کەجەکە: بەرخودانی گەلی وان شۆڕشێکە!

کەجەکە دەستنیشانی کرد کە بەرخودانی گەلی وان شۆڕشێکە و رایگەیاند، "گەلی وان بە شێوەی نوێی سەرهەڵدان کە بە تەواوەتی بە وشیاری، ئیرادە و دینامیکی سیاسی خۆیەوە بەرەوپێشی برد، لە تێکۆشانی ئازادیی کوردستاندا دەستیان بە قۆناغێکی نوێ کردووە".

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە سەبارەت بە هەوڵدانی زەوتکردنی ئیرادەی وان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

کەجەکە رایگەیاند، "دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە کە شکستی خۆی قەبوڵ نەکرد، هەوڵیدا ئیرادەی گەلی وان زەوت بکات. ئەو هەوڵە لە ئەنجامی بەرخوداندا ئاستەنگ کراوە و پوچەڵکراوەتەوە. ئەو بەرخودان و سەرکەوتنە مێژووییەی لە وان گەیشتە ئاکام، بەرەنجامی یەکگرتن و ەنجی هەموو گەلانی تورکیا بوو. سڵاو لەو بەرخودانە گەورە، واتادار و مێژووییەی گەلان دەکەین و پیرۆزی دەکەین. لە زۆر ناوچەی تورکیا بە تایبەتی لە شارەکانی کوردان بۆ پشتیوانی گەلی وان چالاکی ئەنجامدران و لە دژی زەوتکردنی ئیرادە لە لایەن دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە هەموو گەلانی تورکیا و هێزە دیموکراسیەکان هەڵوێستێکی زۆر واتادار نیشاندرا. ئەو هەڵوێستە واتادارەی گەلان و هێزە دیموکراسیەکان لە دژی زەوتکردنی ئیرادە، گەلانی لە یەکتر نزیک کردەوە، هەستی ژیانی هاوبەش و بواری تێکۆشانی بەهێز کردووە. سەرکەوتنەکەی وان سەرکەوتنی راستەقینەی دیموکراسیە. لە دژی هەوڵەکانی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە بۆ بە دامەزراوەییکردنی فاشیزم، ئەو هەڵوێستە دیموکراتیکەی لەلایەن گەلانەوە نیشاندرا، رێگەی لەبەردەم دیموکراتیکبوونی تورکیا کردەوە؛ نیشانیدا کە بە بەرخودان و تێکۆشانی هاوبەشی گەلان لە دژی فاشیزم، تاڵان و دزی دەتوانرێت ئەنجام بەدەستبهێنرێت. لەم واتایەدا بەرەوپێشچوونێکی یەکجار مێژوویی و واتادارە".

لە وان تەواوی تورکیا رزگارکرا

لە راگەیەندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە، "بە شێوەیەکی ئاشکرا ئەوە خرایەڕوو کە سیاسەتی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە لە سەر بنەمای دوژمنایەتی بەرامبەر بە کوردان بە چ شێوەیەک تورکیا گیرۆدەی قەیران کردووە و بەرەو کارەساتی بردووە" و بەم جۆرە درێژەی پێداوە، "دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە نەک هەر ستەم لە گەلی کورد دەکات، لە هەمان کاتدا خراپەکاری بەرامبەر تەواوی تورکیا و گەلانی تورکیا دەکات. رەنج، ماندووبوون، سەرچاوەکان و بەهاکانی تورکیا تاڵان دەکات، کۆمەڵگا بە گوشاری فاشیستی دەچەوسێنێتەوە و بەرەو برسێتی و هەزارییان دەبات. داواکارییەکانی کۆمەڵگا بۆ ئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری، ژیانێکی مافدار و شکۆدار بە تەواوەتی سەرکوت دەکات و هەوڵ دەدات لە تورکیا رژێمێکی کۆلۆنیالیستی فاشیستی رەها دابمەزرێنێت. بە شێوەیەکی ئاشکرا هەموو رۆژێک هەڕەشە لە کوردان دەکات، کۆمەڵگا پارچەپارچە دەکات، هەوڵ دەدات هەموو کەس بکاتە دوژمنی کوردان و گەلان بکاتە دوژمنی یەک و بەگژ یەکیاندا بکات. بەرامبەر بچوکترین داواکاری دیموکراتیکیش دان بە خۆیدا ناگرێت، لە ژێر ناوی بەرەنگاربوونەوەی کورداندا تورکیای لە دیموکراسی و ئازادی داماڵیوە و داهاتووی تورکیا دەدزێت. گەلی کورد، گەلی تورک و گەلانی دیکەی تورکیا رووبەڕووی گوشار، کۆلۆنیالیزمی ئەو ئەقڵیەتە نەژادپەرست، فاشیست، دواکەوتوو، دز و تاڵانکارە بوونەوە. تێکۆشانی گەلان لە دژی ئەم ستەم، تاڵانکارییەدا لە بنەڕەتدا هاوبەشە. گەلی کورد لە دژی نکۆڵی، نەژادپەرستی و فاشیزم تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی دەکات. چارەسەری پرسی خۆی لە دیموکراتیکبوونی تورکیادا دەبینێتەوە و لەو پێناوەدا تێدەکۆشێت. دیموکراتیکبوونی تورکیا تەنیا داوای گەلی کورد نییە، داوایەکی هاوبەشی هەموو گەلانی تورکیایە. ئەوە بە بەهێزی لە وان بە کرداری بوو، ئیرادەی تەواوی تورکیا رزگاربوو. ئەوەی بەرخودانەکەی وان گەورە و واتادار دەکات ئەو تایبەتمەندیەیەتی. ئەوە بەرەوپێشچوونێکی زۆر گرنگ و مایەی دڵخۆشییە".

لێکدانەوەکانی فاشیزم سەرینەگرت، بەرخودانی گەلان لێکدانەوەکانی ئەوانی تێکدا

لە راگەیەندراوەکەی هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکەدا ئەم خاڵانە خراونەتەڕوو؛

"هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی ٣١ی ئادار لە تورکیا دۆخێکی نوێی هێنایە ئاراوە. گوشار و فرت و فێڵ ئەنجامی نەگرت و فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە تێکشکا. ئەوانەی سەرکەوتن گەل و هێزە دیموکراتیکەکانن. دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە نەیتوانی ئەو شکستە مێژووییە قەبوڵ بکات، بە پیلانگێڕیی نوێ هەوڵیدا ئیرادەی گەلان زەوت بکات. هەم لە کوردستان و هەمیش لە زۆر ناوچەی تورکیا پەنای بۆ فرت و فێڵ و پیلانگێری برد. بەڵام گەلان هەم لە تورکیا و هەمیش لە کوردستان لە دژی ئەو پیلانگێڕیانەی ئاکەپە-مەهەپە هەڵوێستی روونیان نیشاندا. ئەو هەڵوێستانەی لە رۆژهەڵاتی تورکیا و کوردستان هاتنەئاراوە زۆر گرنگن، هەموویان بە ئامانجی مسۆگەرکردنی دیموکراسین. بەرخودان و هەڵوێستەکەی وانیش بەو ئامانجەوە ئەنجامدرا و بە سەرکەوتنەکە ئەو بەرخودانانەی لە سەرتاسەری تورکیا لە دژی پیلانگێڕییەکان پێشخرابوون، بەهێزترکران. دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە پلانی دانابوو کە ئیرادەی گەلی وان زەوت بکات و لە هەموو کوردستان و تورکیا دەست بەسەر ئیرادەی گەلدا بگرێت. ئەگەر لەوان سەربکەوتایە، هەنگاو بە هەنگاو لە کوردستان و تورکیا جێبەجێی دەکرد. بەڵام ئەو لێکدانەوەی فاشیزم سەری نەگرت و یەکگرتن و بەرخودانی گەلان ئەو لێکدانەوەی پوچەڵ کردەوە.

گەلی وان بە شێوازی نوێی سەرهەڵدان قۆناغێکی نوێی دەستپێکرد

بێگومان گەلی وان لە ناوەندی بەرخودانەکەدا جێگەی گرت. گەلی وان بەرخودانێکی بێهاوتای گرتەبەر و گورزی گەورەی لە فاشیزم وەشاند. بەرخودانی گەلی وان کە لە ٢ی نیساندا دەستیپێکرد و لە ٣ی نیساندا بەسەرکەوتن گەیشتە ئەنجام، شۆڕشێکە. گەلی وان، بە شێوەی نوێی سەرهەڵدان کە بە تەواوەتی بە وشیاری، ئیرادە و دینامیکی سیاسی خۆی پێشخرا، لە تێکۆشانی ئازادیی کوردستاندا دەستی بە قۆناغێکی نوێ کردووە. پیرۆزبایی و سڵاو ئاراستەی ئەو بەرخودان و شۆڕشە بێ هاوتایەی گەلی وان دەکەین و رێزی خۆمانیان پێشکەش دەکەین. هاوکات وێڕای گەلی وان سڵاو و پیرۆزبایی ئاراستەی هەموو گەلی کورد دەکەین، کە لە هەموو شارەکانی کوردستان بۆ پشتیوانی لە گەلی وان بەرخودانیان کرد. هەروەها بە تایبەتی پیرۆزبایی لە ژنان و گەنجان دەکەین کە پێشەنگایەتی بەرخودانیان کرد.

پێویستە باشتر راوەستە لەسەر ئەو سەرکەوتنە بکرێت کە لە ٣ی نیساندا بەدەستهێنرا. ئەو قۆناغەی ئێمە پێیدا تێپەڕ دەبین، ئەوە دەخوازێت کە هێزە دیموکراتیکەکان زیاتر یەکێتی خۆیان بەرەوپێش ببەن. ئەوە گرنگترین ئەنجامە کە لە سەرکەوتنەکەی ٣ی نیسان بەدەستبهێندرێت. لەبەر ئەوەی ئەو سەرکەوتنە لە دژی فاشیزم ئەنجامی تێکۆشانی هاوبەش و یەکگرتووانەبوو. تێکشکاندنی تەواوەتی ئەقڵیەتی فاشیستی نەژادپەرست، دواکەوتوو، دز، تاڵانکار و بەرەوپێشبردنی دیموکراتیکردنی تورکیا تەنیا بە زیاتر بەهێزکردنی تێکۆشانی هاوبەش و یەکڕیزیی دەتوانێت بێتەدی. لە وان رێگەی ئەوە کرایەوە و یەکەم هەنگاوەکانی نران. ئەوەی دەبێت ئەنجام بدرێت، گەورەکردنی ئەوەیە. بەو هیوا و بڕوایەوە، ئێمە داوا لە گەلان و هێزە دیموکراتیکەکان دەکەین کە یەکێتی خۆیان بەهێز بکەن".

هـ . ب