خزمانی بێسەروشوێنکراوان داوای بەشداریکردنیان لە چالاکی ٧٠٠هەمین هەفتەدا کرد

کەسوکار و خزمانی بێسەروشوێنکراوەکانن ڕایانگەیاند، لە پارکی کۆشۆیولو لە ناوچەی ڕەزان-ی ئامەد چالاکیی ٧٠٠هەمین هەفتەی  خۆیان ئەنجام دەدەن و داوایان لە هەمووان کرد بەشداری لەو چالاکییەدا بکەن.

لقی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە ئامەد و کەسوکاری بێسەروشوێنکراوەکان لە پارکی کۆشۆیولو لە شەممە ٩ی تەمووزی ٢٠٢٢ و هاوکات لەگەڵ ٧٠٠هەمین هەفتەی چالاکییەکانیاندا چالاکییەکی گەورە رێکدەخەن. لقی ئامەدی کۆمەڵەى مافی مرۆڤ بە بۆنەى ٧٠٠هەمین هەفتەى چالاکییەکانیانەوە ڤیدیۆیەکی بڵاو کردەوە و تیایدا کەسوکاری بێسەروشوێنکراوەکان داوای بەشداریکردنی هەموان لە ٧٠٠هەمین هەفتەى چالاکییەکانیاندا دەکەن.

ئاینور ئایشین یەکێک لە خزمان و کەسوکاری بێسەروشوێنکراوەکان لە سەرەتای ڤیدیوەکەدا وتی: "لە ئیستانبولەوە تا کۆشۆیولو، ماوەی ٧٠٠ هەفتەیە لێرە چالاکیی دانیشتن ئەنجام دەدەین. ئێمە واز لەدۆسیەی بێسەروشوێنکراوانمان ناهێنین. دەبێت ئەوانەى بێسەروشوێنکردنەکەیان ئەنجامداوە شوێنی بێسەروشوێنکراوەکانمان پێ بڵێن".

ڕەمزی بایرام یەکێک دیکە لە خزمان و کەسوکاری بێسەروشوێنەکان، داوای لە دەوڵەت کرد، کە گوێیان لێ بگرێت و وتی: "دەمانەوێت ئێسک وپروسکی ڕۆڵەکانمان ببینین. با دەستیان بخەنە سەر ویژدانیان. ئێمە نەک ٧٠٠ هەفتە، بەڵکو هەزار هەفتەش تێپەڕێت لێرە دەبین و بەردەام دەبین".

لە ڤیدیۆکەدا عفەت موتاش-یش یەکێکی تر لە خزمان و کەسوکاری بێسەروشوێنەکان ڕایگەیاند، ماوەی ٧٠٠ هەفتەیە چالاکی دەکەن و وتی: "دەمانەوێت ئەنجامدەران و بێسەروشوێنکەرانی رۆڵەکانمان بدۆزرێنەوە. ئێمە بە دوای ڕۆڵەکانماندا دەگەڕێین. هەتاکو ئێمە زیندوو بین ئێمە بە دوای ڕۆڵەکانماندا دەگەڕێین. دەمانەوێت ئێسک و پروسکی ڕۆڵەکانمان ببینین".

لە دوایدا فەریدە گیوندەم وتی: "تاوانی براکەم چی بوو؟ بەبێ هیچ تاوانێک لەماڵەوە گرتیان و بردیان. ئێمە ئێستا بە دوای ئێسک و پروسکی ئەودا دەگەڕێین. براکەمم بیرە. چی دەبێت با ببێت ئێمە لە ٧٠٠هەمین هەفتەی چالاکییەکانماندا لێرە دەبین".

هەروەها کەسوکاری بێسەروشوێنەکان داوایان لە هەموو لایەنکان کرد بەشداری لە چالاکیی ٧٠٠هەمین هەفتەی چالاکیەکەیاندا بکەن.

ژ.ت