیشەوران، مامۆستایان، زانایانی ئایینی و توێژە کانی دیکە و رێکخراوە مەدەنییەکان ئەرکێکی ئەخلاقی، سیاسی و مرۆییە ئەم قۆناغەیە. بەردەوامی تێکۆشان بەدەستهێنانی ئازادی راپەڕیوان و کۆمەڵگای چەوساوە و ستەملێکراو دەستەبەر و گەرنتی دەکات.
کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)
هـ . ب