خاڵه‌كانی پشكنین بوونه‌ گۆڕه‌پانی ئه‌شكه‌نجه‌

له‌ جۆله‌مێرگ، وان، به‌دلیس و ئاگری له‌ خاڵه‌كانی پشكنینی سه‌ربازان و پۆلیسی هاتووچۆ گه‌ڕان و پشكنینی زیادی كردووه‌.

له‌ نێوان جۆله‌مێرگ، وان، به‌دلیس و ئاگریدا له‌ خاڵه‌كانی پشكنینی بنكه‌كانی جه‌ندرمه‌ ٢٤ كاتژمێر گه‌ڕان و پشكنین ئه‌نجام ده‌درێت. سه‌ربازه‌كان ئۆتۆمبێله‌كان ده‌وه‌ستێنن و كه‌لوپه‌له‌كانیان ده‌خه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌، یه‌ك یه‌ك ده‌یانپشكنن، ناسنامه‌ی رێبواران و شۆفێران كۆنتڕۆڵ ده‌كه‌ن. ئه‌و پشكنینه‌ وه‌ك ئه‌شكه‌نجه‌ وایه‌. 
له‌ خاڵه‌كانی پشكنینی ده‌پین، یه‌نیكۆپرو، به‌بله‌شین و ئالبایراك له‌ نێوان جۆله‌مێرگ و وان، خاڵی پشكنینی باڵابان له‌ نێوان وان و به‌دلیس، خاڵی پشكنینی بوزلوپنار له‌ نێوان به‌دلیس و سێرت و زۆر خاڵی پشكنینی دیكه‌ی نێوان وان و ئاگری، كرده‌وه‌كان كه‌متر نین له‌وانه‌ی ساڵانی ١٩٩٠ و دۆخی نائاسایی له‌ ئارادایه‌. 
جیا له‌ خاڵی پشكنینی نێوان شاره‌كان، هه‌روه‌ها له‌ ناو شاره‌كان و گه‌ڕه‌كه‌كانیش سه‌رباز و پۆلیس خاڵی پشكنین داده‌نێن. مرۆڤه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی بچنه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌یان ناچار ده‌كرێن هه‌موو رۆژ بپشكنرێن. 
دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ ناڕه‌زایه‌تیان به‌رامبه‌ر به‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی بووه‌ به‌ رۆژانه‌ نیشان دا.
فاتمه‌ یه‌لماز باسی له‌وه‌كرد، كه‌ چاودێری و پشكنین له‌ گه‌ڕه‌كی چه‌له‌بیباغی ناوچه‌ی ئه‌ردیش گۆڕدراوه‌ بۆ ئه‌شكه‌نجه‌ و وتی، "خاڵی پشكنین له‌ ناو گه‌ڕه‌كدا چی ده‌كات. له‌و گه‌ڕه‌كه‌ به‌رده‌وام پشكنین ده‌كرێت، به‌ تایبه‌تی دژی ژنان. من خۆم بینی كه‌ له‌و خاڵه‌ پشكنینانه‌ چه‌ندین كه‌س ده‌ستگیر كران. ئه‌و مرۆڤانه‌ له‌ خۆوه‌ له‌وێ ده‌مێننه‌وه‌. ناچێته‌ ئه‌قڵه‌وه‌ كه‌ هه‌موو رۆژێك هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌ رابگیرێن و بپشكێنرێن. تاكه‌ ئامانجی خاڵی پشكنین بێزاركردنی خه‌ڵكه‌".
هـ . ب