کەجەدە و دەبەپە سەردانی پەدەکە – ت، یان کرد

شاندێکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە) و پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) وەک بەشێک لە کارەکانی هاوپەیمانی کورد سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستان – تورکیا (پەدەکە - ت)- یان کرد.

هاوسەرۆکی کەجەدە بەردان ئۆزتورک و هاوسەرۆکی دەبەپە ساڵیحە ئایدەنیز سەرۆکایەتیی شاندەکەیان کرد، هەروەها پەرلەمانتاری هەدەپەی ئامەد ئیمام تاشچەر، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری ناوەندی دەبەپە محەمەد شیرین تونچ-یش بەشداربوانی شاندەکە بوون.

شاندەکە لەلایەن محەمەد ئەمین کارداش سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان – تورکیا (پەدەکە - ت) و ئەندامانی تری ئەو پارتەوە  پێشوازییان لێکرا.

محەمەد ئەمین کارداش خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانە دەربڕی و ڕایگەیاند، بۆ هاوپەیمانیی کورد و هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کۆبوونەتەوە.

کارداش تیشکی خستە سەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و ڕایگەیاند، پێویستە گەلی کورد یەکبگرن بۆ ئەوەی سیاسەتی "پشتێنەی عەرەب" تێکبشکێنرێت.

ساڵیحە ئایدەنیز هاوسەرۆکی دەبەپەش ڕایگەیاند، ئەوان لە قۆناغ و پرۆسەیەکی گرنگدان و وتی: "بە ناوی کەجەدە و دەبەپەوە دەستمان بە کارکردن کردووە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانیی دیموکراتیک لە کوردستان، ئێمە دەزانین ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنی تێکشکاندنی فاشیزمە. بۆ ئەم مەبەستەش هاوپەیمانیی کورد گرنگە. هەوڵەکانمان بۆ هاوپەیمانییەکەمان بەردەوامە، کۆبووینەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکەین، کە لەم هەڵبژاردنەدا چی بکەین بۆ ئەوە لەگەڵ یەکتر کۆبووینەتەوە. ئێمە دەزانین، تاکە رێگا بۆ وەستانەوە لە دژی فاشیزم و تێکشکاندنی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا، یەکڕیزییە. ئێمە بۆ ئەمە تێدەکۆشین".

ژ.ت