کەنەکە بە بۆنەی جەژنی ئێزیەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە: کاتی پاراستن و ئاوەدانکردنی شەنگالە
دەستەی بەڕێوەبەری کەنەکە جەژنی ئێزدی پیرۆز کرد و بۆ پاراستن و بنیاتنانەوەی شەنگال داوای خاوەنداریکردن کرد.
دەستەی بەڕێوەبەری کەنەکە جەژنی ئێزدی پیرۆز کرد و بۆ پاراستن و بنیاتنانەوەی شەنگال داوای خاوەنداریکردن کرد.
دەستەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەی جەژنی ئێزیەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە کە بەم شێوەیەیە:
"جەژن بنیاتنانەوە و خاوەنداریکردنە:
ئەمڕۆ جەژنە، جەژنی ئێزیە و جەژنی بنیاتنانەوەیە. جەژنی ئێزی لە کۆمەڵگەی ئێزدی، لە گەلانی کوردستان و هەموو مرۆڤایەتی پیرۆز بێت. هەروەها هیوادارین ئەم جەژنە ببێتە ژۆی ئاشتی و ئازادی و یەکترقبوڵکردنی ئایینەکان و گەلان. جەژن لەنێو هەموو ئایینەکاندا خاوەن پێگەیەکی گرنگە. جەژنی ئێزیش خاوەن مێژوویەکی دێرینە. کاتێک سەیری مێژوو و ناوەرۆکی جەژنەکان دەکەین، ژیانی نوێ و پیرۆزیەکان دەبینین. ئێمە جەژنی ئێزی وەک نەریتێکی خاوەنداریکردن و کەلتوری وڵاتمان دەبینین. پیرۆز ئەم جەژنە لەم رۆژەدا، لە هەموو کاتێک، بۆ ئایین و کەلتوری ئێزدی واتادارترە. لەبەرئەوەی ئەم کەلتورە دێرینە لەژێر هەڕەشە و مەترسی گەورەدا بووە. گرنگە کۆمەڵگەی کوردی ئێزدی و بە تایبەتی ئێزدیانی دەرەوەی وڵات، ئایین و کەلتوری خۆیان بپارێزن و خاوەنداری لێبکەن.
'دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانی دەیانەوێت ناسنامەی شەنگال بگۆڕن'
شەش ساڵ لەمەوبەر بە بەرخۆدانیەکی گەورە، شەنگال لە دەستی داعش رزگارکرا. بەڵام بەداخەوە هێرشەکان لەسەر شەنگال بەردەوام بوون و پەنابەرانی شەنگال بە تەواوی نەگەڕانەوە سەر خاک و زێدی خۆیان و شەنگال وەک پێویست ئاوەدان نەکرایەوە. داعش لە شەنگال دەرکرا. بەڵام لە ئێستادا دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانی شەنگالیان کردووەتە ئامانج. کاری داعش کە لە نیوەدا بەجێی هێشت، دەیانەوێت تەواوی بکەن و ناسنامەی شەنگالی کوردی و ئێزدی بگۆڕن."
'کاتی ئاوەدانکردن و پاراستنی شەنگالە'
پێویستە دۆخی شەنگال بە شێوەیەکی تایبەت و هەستیار ببینرێت. پاراستن و ئاوەدانکردنی شەنگال ئەرکی هەموو هێزەکانی کوردستانە. پێویستە خەڵکی شەنگال بگەڕێتەوە سەر خاکەکەی. ئێستا کاتی گەڕانەوەیە بۆ وڵات، کاتی پاراستن و ئاوەدانکردنی شەنگالە. پێویستە ناسنامەی ئێزدی لە شەنگال بپارێزرێت، پێویستە گەلی ئێزدیمان، بە شێوەیەکی سەربەخۆ بژی و خۆیان بەڕێوە ببەن.
لەسەر ئەم بناغەیە ئێمە وەک کەنەکە بانگ لە هەموو گەلانی کوردستان، کۆمەڵگەی ئێزدی و دۆستانی گەلەکەمان دەکەین، پێکەوە شەنگال بپارێزین و ئاوەدانی بکەینەوە و هاوکاری گەلەکەمان بدەین کە بگەڕێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان. بەم ئۆمێدەوە، جارێکی دیکە، جەژنی ئێزی لە کۆمەڵگەی ئێزدی و هەموو مرۆڤایەتی پیرۆز دەکەین."
ف.ق