کۆنگرەی ستار: پێویستە بە زوترین کات ئەندامانی ڕژاک ئازاد بکرێن
كۆردیناسیۆنی كۆنگرەی ستار، سەلامەتی ژیانی سێ ئەندامەكەی ڕژاك ، دەخاتە ئەستۆی پەدەكە و داوای بەپەلە ئازادكردنیان دەكات.
كۆردیناسیۆنی كۆنگرەی ستار، سەلامەتی ژیانی سێ ئەندامەكەی ڕژاك ، دەخاتە ئەستۆی پەدەكە و داوای بەپەلە ئازادكردنیان دەكات.
كۆردیناسۆنی كۆنگرەی ستار، بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە لەبارەی گرتنی سێ ئەندامەكەی ڕژاك لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی پەدەكەوە لە هەولێر لە دوای گەڕانەوەیان لە شەنگال.
لەسەرەتای بەیاننامەكەی كۆنگرەی ستاردا هاتووە: پەدەكە بە هەموو هۆشیارییەكییەوە لە پشت ئەو جۆرە سیاسەتانەوەیە كە خزمەت بە یەكێتیی كوردان ناگەیەنێت.
هەر لە بەیاننامەكەیدا، كۆنگرەی ستار، ڕەخنەی لە بێدەنگیی كۆمەڵی نێودەوڵەتی گرتووە لەبەرامبەر بێدەنگبوونی لە هێرشە داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك بۆ سەر باشووری كوردستان كە تێیدا تەنانەن یاسا نێودەوڵەتییەكانیش پێشێل دەكات.
ئاماژەی بەوەیش كردووە: سیاسەتەكانی پەدەكە و دوژمنایەتیی بەرامبەر خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا، یارمەتیدەرێكی هێرشەكانی توركیان و هەوڵێكە بۆ لاوازكردنی یەكێتیی نەتەوایەتی. لەكاتێكدا سێ مانگ لەمەوبەر دوو ئەندامی پەیەدە و نوێنەری خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا لە هەولێر لەلایەن ئاسایشی پەدەكەوە دەستگیر كران و دوای هەوڵێكی زۆر، دوو ئەندامەكەی پەیەدە ئازاد كران و هێشتا نوێنەرەكەی خۆبەڕێوەبەری، لە زیندانە.
كۆنگرەی ستار، جەختیشی لەوە كردووەتەوە، سیاسەتەكانی پەدەكە، خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی دوژمن دەكەن بەرەو شەڕی كورد و كورد و لەو كاتەیشدا و بەم دواییانە، سێ ئەندامی ڕژاكی بە ناوەكانی (خەولە محەمەد حسێن، جوانا عەبدولحەقی و سیرانا ئەحمەد حەسەن) دەستگیر كردن كاتێك لە شەنگالەوە و دوای بەشدارییان لە یادی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان، گەڕابوونەوە هەولێر و تائێستایش هیچ لەبارەی چارەنووسیانەوە نازانرێت.
كۆنگرەی ستار لە كۆتاییدا، ژیانی سێ ئەندامەكەی ڕژاك، دەخاتە ئەستۆی پەدەكە و داوای بەپەلە ئازادكردنیان دەكات، لەكاتێكدا بەبێ تاوان دەستگیر كراون و تەنها مافە سیاسییەكانی خۆیانیان پیادە كردووە.
ف.ق