کۆدار: تیرۆر کردنی شەهید رێبین سنە شەرمەزار دەکەین

ناوەندی کۆمیتەی کۆمەڵایەتی کۆدار لەبارەی تیرۆرکردنی بێھروز رەحیمی لە ناوچەى ژاڵەى سلێمانی رایگەیاند، " ئەو کردەوە تیرۆریستیە بە توندی شەرمەزار دەکەین و پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی هەڤاڵ رێبین و گەلی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین"

لە راگەیاندراوەکەى ناوەندی کۆمیتەى کۆمەڵایەتیی کۆداردا هاتووە، " ئەو تیرۆرە لەکاتێکدا ئەنجام دراوە کە ئاڵۆزی و پشێوی بەرۆکی هەرێمی باشووری کوردستان و بە تایبەت پارێزگای سلێمانی گرتوەتەوەو داگیرکەرانی کوردستان ئەو دۆخەیان وەک هەلێک لەپێناو بەرژەوەندیەکانیان قۆستوەتەوەو هەمیشە لەکاتی ئاڵۆزی و دۆخی نالەباری باشووری کوردستان، بۆ ئاژاوە نانەوەو قووڵ کردنی دووبەرەکی نێو ماڵی کوردان، کردەوەی تیرۆریستی یان ئەنجام داوەو تا بە ئەمڕۆ بە سەدان چالاکی مەدەنی و سیاسی قوربانی سیاسەتی ترسنۆکانەی تیرۆری رژێمی داگیرکەری ئێران بوونەتەوە".

راشیگەیاندووە، "جیا لەو کردەوە تیرۆریستیانەی کە لەباشوور ئەنجام دەدرێن، زۆربەی ئەو پەنابەرە رۆژهەڵاتیانەی کە لەبەر زۆڵم و زۆری داگیرکەری رژێمی ئێران پەنابەری باشوور بوون، لەدۆخێکی زۆر و زەحمەتدا ژیان بە سەر دەبەن و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەڵەتی و تەنانەت هەرێمی کوردستان بە هانای ئەو پەنابەرانەوە نەچوون. بۆیە بەردەوام پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەباشوور لەمافە سەرەتاییەکانیان بێ بەش کراون و وەک پەنابەرێک مافی پەنابەرییان پێ نەدراوە و نەپارێزراون و مامەڵەیان لەگەڵ نەکراوە".

ئەوەشی راگەیاندووە، " شەهید رێبین سنە یەک لەو چالاکە مەدەنیانەی رۆژهەڵاتە کە بە ساڵانە لەبەر سیاسەتی سەرکوت و چەوساندنەوەی رژێمی داگیرکەری ئێران لەگەڵ هاوژینەکەی لە باشووری کوردستان ژیانی بە سەر دەبرد. سەرەڕای رەوشی نالەباری ئابووری و دووری لەکەس و کار و زەخت و گوشاری دەزگا ئەمنیەکان و هەڕەشە و گوڕەشەی کاربەدەستانی رژێم وازی لەتێکۆشان لەپێناو ئازادی و دیمۆکراسی نەهێنا و وەک چالاکێکی مەدەنی و سیاسی رۆژهەڵات بەردەوام لەخەمی خزمەت بە گەل و ئازادی کوردستان بوو و لەو پێناوەدا بەردەوام  بە هەوڵ و تەقالای بێ وچان ئەرکی سەرشانی رادەپەڕاند".

دەقی راگەیاندراوەکە

تیرۆر کردنی شەهید رێبین سنە شەرمەزار دەکەین

لەبەرواری ٢٣ی پووشپەڕ لەگەڕەکی ژاڵەی سەر بە شاری سلێمانی چالاکی مەدەنی و وڵاتپارێزی رۆژهەڵاتی کوردستان بێهروز رەحیمی ناسراو بە (رێبین سنە) لەلایەن کەسانی نەناسراوە تیرۆر کراو پەیوەستی کاروانی شەهیدان بوو.

ئەو کردەوە تیرۆریستیە بە توندی شەرمەزار دەکەین و پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی هەڤاڵ رێبین و گەلی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین و هیوای سەبووری بۆ کەس و کارەکەی ئاواتەخوازین.

ئەو تیرۆرە لەکاتێکدا ئەنجام دراوە کە ئاڵۆزی و پشێوی بەرۆکی هەرێمی باشووری کوردستان و بە تایبەت پارێزگای سلێمانی گرتوەتەوەو داگیرکەرانی کوردستان ئەو دۆخەیان وەک هەلێک لەپێناو بەرژەوەندیەکانیان قۆستوەتەوەو هەمیشە لەکاتی ئاڵۆزی و دۆخی نالەباری باشووری کوردستان، بۆ ئاژاوە نانەوەو قووڵ کردنی دووبەرەکی نێو ماڵی کوردان، کردەوەی تیرۆریستی یان ئەنجام داوەو تا بە ئەمڕۆ بە سەدان چالاکی مەدەنی و سیاسی قوربانی سیاسەتی ترسنۆکانەی تیرۆری رژێمی داگیرکەری ئێران بوونەتەوە.

هەر چەند تا ئێستا دەستی پشت ئەو تیرۆرە بۆ رای گشتی ئاشکرا نەبووە، بەڵام بە پێ ئەو کردەوە تیرۆریستیانەی کە لەباشووری کوردستان ئەنجام دراون، راستەوخۆ دەستی رژێمی داگیرکەری ئێران و بە کرێگیراوە کوردەکانی تێدا بەدی کراوەو تا بە ئەمڕۆ ئەو رەوتە درێژەی هەیە. رژێمی داگیرکەری ئێران بەو تیرۆرانە دەیەوێت گەلی کورد چاوترسێن بکات و لەتێکۆشانی ئازادی دووریان بخات و گەل پەلکێشی ناو رژێمی جاشایەتی و کۆیلەداری خۆی بکات.

جیا لەو کردەوە تیرۆریستیانەی کە لەباشوور ئەنجام دەدرێن، زۆربەی ئەو پەنابەرە رۆژهەڵاتیانەی کە لەبەر زۆڵم و زۆری داگیرکەری رژێمی ئێران پەنابەری باشوور بوون، لەدۆخێکی زۆر و زەحمەتدا ژیان بە سەر دەبەن و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەڵەتی و تەنانەت هەرێمی کوردستان بە هانای ئەو پەنابەرانەوە نەچوون. بۆیە بەردەوام پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەباشوور لەمافە سەرەتاییەکانیان بێ بەش کراون و وەک پەنابەرێک مافی پەنابەرییان پێ نەدراوە و نەپارێزراون و مامەڵەیان لەگەڵ نەکراوە. لەبەرامبەر بێ بەرپرسیاری و خەمساردی بەرپرسانی باشوور و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی هەرێمی و نێودەوڵەتی، پەنابەرانی رۆژهەڵات بەردەوام چالاکی ناڕەزایەتی و تەنانەت چالاکی ئاگربەردان لەجەستەی خۆیان ئەنجام داوە. ئەو دۆخەش نیگەرانی لەلای رای گشتی درووست دەکات کە باشووری کوردستان بە جێگای ئەوەی ببێتە پشتوانەی تێکۆشان بۆ پارچەکانی کوردستان، بووەتە ناوەندی تیرۆری چالاکانی سیاسی و مەدەنی پارچەکانی دیکەی کوردستان.

سەرەڕای رەوشی نالەباری ئاسایشی، ئابووری و کۆمەڵایەتی پەنابەرانی رۆژهەڵات لەباشوور، چەکدارەکانی سەر بە رژێمی داگیرکەری ئێران چالاکانی سیاسی و مەدەنی یان تیرۆر کردووەو بەرپرسانی باشوور و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دەزگا ئەمنیەکان لەبەرامبەر ئەو زنجیرە تیرۆرانە بێ دەنگ و مات ماون.

شەهید رێبین سنە یەک لەو چالاکە مەدەنیانەی رۆژهەڵاتە کە بە ساڵانە لەبەر سیاسەتی سەرکوت و چەوساندنەوەی رژێمی داگیرکەری ئێران لەگەڵ هاوژینەکەی لە باشووری کوردستان ژیانی بە سەر دەبرد. سەرەڕای رەوشی نالەباری ئابووری و دووری لەکەس و کار و زەخت و گوشاری دەزگا ئەمنیەکان و هەڕەشە و گوڕەشەی کاربەدەستانی رژێم وازی لەتێکۆشان لەپێناو ئازادی و دیمۆکراسی نەهێنا و وەک چالاکێکی مەدەنی و سیاسی رۆژهەڵات بەردەوام لەخەمی خزمەت بە گەل و ئازادی کوردستان بوو و لەو پێناوەدا بەردەوام  بە هەوڵ و تەقالای بێ وچان ئەرکی سەرشانی رادەپەڕاند.

بۆیە داوا لەدەزگا ئەمنیەکانی هەرێمی باشووری کوردستان و بە تایبەت پارێزگای سلێمانی دەکەین کە بە زووترین کات لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو تیرۆرە بکەن و روونکردنەوەی لەسەر بدەن و تاوانبارانی ئەو تاوانە رادەستی یاسا بکەن. هاوکات سەرجەم رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەپێناو پاراستنی مافی ژیان و ئازادی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرپرسیاری ئەخلاقی و ویژدانییان بە جێ بهێنن. هەروەها گەلەکەمان دەبێ خاوەندارێتی لە رۆڵە تێکۆشەر و خەباتگێڕەکانی بکات و بۆ کۆتایی هێنان بە تیرۆر و تۆقاندن تێکۆشانی رەوا و دیمۆکراتیکیان چڕتر و بەهێزتر بکەن و بەڕەنگاری شەڕی تایبەتی رژێمی داگیرکەری ئێران ببنەوە.

ژ.ت