کۆمیتەی ئازادیی بۆ ئۆجالان: داوادەکەین دەرگای ئیمرالی بشکێندرێت

لە نەورۆزی قەندیلدا پەیامی کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان خوێندرایەوە، کە تیایدا داواکرابوو هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری و هەروەها مسۆگەر کردنی ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چڕبکرێنەوە.

کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان، لە ئاهەنگی پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز لە بناری قەندیل، پەیامێکی پێشکەشکرد.

پەیامەکە، لەلایەن حەکیم عەبدولکەریم، ئەندامی کۆمیتەکە خوێندرایەوە و تێیدا هاتبوو: "نەورۆز بۆ کوردستان ڕۆژی بەرخۆدانە لەبەرامبەر زاڵم و زۆردار، ڕۆژی ژیانەوەی سرووشت و هەستی نەتەوایەتییە، ڕۆژی خاوەندارێتییە لە مێژووی پڕ شکۆی گەلەکەمان، نەورۆز هەمیشە جەوهەری یەکێتی و پێکەوەیی گەل و بزاوتی ئازادییخوازی گەلانی ناوچەکەیە، کڵپە و تینی ئاگری نەورۆز چۆش و خرۆش دەداتە گەلەکەمان و هەر بەو جۆشەوە جێگەی لەنێو تێکۆشانی ئازادیی و دیموکراسییدا گرتووە، نەورۆز پیرۆز و بەبەهایە بۆ کوردان چونکە ڕێگەی ئازادیی بۆ ڕووناکی کردووینەتەوە.

لە درێژەی پەیامەکەشدا ئاماژەیان بەوەداوە، پێویستە دوژمنان باش لەو ڕاستییە تێبگەن، کە ئەم گەلە بێخاوەن نییە، لەڕۆژگاری ئەمڕۆماندا لە ئاستی هەرە باڵادا خاوەن گەنجینەیەکی مەزنی فکری و ئایدۆلۆژییە، خاوەن سوپای هەرە بە دیسپلین و فیدایی پاراستنی ڕەوایە، خاوەن ئیرادەی بە ملیۆنان خەڵکی ئازادییخواز و ئاشتییخوازە، خاوەن بەرجەستەی دیموکراسیی و پێکەوەژیانی ئازادانەی گەلانن.

هەروەها بانگەوازی لە گەلی خۆمان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرا، کە دەرگای ئیمرالی تێکبشکێندرێت و سزای دیسپلین و سەپاندنی زیندانی زۆرەملێ ڕەتبکرێتەوە، هەر بۆیە ئازادیی جەستەیی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بەهای گرنگ و مێژووی بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی و ئاشتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ئەبێت".

هـ . ب