کەجەکە شەهیدانی مەهاباد و قزڵ دەرەی بیرهێنایەوە

کەجەکە بە ڕاگەیاندراوێکی نوسراو، قازی محەمەد، سەدری قازی وسەیفی قازی کە ٣١ ی ئادار لە مەهاباد و ماهیر چایان و هاوڕێیانی کە ٣٠ ی ئادار لە قزڵ دەرە کوژران، بیرهێنایەوە.

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە بە ڕاگەیاندراوێکی نوسراو ماهیر چایان و هاوڕێیانی کە ٣٠ ی ئاداری ١٩٧٢ لە قزڵ دەرە و قازی محەمەد و سەدری قازی و سەیفی قازی کە ٣١ ی ئاداری ١٩٤٧ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەدران، بیرهێنایەوە.

کەجەکە ڕایگەیاند، کۆماری مەهاباد لە تێکۆشانی ئازادی سەدەی گەلی کورد پێگەیەکی گرنگی هەیە و دەڵێت: "قازی محەمەد و هەڤاڵەکانی وەک قارەمان و فیداکار و ڕۆڵەی هێژای گەلی کورد چوونەتە مێژووەوە. گەلی کورد هەرگیز فیداکاری و تێکۆشان و بەرخۆدانیان لەبیر ناکات".

هەروەها کەجەکە شەهیدانی قزڵ دەرەی بیرهێنایەوە و دەڵێت: "شۆڕشگێڕانی مەزن، ماهیر چایان و هەڤاڵەکانی کە باوەڕیان بە یەکسانی و ئازادی و خوشک و برایەتی لە مافدا و تێکۆشانی هاوبەش هەبووە و لەم پێناوەدا تێکۆشان، بە ڕێز و سوپاسەوە بیردەهێنینەوە".

 لە ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە: 

"یەک لە پێشەنگە نەتەوەییەکانی کورد، وڵاتپارێزی مەزنی کورد و دامەزرێنەری کۆماری مەهاباد قازی محەمەد و هەڤاڵەکانی سەدری قازی و سەیفی قازی لە ٣١ ی ئاداری ١٩٤٧ لە گۆڕەپانی چوارچرا لەلایەن ڕژێمی شای فاشیستەوە لەسێدارەدران. لە ساڵیادی شەهیدکردنیاندا، بە ڕێز و سوپاسەوە یادیان دەکەینەوە. لە کەسێتی ئەواندا، هەموو شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی بیردەهێنینەوە و بەڵێنی خۆمان بۆ شەهیدان دووپات دەکەینەوە".

کۆماری مەهاباد لە تێکۆشانی ئازادیدا پێگەیەکی گرنگی هەیە

قازی محەمەد و هەڤاڵەکانی بە دڵسۆزییەکی مەزنەوە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان خەبات و تێکۆشانیان کرد. بە دامەزراندنی کۆماری مەهاباد، لە ڕزگاریی گەلی کورددا، هەنگاوێکی مێژووییان هاویشت.  دەوڵەتان، بەتایبەت بەریتانیا و سۆڤییەت کە بێجگە لە بەرژەوەندیی خۆیان، هیچ بەهایەک ڕەچاو ناکەن، لەگەڵ ڕژێمی شای فاشیست ڕێککەوتن، پاشان دەوڵەتی ئێران هێرشی کردە سەر کۆماری مەهاباد کە تازە دامەزرابوو، لە ئەنجامدا قازی محەمەد و هەڤاڵە تێکۆشەرەکانی لە گۆڕەپانی چوارچرا لەسێدارەدران. تێکۆشانی قازی محەمەد و هەڤاڵەکانی و ئەو خیانەتەی لێیان کرا، بەڕوونی دەریدەخات کە هێزە مۆدێرنیستە سەرمایەدارەکان چۆن دەڕواننە کوردان، چۆن لەپێناو بەرژەوەندییەکانیان خیانەت لە کورد دەکەن. بەم نزیکایەتییەیان دەرهەق بە کۆماری مەهاباد، دەرکەوت بەرپرسیاری ڕاستەقینەی پرسی کورد و چارەسەرنەبوونی ئەم پرسە، هێزەکانی مۆدێرینیتەی سەرمایەدارین و ئەم نزیکایەتییە ئەمڕۆش بەردەوامە.

کۆماری مەهاباد هەرچەند لە ئەنجامی خیانەت و هێرشی دەوڵەتان و هێزەکانی دوژمنی گەل و ئازادییەوە ڕووخێنرا، بەڵام زیاد لە سەدەیەکە لە تێکۆشانی ئازادی گەلی کورددا پێگەیەکی گرنگی هەیە. قازی محەمەد و هەڤاڵەکانیشی وەک شێخ سەعید و سەید ڕەزا، دەستبەرداری هەڵوێستی ئازادیی خۆیان نەبوون و سەپاندنی ڕادەستبوونیان بە دوژمن ڕەتکردەوە. ئەم هەڵوێستانە لە هزری گەلی کورددا جێگەیەکی گرنگیان هەیە و لە پێشکەوتنی هێڵی بەرخۆدانی کوردستاندا ڕەنجێکی زۆریان دا. قازی محەمەد و هەڤاڵەکانی وەک قارەمان و فیداکار و ڕۆڵەی هێژای گەلی کورد چوونە نێو مێژووەوە. گەلی کوردستان هەرگیز فیداکاری و تێکۆشان و بەرخۆدانیان لەبیر ناکات. هەڵبەت تێکۆشان و خەباتی ئەو پێشەنگە مێژووییانە لە پێشکەوتنی نەتەوەی دیموکراتیک و دەسکەوتەکانی ئەمڕۆ گەلی کورددا، ڕۆڵێکی مەزنی هەیە.

شەهیدانی قزڵ دەرە یادکرانەوە

دەوڵەتی داگیرکەری تورک وەک هێزێکی ڕەنجخۆر و قڕکەر لە ٣٠ ی ئاداری ١٩٧٢، لە قزڵ دەرە بە کوشتنی ماهیر چایان و هەڤاڵەکانی کۆمەڵکوژییەکی مەزنی دیکەی ئەنجامدا. بەتوندی ئەم کۆمەڵکوژییە شەرمەزار دەکەین، شۆڕشگێڕانی مەزن ماهیر چایان و هەڤاڵەکانی کە باوەڕیان بە یەکسانی و ئازادی و خوشک و برایەتی لە مافدا و تێکۆشانی هاوبەش هەبووە و لەم پێناوەدا تێکۆشان، بە ڕێز و سوپاسەوە بیردەهێنینەوە. دەوڵەتی تورک، دەوڵەتێکی قڕکەر و دژە کورد و کۆڵۆنیاڵیستە کە لەلایەن هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دامەزراوە. بە ئەرکی جێبەجێکردنی قڕکردنی کوردان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری هەڵدەستێت. نزیکایەتییەکەی بەرامبەر کورد و شۆڕشگێڕان و سۆسیالیست و هێزە ئازادیخوازە دیموکراتیکەکان، لە چوارچێوەی ئەم ئەرکەدایە. ئەو کۆمەڵکوژییەی لە قزڵ دەرە ئەنجامیدا، پەیوەستە بەم ئەرکەوە. ماهیر و دەنیز و ئیبراهیمەکان بۆ دەرهێنانی تورکیا لەم ڕەوشە، بۆ دانانی بناغەیەکی یەکسان و ئازاد و چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد، تێدەکۆشان. بەڕوونی هەبوونی گەلی کورد و پێویستی ئەم گەلە بۆ دیاریکردنی ئازادانەی ئیرادەی نەتەوەیی خۆی، دەردەبڕی و بەرگریان لێ دەکرد. ڕێبەر ئاپۆ نزیکایەتی ئەوانی بەباشی نرخاند و شۆڕشی ئازادی کوردستانی وەک درێژەدان بە تێکۆشانی ئەوان بینی و پێناسە کرد. ئێمە لەمە تێدەگەین و وەها لێی نزیک دەبینەوە، باوەڕمان وایە بە پێشخستنی ئەم نزیکایەتییە دەگەینە ئامانجی یەکسانی و ئازادی و دیموکراسی. بەم بۆنەیەوە جارێکی دیکە بانگەواز لە گەلان و ژنان و هەمووان دەکەین کە بەدوای ئازادی و دیموکراسیدا دەگەڕێن، زیاتر لەیەک کۆببنەوە، پەیوەندی و هاوپەیمانیی خۆیان فراوانتر بکەن و لەسەر ئەم بناغەیە تێکۆشان مەزنتر بکەن".