کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدان: پێویستە ئاسایش بکوژانی هەڤاڵ شوکری ئاشکرا بکات

لە شاری سلێمانی دووەمین هەفتەی چالاکی، لە شوێنی شەهیدکرنی یاسین بولوت ناسراو بە هەڤاڵ شوکری، لە لایەن کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکەوە، لە باشووری کوردستان بەڕێوەچوو.

 لە ١٧ی سێپتەمبەر کاتژمێر ٧ی بەرەبەیان یاسین بولوت تەمەن ٦٥ ساڵ ناسراو بە هەڤاڵ شوکری سەرحەد، لە گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و شەهیدکرا.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان بۆ دووەم جار، لە شوێنی شەهیدکرنی هەڤاڵ شوکری کۆبوونەوە و لە بەیاننامەیەکدا، داوایان کرد، بکووژان ڕادەستی دادگا بکرێن.

کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوور لە بەیاننامەکەیاندا ڕایانگەیاند: بەردەوام دەبین لە چالاکیەکانمان، هەموو ڕۆژانی هەینی کاتژمێر ٩ی بەیانی، لە شوێنی شەهیدکردنی هەڤاڵ شوکری، هەتا بکوژانی  بۆ هەموو لایەک ئاشکرا دەکرێن، ئێمە دەزانین بکوژانی شەهید شوکری بەرەو هەولێر هەڵهاتون.

ئەوەشیان وت: بەڵگەی تەواو لە بەردەست هێزە ئەمنیەکان هەیە بۆ ئەوەی بکووژان ئاشکرا بکرێن بۆ ڕای گشتی، بەڵام ئێمە گومان دەکەین بە ئاشکرا نەکردنی دۆسێکە، بەڵگەکان چەواشە بکرێن.

لە دوای چالاکیەکەی ئەمڕۆ، ئامادەبوان گوڵی سوریان لە شوێنی شەهیدکردن و خوێن ڕژانی هەڤاڵ شوکری دانا، بە وتنەوەی درووشمەکانی شەهید نامرێ، بمرێ خیانەت، کۆتایان بە چالاکی ئەم هەفتەیە هێنا.

ف.ق