کەنەکە بۆ یەکێتی: کێشەکانتان خەڵکی کوردستان و دۆستانی دۆزی گەلەکەمان نیگەران و نەیارانیش دڵخۆش دەکات

هاوسەرۆکانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لەبارەی کێشەکانی یەکێتییەوە رایانگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، ئەو کێشانە خەڵکی کوردستان و دۆستانی دۆزی گەلەکەمانی نیگەران کردووە و نەیارانیش دڵخۆش دەکات.

هاوسەرۆکانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (پەکەکە) لەبارەی کێشەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە راگەیاندراوێکیان بڵاوکرەوە و رایانگەیاند، " سەرباری نیگەرانیی قوڵمان، داواتان لێ دەکەین بە ئارامی و پشوودرێژی و ژیریەوە مامەڵە لە گەڵ ئەم دۆخە نەخوازراوه بکەن، کە خەڵکی کوردستان و دۆستانی دۆزی گەلەکەمانی نیگەران و نەیارانیش دڵخۆش دەکات".

راشیانگەیاندووە، "ئەگەر کێشەکان قووڵتر ببنەوە و چارەسەری ریشەیی نەکرێن، یەکێتیی نیشتمانی لاواز دەکات. ئەمەش پارسەنگیی هێز لە هەرێمی کوردستان و عێراق لاسەنگ دەکات. زەرەرمەندی یەکەمیش یەکێتیی نیشتمانی خۆی و خەڵکی هەرێم و تەواوی کوردستان دەبن".

دەقی راگەیاندراوەکەى هاوسەرۆکانی کەنەکە

بەڕێز / هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان

سڵاوی خەبات و تێکۆشان

وەک ئاشکرایه کوردستان و ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیار و ناروون و پڕ مەترسیدار هەنگاو دەنێت. لە لایەکەوە هێزه هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لە ناوچەکەدا خەریکی داڕشتنەوەی سیاسەت و ستراتیژی دوورمەودان، لە لایەکی تریشەوە دەوڵەتانی داگیرکەر وەک هەمیشه خەریکی پیلانگێڕین بۆ لە ناوبردن و بێکاریگەرکردنی کوردستان و دەسکەوتەکانی. یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەم نێوەدا وەک هێزێکی نیشتمانیی خەڵکی کوردستان، لە هەر شوێنێک بێت، لەم قۆناغەدا چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت بە ئەرکە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی هەستێت کە لە پێناویدا درووست بووه. رووبەڕووی ئاستەنگەکانی بارودۆخەکە ببێتەوە. لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستاندا، هاندەر و دەسپێشخەریی یەکێتی ناوخۆیی کوردستان و یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان بێت.

بەڵام بە داخەوه چەند رۆژێکه دەبیستین، کە هەندێک کێشە و ناکۆکی لە نێوخوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا سەریهەڵداوه.

سەرباری نیگەرانیی قوڵمان، داواتان لێ دەکەین بە ئارامی و پشوودرێژی و ژیریەوە مامەڵە لە گەڵ ئەم دۆخە نەخوازراوه بکەن، کە خەڵکی کوردستان و دۆستانی دۆزی گەلەکەمانی نیگەران و نەیارانیش دڵخۆش دەکات. داواکارین بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بگەن بە چارەسەری کێشەکان. ئەگەر کێشەکان قووڵتر ببنەوە و چارەسەری ریشەیی نەکرێن، یەکێتیی نیشتمانی لاواز دەکات. ئەمەش پارسەنگیی هێز لە هەرێمی کوردستان و عێراق لاسەنگ دەکات. زەرەرمەندی یەکەمیش یەکێتیی نیشتمانی خۆی و خەڵکی هەرێم و تەواوی کوردستان دەبن.

بۆ هەر ئەرکێکیش بکەوێتە ئەستوی ئێمە بۆ چارەسەری و لە پێناو سەرکەوتن لە ئەرکەکانتاندا، ئامادەین.

سڵاو و ڕێز

زەینەب مۆراد / ئەحمەد قەرەموس

هاوسەرۆکانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان

١٠ / ٧ / ٢٠٢٠١ برۆکسل

ژ.ت